هەوکردنی زمان 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-18-16:03:00 - کۆدی بابەت: 6348
هەوکردنی زمان 

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی زمان چییە؟

هەوکردنی زمان حاڵەتێکە دەبێتە هۆی ئاوسانی زمان و گۆڕانی ڕەنگی و گۆڕانکاری لە ڕووکەشیدا، زمان ئەندامێکی ماسولکەیی بچووکە لە دەمدا کە یارمەتیدەرە لە جوینی خۆراک و قوتدانی، هەروەها یارمەتیدەرە لە کرداری قسەکردن و دروستکردنی دەنگدا، هەروەها هەوکردنی زمان دەبێتە هۆی دیارنەمانی پیکهاتە بچووکەکانی زمان کە پێیان دەوترێت مەمیلە، کە ئەم مەمیلانە هەزاران هەستەوەری بچووکیان تێدایە کە پێیاندەوترێت چەژە وەرگرەکان، کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کردەی چەشتندا، ڕەنگە هەوکردنی زۆر ببێتە هۆی ئاوسان و سووربوونەوە و هەست بە ئازاری زۆر لە دەمدا.

هۆکارەکانی هەوکردنی زمان

بەزۆری هەوکردنی زمان ئەنجامی نەخۆشییەکی ترە یان حاڵەتئکی تەندروستی گشتی لەش، زۆر بە دەگمەنیش هەوکردنی زمان نیشانەی توشبوونێتی بە میکرۆبی ڕاستەوخۆ، لە گرنگترین هۆکار و حاڵەتەکان کە دەبنە هۆی هەوکردنی زمان بریتین لە:

- کاردانەوەی هەستیاری: ڕەنگە هەبوونی هەستیاری بەرامبەر بە دەرمان و ماددەی خۆراکی تر و هاندەرەکانی تر هۆکار بن بۆ ئاوسانی زمان و شانە ماسولکەییەکەی، لە نمونەی هاندەرەکانیش هەویری ددان و هەندێک جۆری دەرمانی بەرزە پەستانی خوێنە.

- هەندێک نەخۆشی: ڕەنگە هەندێک نەخۆشی کە کاردەکەنە سەر کۆئەندامی بەرگری هێرش بکەنە سەر زمان و مەمیلەکان، هەروەها ڕەنگە هێرپسی سادە کە ڤایرۆسێکە دەبێتە هۆی برینی سەرما و تلۆق لە دەوری دەمدا ببێتە هۆی ئاوسانی زمان و ئازاری زۆری دەم.

- کەمی ئاسن: کەمی ئاستی ئاسن لە خوێندا دەبێتە هۆی هەوکردنی زمان، کە ئاسن هاوکار دەبێت لە گەشەکردنی خانەکان لە ڕێگەی یارمەتیدانی جەستە بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، کە ئۆکسجین هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە لە سییەکانەوە بۆ ئەندامەکان و شانەکان و ماسولکەکان، بۆیە کەمی ئاسن ڕەنگە هۆکاربێت بۆ کەمبوونەوەی مایۆگلۆبینیش، کە پڕۆتینێکی خڕۆکە سوورەکانە کە گرنگە بۆ تەندروستی ماسولەکەکان، لەوانەش ماسولکەکانی زمان.

- ئازاری ڕاستەوخۆی دەم: دەکرێت بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ کە بەر دەم دەکەوێت کاربکاتە سەر تەندروستی زمان، کە دەکرێت هەوکردن بەهۆی برینی دەم و سوتانییەوە بێت، یان بەهۆی ئامێرەکانی ددان وەکوو: ڕاستکردنەوە و پردی کانزایی.

نیشانەکانی هەوکردنی زمان

نیشانەکانی هەوکردنی زمان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بە شێوەیەکی سەرەکیش پشت بە هۆکارەکان دەبەستێت، لە گرنگترین نیشانە هاوبەشەکانی نێوان زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی زمان بریتین لە:

  • ئاوسانی زمان.
  • ئازاری زمان.
  • ئازارێک وەکوو سووتانەوە یان خورانی زمان.
  • گۆڕانکاری لە ڕووپۆشی زمان بەهۆی گۆڕانکاری لە قەبارەی مەمیلەکانی زمان و شێوەیان.
  • گۆڕانی ڕەنگە ڕووپۆشی زمان لە خاڵێکەوە بۆ یەکێکی تر.
  • لەدەستدانی توانای قسەکردن و خۆراک خواردنی دروست.
  • قورسی قوتدانی خۆراک.

دەستنیشانکردنی هەوکردنی زمان

ئەگەر نەخۆش بەدەست نیشانەکانی هەوکردنی زمانەوە دەناڵێنێت، لەسەری پێویستە سەردانی پزیشکی ددان یان پزیشکێکی گشتی بکات، بۆ دەستنیشانی حاڵەتەکەش، کەسی چارەسەرکەر مێژووی نەخۆشی لە نەخۆش دەپرسێت و هەر نیشانەیەک هەڵدەسەنگێنێت کە کەسەکە پێوەی دەناڵێنێت، دواتر پزیشکەکە زمان و دەمی بە وردی دەپشکنن، بۆ گەڕان بەدوای هەر تێکچوونێک لە ڕووپۆشی زمان یان تۆقلە یان مەمیلەکان لەسەر زمان یان پووک، هەروەها نموونەیەکی لیێ وەردەگرێت و بۆ تاقیگەی دەنێرێت، هەروەها داوای پشکنینی خوێنی ڕۆتینی دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە هێزی خوێن و کۆگای ئاسن و کانزاکانی لەش.

چارەسەری هەوکردنی زمان 

ئامانجی چارەسەرکردنی هەوکردنی زمان سنوردارکردنی ئاوسان و ئازارەکەیەتی، وە پێویستی بە سەردانی نەخۆشخانە ناکات لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا نەبێت وەکوو ئاوسانی زۆر کە ئەگەری هەیە کەسەکە بخنکێنێت بە داخستنی رێڕەوی هەوا،.

چارەسەری هەوکردنی زمان بە دەرمان

دەکرێت دژە زیندەییەکان یان دەرمانەکانی تری دژە میکرۆب بنوسرێت ئەگەر بەکتریا و میکرۆبەکە لە لەشدا بوونیان هەبوو، هەروەها دەکرێت کۆرتیکۆستیرۆیدە ناوچەییەکان بنوسرێت بۆ کەمکردنەوەی سووربوونەوەی زمان و ئازارەکەی.

چارەسەری ماڵەوەیی 

  • گرنگیدان بە پاکوخاوێنی دەم: پاککردنەوەی ددانەکان بە باشی دووجار لە ڕۆژێکدا، هەروەها بەکارهێنانی پەتی ددان پاککردنەوە بەلایەنی کەمەوە جارێک لە رۆژیکدا.
  • گۆڕینی سیستمی خۆراکی: زیادکردنی تەواوکاری خۆراکی بۆ چارەسەری خۆراکپێدان وەکوو لە کەمی ئاسندا.
  • خۆلادان لە هاندەرەکان: وەکوو خۆراکی گەرم و تفت و کهول و جگەرە بۆ کەمکردنەوەی هەست بە نائاسوودەیی.


سەرچاوەکان



2156 بینین