ترس

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-21-13:20:00 - کۆدی بابەت: 6372
ترس

ناوه‌ڕۆك

ترس و جۆرەکانی

ترس دیارده‌یه‌کی دەروونییە کە‌ ڕووبە‌ڕووی مرۆڤ ده‌بێته‌وه‌ و کار لە هەستەکانی دەکات، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا له‌ ناو چوارچێوه‌یه‌کی گۆڕانکارییە کیمیایی و فیزیاییەکانی لەشی مرۆڤدایه‌ کە لە‌ خانه‌کاندا ڕوودەدات که مه‌زه‌نده‌ی شتێکی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌، ترس له‌ ڕوانگە‌ی ده‌روونزانان و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ باس له‌ خودی ترس ده‌که‌ن دابه‌ش ده‌بێت بۆ سه‌ر دوو جۆره‌ ترس:

1- ترسی بابه‌تی: ئه‌و جۆره‌ ترسه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر ڕوانگەی مرۆڤه‌‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ئه‌ویش به‌ ترساندنی که‌سانی تر یاخود ترس خستنه‌ دڵی که‌سی به‌رامبه‌ر به‌ شتی تر وه‌ک ترسان له‌ گیانداران و کاره‌سات و ڕووداو، که‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن خودی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ دروست ده‌بێت و سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت بۆ که‌سێکی تر.

2- ترسی نابابه‌تی: ئه‌و جۆره‌ ترسه‌ نابابه‌تییە‌ له‌ نێو خودی مرۆڤه‌که‌ خۆی دروست ده‌بێت و پەیوەندی بە دەروونی کەسەکەوە هەیە، بێ ئه‌وه‌ی که‌سێکی تر ببێته‌ پاڵنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ترسه‌که‌ی لا دروست ببێت ئه‌ویش وه‌ک ترس له‌ تاریکی، شوێنی داخراو، بەرزی، شکست، دەرزی، شوێنی چۆڵ و ئاو و چەندان جۆری تر کە زیاتر بە فۆبیا ناوبانگی دەرکردووە.

میکانیزمی ئیشکردنی ترس

ترس دەبێتە هۆی گۆڕان لە هۆرمۆنەکانی لەشی کەسەکە و کاریگەری دەخاتە سەر ناوەندە کۆئەندامی دەمار و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مێشکەوە هەیە، دوو هۆرمۆنی سەرەکی کە بە هۆرمۆنی ترس یاخود قەلەقی ناوبانگیان دەرکردووە بریتیین لە هەردوو هۆرمۆنی ئەدریناڵین (پێشی دەوترێت ئیپینفرین) وە هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵە، کە دەکەونە سەر گورچیلەکان.

کاریگەری ترس لەسەر جەستەی مرۆڤ

  • خێرا لێدانی دڵ
  • وشک بوونی ده‌م و قورگ.
  • زیادبوونی شەکری خوێن.
  • زیادکردنی ئاره‌ق کردنەوە‌.
  • له‌ ده‌ست دانی ئاره‌زووی خواردن و خۆراک. 
  • هه‌ست کردن به‌ ماندووبوون و هیلاکی.

جگه‌ له‌مه‌ش له‌ هەندێک که‌سدا ترس کاردانه‌وه‌ی ده‌بێت بۆ سه‌ر ڕووخساری که‌سه‌کان و گۆڕانکاری له‌ ڕووخساری ڕوودەدات به‌تایبه‌تی: 

  • زه‌رد هه‌ڵگە‌ڕانی پێستی ده‌م و چاو و گۆڕانی ڕەنگی پێستی چاو.
  • تێکچوونی هەناسەدان‌ (هەناسەتەنگی) یاخود زیادکردنی هەناسەدان بەهۆی خێرا لێدانی دڵ.  
  • له‌رزین به‌تایبه‌تی له‌رزینی قاچ و ده‌سته‌کانی.

مامەڵە و چارەسەر

 زۆر جار مرۆڤ ناتوانێت به‌ شیوه‌یه‌کی ڕێکوپێک کۆنتڕۆڵی باری ئاسایی که‌سایه‌تی خۆی بکات و له‌ ترس دووربکه‌وێته‌وه‌، به‌لام زاناکان و پسپۆڕان پێیان وایه‌ که‌ هیچ شتێک لای مرۆڤ ‌مەحاڵ نییە‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ توانا و وزه‌ی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بنێت تا زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دووچاری ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ "دان به‌ ترسه‌که‌ی خۆت بنێیت" واتا کاتێک تۆ ترس داتدە‌گرێت خۆت له‌ ڕاستییەکە نه‌دزیته‌وه‌ به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی ئاراسته‌کڕاو و دان به‌وه‌دا بنێ که‌ تۆ ده‌ترسیت جا ترس له‌ هه‌رشتێک بێت له‌ ژیاندا، ‌ئه‌وکات ده‌توانیت به‌ ئاسانی لێکدانه‌وه‌ بکه‌یت و زاڵ بیت به‌سه‌ر ترسه‌که‌ت.

هه‌روه‌ها دەبێت دان به‌وه‌دا بنرێت که‌ ئه‌مه‌ کاردانه‌وه‌یه‌ک یاخود ڕووداوێکی سرووشتییە‌ به‌سه‌ر که‌سه‌کاندا دێت به‌ڵام له‌ جۆر و ڕێژە‌که‌یدا جیاوازی هه‌یه‌، چونکه‌ دەبێت بزانرێت که‌ ترس له‌ هه‌موو که‌س و سات و کاته‌کان و شوێنه‌کاندا وه‌ک یەک نییە،‌ یەکێک لە نووسەران دەڵێت "ترس تاریکاییەکی گەورەیە کە خۆی لەڕاستیدا بچووکە" واتا‌ ترس وه‌ک تاریکایی وایه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و کاته‌ی مرۆڤ ترس دایده‌گرێت وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ ڕووناکایی له‌به‌رچاوی نه‌مێنێت و تاریکایی زاڵ دەبێت به‌سه‌ر خانه‌کانی مێشکیدا، ئیتر ئه‌م که‌سه‌ کۆنترۆڵی له‌ ده‌ستده‌دات به‌ڵام خۆی له‌ ڕاستیدا وانییە‌ به‌ڵکو ئاڕاستە‌یه‌کی تری هه‌یه‌ که‌ قه‌باره‌یه‌کی بچوکی هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر وردبینەوە‌ له‌ وشه‌ی ترس ده‌بینین ته‌نها له‌ ڕووخساری نوسیندا به‌دیار ده‌که‌وێت و خۆی بارێکی سروشتی شاراوه‌یه‌ و هیچ ڕەهه‌ندێکی دیاری نییە‌ تاکو مرۆڤ بتوانێت له‌ناوی به‌رێت به‌ڵکو ئه‌مه‌ ده‌بێت مرۆڤ له‌و دەروونە خراپە بێتە‌ دەرەوە‌ ناوی ترسه‌.

"ڕۆسان كاش" گۆرانیبێژی دیاری ئەمریکی ده‌ڵێت (کلیلی گۆڕانکاریه‌کان ده‌رچوونه‌ یاخود نه‌مانی ترسه‌) لێره‌دا ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌ له‌ وته‌که‌ی "ڕۆسان کاش" ده‌بینین ڕێگە‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خۆمان له‌ ترس ڕزگاربکە‌ین ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی گۆڕانکاریه‌کانه‌ مه‌به‌ست لێی گۆڕانکارییه‌کانی خودی که‌سه‌کانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌و ترسه‌ی که‌ له‌ ئه‌نجامی شتێک دایده‌گرێت و زۆرکات خۆی درووستی کردووە لە مێشکیدا، ئه‌مه‌ش وه‌ک وترا به‌ دانپێدانان به‌ ترسه‌که‌ و ده‌ستکردن به‌ دیاری کردنی سه‌رچاوه‌ی ترسه‌که‌ و ئه‌و هۆکارانه‌ی یاخود ئه‌و شتانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ترسه‌که‌ له‌ که‌سه‌کەدا چارەسەر دەکرێت.

ترس زۆرجار جگە لە کاریگەرییە بچووک و کاتییەکان، ده‌بێته‌ کۆسپێکی گه‌وره‌ی درێژخایەن لە هەنگاوەکانی‌ داهاتووی مرۆڤدا وه‌ک "سڤین ئیرکسن" له‌ وته‌یه‌کدا ده‌ڵێت (گه‌وره‌ترین کۆسپ ‌بۆ سه‌رکه‌وتن، ترسه‌ له‌ سه‌رنه‌که‌وتن) ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ترس کۆسپێکی گه‌وره‌ بۆ مرۆڤ دروست بکات و لە هەنگاونان و سەرکێشی و تاقیکردنەوەی جیاوازییەکان بترسێت، بۆیه‌ مرۆڤ هه‌موو کات دەبێت له‌ ژیاندا هەوڵبدات به‌ هه‌نگاوه‌کانیدا زاڵ بێت بەسەر ترسەکەیدا، لەگەڵ ئەوە دەکرێت ترس بە ڕاهێنان و ڕێکخستنی دەروونی تاک بەسەریدا زاڵ ببیت، لەڕووی پزیشکیشەوە دەرمانی تایبەت بە بارودۆخەکانی ترس و فۆبیاش بەردەستخراوە، کە دەرمانی سەرەکی پێی دەوترێت گلوکۆ-کۆرتیکۆید (بە ئینگلیزی: Glucocorticoid) کە دەرمانێکە لە خێزانی دەرمانە ستیرۆیدییەکان، کاری دەرمانەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی ئەو وەرگرانەی کە ترس و قەلەقی وەردەگرن، بەمەش باری دەروونی کەسەکە هێمنتر دەبێتەوە، بەڵام دەرمان تا زۆر پێویست نەبێت و کەسی پسپۆڕ نەینووسێت ناکرێت سەربەخۆ بەکاربهێنرێت چونکە زیانەکانی دەکرێت لە سوودەکەی زیاتربێت.


سەرچاوەکان



6690 بینین