خوێنبەربوونی لووت 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-25-21:26:00 - کۆدی بابەت: 6041
خوێنبەربوونی لووت 

ناوه‌ڕۆك

خوێنبەربوونی لووت چییە؟

خوێنبەربوونی لووت یان لووت پژان ڕەنگە هەندێک جار ترسێنەر دیاربێت، بەڵام بە دەگمەن بەهۆی کێشەیەکی تەندروستییەوە ڕوودەدات، چونکە لووت لوولەی خوێنی زۆری تێدایە، کە لە بەشی سەرەوەی پێشەوە و دواوەی لووتدا هەن، ئەوانیش لوولەی خوێنی لاواز و تەنکن و ئاسانن بۆ تێکشکان، خوێنبەربوونی لووت بەربڵاو لە پێگەیشتووان و منداڵاندا لە تەمەنی نێوان ٣ بۆ ١٠ ساڵی، دوو جۆر خوێنبەربوونی لووت هەیە بە پێی هۆکارەکانی خوێنبەربوونەکە، جۆرێکیان خوێنبەربوونی بەشی پێشەوەی لووتە، گەر خوێنبەرەکانت نزیک بەشی پێشەوەی لووت تێکبشکێن، هەروەها دەکرێت قوڵ بێت، ئەمیش ڕوودەدات کاتێک خوێنبەرەکانی بەشی دواوەی لووت تێکدەشکێن، کە لە حاڵەتی دووەمدا خوێن دەچێتە ناو گەرووەوە، وە زۆرجار ڕوودانی خوێنبەربوونی ناوەوەی لووت هاوکاتی ڕوودانی نەخۆشی مەترسیدارترە بە بەراورد بە خوێنبەربوونی بەشی پێشەوەی لووت. 

هۆکارەکانی خوێنبەربوونی لووت

هۆکارەکانی خوێنبەربوونی لووت جۆراوجۆرن و خۆیان دەبیننەوە لە نێوان هۆکاری سادە و هۆکاری مەترسیدار، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هۆکارەکەی حاڵەتی تەندروستی کەم مەترسین، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە خوێنبەربوونی بەشی پێشەوەی لووت، هەروەها خوێنبەربوونی بەشی پێشەوەی لووت بەربڵاوترە لە خوێنبەربوونی بەشی دواوەی لووت، لە هۆکارەکانی خوێنبەربوونیش: 

  • ڕووشانی لوولە خوێنەکانی لووت کە ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ پژمە و هەڵامەت و هەستیاری و کێشەکانی گیرفانەکانی لووت. 
  • کەشوهەوای سارد یان هەوای سارد و وشک. 
  • پاککردنەوەی لووت بە دەستەکان بە خراپی یان دەکرکردنی دەردراوەکانی لەڕێگەی هەناسەدانەوەی توند لە لووتەوە. 
  • بەرکەوتنێکی توند بە بەشی خوارەوەی لووت وەکوو شکانی لووت یان ئەو تەنە نامۆیانەی لە لووتدا گیردەبن بە تایبەتی لە منداڵاندا. 
  • برینەکانی گیرفانەکانی لووت. 
  • لەجێچوونی کۆڵەکەی لووت. 
  • هەندێک ماددەی کیمیایی کە دەبنە هۆی ڕووشانی لووت وەکوو هەندێک دەرمان و ماددەی هۆشبەر کە لە لووتەوە هەڵدەمژرێن. 
  • یادەڕەوی لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی لووت دەکەنەوە. 
  • چارەسەری ئۆکسجینی لە ڕێگەی لووتە کەلێنەکانەوە. 

وێڕای ئەمانە خوێنبەربوونی بەردەوامی لووت ڕەنگە نیشانەی نەخۆشی تر بێت، لە هۆکارەکانی خوێنبەربوونی بەردەوامی لووت بریتین لە: زیادبوونی فشاری خوێنبەرەکان، کێشەکانی مەیینی خوێن، لووی ناو لووت و گیرفانەکانی لووت، هەروەها شلکەرەوەکانی خوێنی وەکوو وارفارین و کلۆپیدۆگریل و ئەسپرین ببنە هۆی خوێنبەربوونی لووت لە هەندێک کاتدا یان دەکرێت خوێنبەربوونی لووت خراپتر بکەن. 


ڕێکارە سەرەتاییەکان لەکاتی خوێنبەربوونی لووت

زۆرجار خوێنبەربوونی لووت مەترسیدار نین بەتایبەتیش لای منداڵان، هەروەها دەکرێت لە خۆوە باشببێتەوە، بەڵام هەندێک ڕێکاری سەرەتایی هەیە کە دەکرێت خوێنبەربوون کەم بکاتەوە و خێراتر بیوەستێنێتەوە، لەو ڕێکارانەش: 

  • ڕەفتارکردن بە ئارامی: دەکرێت شڵەژان خوێنبەربوونەکە زیاد بکات و ئەویش لە ڕێگەی زیادکردنی پەستانی خوێن و زیادکردنی بڕ و هێزی لێدانەکانی دڵ
  • پاڵنەکەوتن: پێویستە سەر بەرز بهێڵرێتەوە لە سەرووی ئاستی دڵ، ئەویش بە دانیشتن و پاڵنەکەوتن دەبێت. 
  • کەمێک چەمینەوە بۆ پێشەوە: ئەمەش ڕێگرە لە گەڕانەوەی خوێنی لێ ڕۆیشتوو بۆ ناو قوڕگ و قوتدانەوەی. 
  • پەستان خستنە سەر کونە لووتەکان: ئەویش بە بەکارهێنانی پەنجەگەورە و پەنجەی دۆشاومژە بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە ٥ بۆ ١٠ خولەک، لەگەڵ هێشتنەوەی هەناسەدان لە ڕێگەی دەمەوە، کە ئەمە پەستان دەخاتە سەر جێی خوێنبەربوونەکە و یارمەتیدەرە لە وەستاندنی خوێنبەربوونەکە. 


سەرچاوەکان



2243 بینین