بورجی پیزا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-11-21:31:00 - کۆدی بابەت: 6257
بورجی پیزا

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی بورجی پیزا

پیزا پارێزگایەکی ئیتاڵیایە و دەکەوێتە (هەرێمی توسکانا)ـوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٤٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢١ هەزار و ٦٤٢ کەسە، گەورەترین فڕۆکەخانەی تێدایە بەناوی فڕۆکەخانەی گالیلۆ، سێ زانکۆی تێدایە، پیزا شارێکی مێژووییە و زۆری پاڵەوانەکانی مێژوو خەڵکی ئەم شارەن لە نموونەی وەک گالیلۆ گالیلی (ئەستێرەناس و فیزیازان و داهێنەری تەلیسکۆب) و لیۆناردۆ داڤێنشی (وێنەکێشی مەزنی مێژوو) لێرە لەدایکبوون، پیزا یاخود ناسراویشە بە بورجە لارەکەی پیزا دەکەوێتە هەمان شارەوە، لە جیهاندا بە لارییەکەی ناسراوە کە نزیکەی ٤ پلە لارە، کە ئەمەش لە ئەنجامی ناجێگیری ئەندازەیی بورجەکەوە بووە، دەکەوێتە پشتەوەی کڵێسای پیزاوە کە یەکێکە لە کڵێسایەکانی شوێنکەوتووانی مەسیحیەتی کاسۆلیکی ڕۆمانی.

بەرزی بورجەکە ٥٥.٨٦ مەتر دەبێت لە لایە داچووەکەوە، وە ٥٦.٦٧ مەتر دەبێت لە لایەکەی ترەوە، ئەستووری دیوارەکانی بناغەکەی ٢.٤٤ مەترە، بارستاییەکەی ١٤ هەزار و ٥٠٠ تەن دەبێت، لە ٨ نهۆم پێکهاتووە.

مێژوو

بورجەکە کاتی دروستکردن لە سەدەی ١٢ یەمدا دەستی بە ڕۆچوون کرد بەهۆی نەرمی زەوییەکەیەوە کە بەرگەی کێشە زۆرەکەی نەگرت، دیزاینەرەکەی بونانۆ پیزانۆ (بە ئینگلیزی: Bonnano Pisano) بوو کە ئەندازیار و هونەرمەندێکی ناسراو بووە لەسەدەی دوانزەهەم لەشاری پیزا و بەناوبانگە بەکارە برۆنزیەکانی لەتەواوی پیزادا، کە دیزاینی بورجەکەی کردبوو بەڵام دواتر چەندین ئەندازیاریتر بوون بە سەرپەرشتیاری بورجەکە بەهۆی ماوەی درێژی درووستکردنییەوە، سەرەتای درووستکردنی ئەم بورجە دەگەڕێتەوە بۆ ٩ ی ئابی ساڵی (١١٧٣) ی زایینی، پاش بنیاتنانی نهۆمی سێهەم لەساڵی (١١٧٨) زایینیدا ڕاستەوخۆ لایەکی داچووە واتە لاربووە، پاش وەستان لەئیشکردن لەم بورجە کە سەد ساڵی خایاندووە، لەساڵی ١٢٧٢ زایینی واتە دوای (١٠٠) ساڵ، چوار نهۆمەکەی تری لەسەر بنیاتنراوە بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی لارییەکە، جارێکی تر ئیشکردن لەم بورجە ڕاگیرایەوە لەساڵی (١٣٠١)ـی زایینیدا، لەساڵی (١٣١٩) دوایەمین نهۆمیان بنیاتناوە و تاوەرەکەی سەریشی لە ساڵی ١٣٧٢ دا زیادکراوە.

بێنیتۆ مۆسۆلۆنی، مۆسۆلۆنی لە ٢٩ ی تەمووزی ساڵی ١٨٨٣ لە گوندی دوفو دینو لە ڕۆژهەڵاتی ئیتالیا لەدایکبووە، سەرکردە بووە لە ٢٨ ی نیسانی ١٩٤٥ بە سزای گەل گەیەندراوە و لەگەڵ کۆمەڵێک لە دارودەستەکەی سەرەوخوار لەناو ئیتاڵیادا هەڵواسران، بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ سەرۆکی وڵاتی ئیتاڵیا بوو، فەرمانی کرد بە ڕاستکردنەوەی بورجەکە، کە هەستان بە داڕشتنی چیمەنتۆی بەهێز لە بناغەوە بۆ چاکردنی بورجەکە بەڵام هەوڵەکان بێسوود بوو.

لە جەنگی جیهانی دووەمدا سەربازە ئەمریکییەکان هەموو بورجەکانیان دەتەقاندەوە، لەترسی قەناس بەدەستەکانی ئیتاڵی و ئەڵمانیای نازی، پلانیان بۆ بورجی پیزاش دانابوو کە بیتەقێننەوە، بەڵام دواتر ئەم پیلانە فەشەلی هێنا و بڕیاری پاشەکشێی سەربازە ئەمریکیەکان درا و ئەم بورجەش لەفەوتاندن ڕزگاری بوو.

لە ٢٧ ی شوباتی ساڵی (١٩٦٤) دا حکومەتی ئیتالیا داوای یارمەتی کرد بۆ مانەوەی بورجەکە و پاراستنی، بۆیە چەندەها کۆمەڵەی جیاجیا لە ئەندازیاران و مێژوونووسان و بیرمەندان، لەدورگەی ئازوریس کۆبوونەوە بۆ ڕێگە چارەی گونجاو بۆ هێشتنەوەی ئەم بورجە، پاش لێکۆلینەوە و ئیشکردن لەسەر ئەم بابەتە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٠ دا ئەم بورجە بەڕووی گەشتیاراندا داخرا، پاش هەوڵدانێکی زۆر بۆ چاککردن و دامەزراندنەوەی لە بنچینەوە، بۆ ڕاستکردنەوەی هەستاون بەزیادکردنی ٣٨ مەتری چوارگۆشە لە بناغەی ژێرەوە و دەردانی خۆڵەکەی و چیمەنتۆی پتەویان بۆ داناوەتەوە، پاککردنەوەی سەرتاسەری، بۆ کراوە هەر لەبناغەوە هەتا نهۆمی هەشتەم نۆژەنکراوەتەوە، پاش ئەوەی دڵنیابوون لە بەردەوامی و وەستانی، ئەم بورجە لە ١٥ ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠١ دا بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە. 

ژمارەی زەنگەکانی٧ زەنگە و لەسەر شێوەی مۆسیقایە، درووستکردنی لە ماوەی نزیک ٢٠٠ ساڵ و ٣ سەدەی جیاوازدا بووە (سەدەی ١٢، ١٣، ١٤) بۆ چوونە سەرەوە لە خوارەوە تا سەرەوەی بورجەکە ٢٩٧ پلیکانە هەیە، بەڵام ئێستا بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) ی هەیە، گەورەترین زەنگی کەکێشەکەی سێ تەن و نیوە لەساڵی ١٦٦٥ دا لە نهۆمی سەرەوەی دانراوە، ئەم شوێنە سەرەتا بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی دینی مەسیحی و تایبەتتر کاسۆلیکی دروستبوو بەڵام لە ئێستادا یەکێکە لە گەورەترین شوێنە گەشتیارەکانی جیهان و ساڵانە گەشتیارێکی یەکجار زۆر ڕووی تێدەکەن.


سەرچاوەکان



2506 بینین