کۆلێژی زمان 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-15-15:16:00 - کۆدی بابەت: 6308
کۆلێژی زمان 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆلێژی زمان بریتییە لە خوێندن و فێربوونی زمانە  جیهانییە جیاوازەکان، بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، هەروەها خوێندکار ئاشنا دەکرێت بە کولتوور و ئەدەب و مێژووی پەیوەست بەو زمانە، خوێندکارانی هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی وەردەگرێت، بەڵام ئەم کۆلێژە پێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ بەشی وێژەیی و ساڵانە هەوڵی زۆری بۆ دەدەن. 

بەشە سەرەکییەکانی کۆلێژی زمان

  • وەرگێڕان 
  • زمانی ئینگلیزی
  • زمانی کوردی 
  • زمانی عەرەبی 
  • زمانی تورکی 
  • زمانی فارسی 
  • زمانی فەڕەنسی 
  • زمانی ئەڵمانی

جیاوازی کۆلێژی زمان و ئاداب لەگەڵ کۆلێژی پەروەردە

کۆلێژی پەروەردە بە گشتی گرنگی بە شێوازی وانە وتنەوە دەدات، وانە و پسپۆڕییە سەرەکییەکانی پەیوەستە بە بابەتەکانی مامۆستایی و وانەبێژییەوە، بەڵام لە کۆلێژی زمان و ئاداب زیاتر تیشك دەخرێتە سەر وانەکانی تایبەت بە سیستەمەکانی زمان و دەنگسازی و ڕستەسازی و وشەسازی و زمانەوانی و تیۆرەکانی زمان، هەرەوەها بە شێوەیەکی سەرەکی گرنگی دەدرێت بە ئەدەب و مێژووی گەلان و بنەما سەرەکییەکانی ئەدەب و ڕەوانبێژی، دەرچووی زمان پسپۆڕییەکەی زیاتر توێژەر و لێکۆڵینەوەیە، بوارەکانی کارکردنی فراوانترە. 

قۆناغەکانی خوێندن

ماوەی خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە،  خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دەتوانێت خوێندنی پلەی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) بەدەستبهێنێت، کە دواتر وەکوو ئەکادیمی دادەمەزرێن لە کۆلێژ و زانکۆکان. 

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی ئەم بەشە

- بوونی ئاستێکی باش لە زمانی ئینگلیزی چونکە بنەمایەکی سەرەکی بەشەکانی زمانە.

- بوونی حەز و خولیا بۆ فێربوونی زمانی نوێ و کولتوورە جیاوازەکان.

- بوونی یادگەیەکی بەهێز و توانای تێگەیشتن و لەبەرکردنی باشبێت، هەروەها توانای شیکارکردنی هەبێت.

- خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و بوونی باوەڕ بەخۆبوون، هەروەها دەبێت کەسێکی کۆمەڵایەتی و کراوە بێت چونکە پێویستە خوێندکاری ئەم بەشە توانای گفتوگۆکردنی هەبیت لەگەڵ کەسانی خاوەن زمانەکانی تر و لە کاتی قسەکردندا لە هەڵە کردن نەترسێت.

-  پشوودرێژی و ئارامی، چونکە بە ئاسانی فێری زمان نابیت، پێویستە هەوڵ بدەیت و بەردەوامبیت لە فێربوون و خوێندنەوە و بەدوادا چوون.

-  توانایی و کارامەیی لە دەربڕین و هەبوونی دەستی نوسین کە یارمەتیدەرن بۆ فێربوونی زمان. 

بوارەکانی کارکردن

بواری کارکردن هەمەچەشنە، دەرچووی ئەم کۆلێژە دەتوانێت بە لێهاتوویی و کارامەیی خۆی لە چەندان بواردا کاربکات، ئەمانە چەند نموونەیەکی بوارەکانی کارکردنن: 

- کارکردن وەکوو وەرگێڕ لە دامودەزگا حکوومەییەکان.

- کارکردن لە بواری ڕاگەیاندن لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا، وەکوو ئامادەکار و پێشکەشکار و بێژەری هەواڵ و هەروەها دەتوانێت لە بواری زمانەوانی و هەڵەچنی دەستبەکار بێت.

- دەرچووی بەشەکانی زمان دەتوانێت لە کەرتی تایبەت وەکوو وەرگێڕ لە کۆمپانیاکان دەستبەکار بێت.

- دەتوانێت لە بواری گەشت و گوزار و ڕێبەری گەشتیاران دەستبەکار بێت.

- کەرتی پەروەردە، دەرچووی ئەم بەشە دەتوانرێت وەکوو مامۆستای زمانەکان لە خوێندنگەکان وانە بڵێتەوە.

- دەتوانێت وەکوو نوسەر و ڕۆژنامەنووس دەستبەکار بێت. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



3976 بینین