ئادابەکانی قورئان خوێندن

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-22-14:50:00 - کۆدی بابەت: 5993
ئادابەکانی قورئان خوێندن

ناوه‌ڕۆك

ئادابەکانی قورئان خوێندن چییە؟

کاتێک کە مرۆڤی باوەڕدار قورئانی پیرۆز دەخوێنێت, پێویستە ڕەچاوی ئەم ئادابانەی خوارەوە بکات, ئەوانیش:-

نیەت پاکی و  دڵسۆزی: کە ئەمەش وەک هەمیشە سەرەکیترین مەبەستە لە خوێندنی قورئان هەروەک چۆن سەرەکیترین شتە لە هەموو کاروبارەکانی تریشدا, مەبەست لە نیەت پاکیش ئەوەیە کە مرۆڤی باوەڕدار کاتێک کە قورئان دەخوێنێت مەبەستی ڕازیبوونی خودای گەورە بێت لێی و چاوەڕێی پاداشت بێت بە تەنیا لە زاتی پیرۆزی الله, بەڵام گەر مرۆڤی باوەڕدار نیەتی ئەوە بوو کە خەڵک باسی بکەن و پێیدا هەڵبدەن ئەوا ئەو کەسە نیەتی پاک نەبووە و دڵسۆز نەبووە بۆ خودای گەورە, بەم شێوەش ئەمە دەبێتە ڕووپامایی, خودای گەورەش هەر کارێک بە تەنیا لەبەر ڕازی بوونی زاتی پیرۆزی نەبێت قەبوڵی ناکات, لەبەر ئەوە پێویستە ئاگاداری نیەتمان بین.

پاکوخاوێنی: ئەمەش یەکێکی ترە لە ئادابەکانی خوێندنی قورئان, کە وا باشترە مرۆڤی باوەڕدار پاپەند بێت پێیەوە, ئەوەش بەوە دەبێت کە لە پاک بێت لە هەردوو حەدەسی گەورە و بچووک, ئەگەر بە بێ پاکوخاوێنی واتە دەستنوێژ قورئان بخوێنێت ئەوە کارێکی مەکروهی کردووە, واتە لە موستەحەب دەردەچێت، هەروەها پێویستە ئەو شوێنەش پاک بێت کە قورئانی تێدا دەخوێنیت, هەر بۆیە مزگەوت لای زانایان زۆر خۆشەویست بووە کە قورئانی تێدا بخوێنن لەبەر ئەوەی مزگەوت پاکترین شوێنە, ئەگەر یەکێکیش سوار بێت یا بەڕێوە قورئان بخوێنێت ئەوە دروستە.

ڕووکردنە قیبلە: باش وایە کاتێک مرۆڤ قورئانی خوێند ڕووبکاتە قیبلە, بۆ ئەوەی خشوع و ئارامی لە خوێندنەوەکەدا زیاتر بەدی بکرێت, هەروەها دروستە بە دانیشتن و پاڵکەوتن و بە پێوە و بە هەموو شێوازەکان قورئان بخوێنرێت وە پاداشتەکەی بۆ دەنوسرێت, هەرچەند وەک ئاماژەی پێدرا باش وایە ڕووی لە قیبلە بێت.

ئاگابوون لەوەی کە بە تەجوید و دەنگێکی خۆشەوە قورئان بخوێنرێت: چونکە ئەمە نزیکترە بۆ خشوع لە قورئان خوێندندا, دەرچەی پیتەکان و سیفەتەکانیان و ئەحکامەکان بە جوانی جێبەجێ بکەیت, وە باش وایە کاتێک ئایەتێکت خوێندەوە باسی ڕەحمەتی خودای دەکرد داوای ڕەحمەتی لێبکەیت, یا کاتێک ئایەتەکانی عەزاب و سزا و دۆزەخت خوێندەوە پەنا بگریت بە خودای گەورە لێیان.

خوێندنەوەی قورئان بە دەنگێکی مامناوەند: بە شیوەیەک زۆر بەرز نەبێت دەنگی تا ئەوەی لە کەسێکی تری تێک بدات.

بە وزەوە قورئان بخوێنە: کاتێک کە هەستت بە ماندووی و بێتاقەتی کرد ئەوە دەست لە قورئان خویندن هەڵبگرە بۆ ئەوەی بە هەڵە قورئانەکە نەخوێنیتەوە و لێت تێک نەچێت.

هەوڵدان بۆ لەبەرکردنی قورئان لە دڵ و دەرووندا: ئەمەش یەکێکە لە کارە موستەحەبەکان کە پاداشتی لەسەر وەردەگریت.

لە کاتی قورئان خوێندندا پێویستە تەنها سەرقاڵی قورئانەکە بیت: هیچ شتێک دونیایی سەرقاڵت نەکات لە خوێندنەوەی قورئان, هەر کاتێکیش کە یەکێک بانگی کرد دەوەستێت تا ئایەتەکە کۆتایی دێت, پاشان وەڵامی هاوڕێکەی دەداتەوە, پاشان ئیستیعازە دەکات و دەست دەکاتەوە بە خوێندنەوەی قورئان.

سوپاسی خودای گەورە بکات: کاتێک کە پژمی لە کاتی خوێندنی قورئاندا.

خوێندنەوەی سورەتەکانی قورئانی پیرۆز بەپێی ڕیزبەندی مصحف.

کاریگەربوون و چالاک بوون لەگەڵ ئایەتە پیرۆزەکان و کارلێک کردن لەگەڵیان: بۆ نموونە کاتێک کە ئەم ئایەت پیرۆزە دەخوێنێتەوە: (فَبِأَيِّ آلَاءِ رَبِّكُمَا تُكَذِّبَانِ), بڵێت خودایە هیچ یەکێک لە بەڵگەکانت بە درۆ ناخەینەوە, بەم شێوەش زیاتر چێژ لە قورئان خوێندنەکەی دەبینێت, هەروەها باش وایە هەندێک جار بوەستێت و سەیر بکات کە لە کوێی ئەو ئایەتە پیرۆزەیە کە خودای گەورە باسی کردووە, گەر وەک ئەوەبوو کە ئایەتە پیرۆزەکە باسی کردبوو ئەوە سوپاسی خودای گەورە بکات, ئەگەر واش نەبوو ئەوا داوای لێخۆشبوون لە خودای گەورە بکات.

ئیستیعازە کردن: لەکاتی دەست پێکردن بە قورئان خوێندن ئیستیعازە بکات, واتە بڵێت: أعوذ بالله من الشیطان الرجیم, ئەوەش بە بەڵگەی ئەوەی کە خودای گەورە دەفەرموێت: (فَإِذا قَرَأتَ القُرآنَ فَاستَعِذ بِاللَّـهِ مِنَ الشَّيطانِ الرَّجيمِ)(النحل: 98).

وەستان لەو شوێنانەدا کە پێویستیان بە تێڕامان و بیر لێکردنەوەیە: زۆر دوبارە کردنەوەی و تێگەیشتن لە واتاکەی.

خوێندنەوەی قورئان بە دەنگێکی ڕەوان و جوان: کە ئەمەش یەکێکە لەو ئاکارە جوانانەی کە خۆشەویستە لە کاتی خوێندنی قورئاندا.

سیواک کردن لە کاتی خوێندنی قورئاندا: سیواک کردن موستەحەبە لە زۆر کاروباردا, لەوانەش کاتی خوێندنی قورئان, هەروەها , پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: -: (عليكم بالسواكِ فإنه مطيبةٌ للفمِ ومرضاةٌ للربِّ)( واه الإمام أحمد، في مسند أحمد، عن عبد الله بن عمر) واتە: ئامۆژگاریتان دەکەم کە سیواک بکەن و بەکاری بهێنن, چونکە بەڕاستی سیواک دەم پاک و خاوێن دەکاتەوە و خودای گەورەش ڕازی دەکات و لێت ڕازی دەبێت.

گریان لە ترسی خودای گەورە لە کاتی قورئان خوێندندا: هەر بۆیە گریان موستەحەبە لە کاتی قورئان خوێندندا, لەبەر ئەوەی نیشانەی حازربوونی دڵە.

ڕێزگرتن لە قورئان: ڕێزگرتن لە قورئان و وازهێنان لە هەر شتێک کە پەیوەندی بە قورئانەوە نیە لە کاتی قورئان خوێندندا.

ئارامبوون: ئەو کەسەی کە قورئان خوێندن لەسەری قورسە و فێری دەبێت وا باشترە کە زۆر ئارام بێت, وە دڵنیا بێت وەک پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: دوو پاداشت وەردەگرێت ئەو کەسە, پاداشتی قورئان خوێندنەکە و پاداشتی ماندبوونەکەی کە ماندوو دەبێت بە فێربوونیەوە.

سوجدە بردن: لەکاتی گەیشتن بەو ئایەتانەی کە سوجدی تێدایە, کە ئەمەش موستەحەبە وەک زۆربەی زانایان دەفەرموون.

واباشترە قورئان لە مصحف ـدا بخوێنرێت: کە ئەوە نزیکترە بۆ خشوع, هەروەها موستەحەبە کە قورئان بە لەبەر بخوێنرێت، بەڵام گەر یەکێک بە ئامێرە ئەلیکرتۆنیەکانەوە قورئان بخوێنێت, ئەوە کێشەی نابێت, والله أعلم.

قۆستنەوەی ئەو کاتانەی کە گونجاون بۆ قورئان خوێندن: وەک بەیانیان و شەوان, کە مێشک پاک و ساف بێت تێیدا.

هەست کردن بە گەورەیی قورئان: هەست کردن بەوەی کە قورئان وتەی بەرز و بەڕێزی  خودای گەورە بۆ سەر بەندەکانی.


سەرچاوەکان



2446 بینین