دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل - شاباک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-28-11:40:00 - کۆدی بابەت: 6419
دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل - شاباک

ناوه‌ڕۆك

شاباک

دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل کە بە شاباک کورتدەکرێتەوە (بە ئینگلیزی: ISA)، بە عیبری پێی دەوترێت شین بیت، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئیسرائیلە و ڕاستەوخۆ لەژێر دەست سەرۆک وەزیراندایە.

ناساندنی گشتی

دەوڵەتی ئیسرائیل خاوەنی سێ دەزگای ئاسایشییە:

١. بەشی هەواڵگری سەربازی کە ناسراوە بە "ئامان" و تایبەتە بە سوپا و فەرماندەیی سوپا، گەورەترین و پڕتێچووترین دەزگای دەوڵەتە.

٢. دەزگای مۆساد کە دەزگای هەواڵگری دەرەکیە و زۆر ئۆپەراسیۆن لەخۆدەگرێت، گەورەترین کاری ئەم دەزگایە سیخوڕی کردنە بەسەر وڵاتانی دیکەوە، بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، دووەمین دەزگای هەواڵگرییە لە ڕووی تێچوو و قەبارەوە.

٣. دەزگای شاباک کە بچووکترین دەزگایە و لە چەند هەزار کەسێک پێکدێت، گرنگی دەدات بە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و ڕاگرتنی هێرشی بزوتنەوە شۆڕشگێڕە فەڵەستینییەکان، هەریەک لە مۆساد و شاباک ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر دەستی سەرۆک وەزیران و ئەو سەرۆکی هەردوو دەزگا دیاری دەکات.

سەرچاوەی دارایی هەرسێ دەزگاکەش لە بودجەی سوپایە و ساڵی ٢٠١٤ دەزگای شاباک زیاتر لە ٧ ملیار شیکڵی بۆ خەرج کراوە.

دامەزراندن

دەزگای ئاسایشی گشتی ساڵی ١٩٤٩ دروستکراوە بەناوی "دەزگای هەواڵگری" دواتریش کرا بە "دەزگای ئاسایش"، بەڵام بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە نهێنی کاری دەکرد، سەرەتاش کاری دەزگاکە بە نهێنی دەستگیرکردنی عەرەب و چەپەکان و جولەکە ڕاستڕەوەکان بوو، بەبێ ئەوەی بزانن کێ ئەوانی دەستبەسەر کردووە و سزایان دەدات، ساڵی ١٩٥٧ بوونی ئەم دەزگایە ئاشکرا کرا.

کاریگەری

لەگەڵ ئەوەی شاباک دەزگایەکی بچووکە بەڵام یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی بڕیاردانی حکوومەت و سوپا، ئیسرائیل خۆی دەڵێت کە شاباک گەورەترین دەزگای هەواڵگری ناوەندییە لە ڕووی دژایەتی تیرۆرەوە، هەر بەهۆی بەهێزییەکەیەوە ناحوم بارنیعی ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی یدیعوت ئاحەرنوتی ئیسرائیلی شاباک بە سەرۆکی وڵات دەزانێت.

بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی پێشووتر بەدەستی هێناوە هیچ بڕیارێک نادرێت بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ شاباک بکرێت، بەتایبەت لە پرسی دۆزی فەڵەستین.

سەرۆکەکان

هەتاوەکوو ساڵی ١٩٩٥ هیچکەس ناوی سەرۆکی شاباکی نەدەزانی، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە دەزگاکە زیاتر ڕوون کرایەوە.

ئیسەر هارێل ١٩٤٨ - ١٩٥٢
ئیزی دۆرۆت ١٩٥٢ - ١٩٥٣
عاموس مانور ١٩٥٣ - ١٩٦٣
یوسف هێرملین ١٩٦٤ - ١٩٧٤ و ١٩٨٦ - ١٩٨٨
ئیبراهیم بن دور ١٩٨٠ - ١٩٨٦
یەعقوب پێری ١٩٨٨ - ١٩٩٤
عامی ئایالۆن ١٩٩٦ - ٢٠٠٠
ئاڤی دیختەر ٢٠٠٠ - ٢٠٠٥
یوڤاڵ دیسکین ٢٠٠٥ - ٢٠١١
یۆرام کۆهین ٢٠١١ - ٢٠١٦
ناداڤ ئەرگەمان ٢٠١٦ - ئێستا

کێشەی ناوخۆ لەگەڵ مۆساد

لەبەر ئەو سەرکەوتنانەی بزوتنەوەی حەماس بەدەستی هێناون، لەگەڵ ئەو نمایشە سەربازییەی لە غەزە ئەنجامی دا و دواتریش پیشاندانی سەرۆکی یەکینەکانی قەسام کە مۆساد ڕایگەیاندبوو کوژراوە بەڵام زیندوو بوو، دەزگای شاباک هەریەک لە مۆساد و ئامان بە کەمتەرخەم دەزانێت.

دوای ئەوەی هەندێک لە دەسەڵاتەکانی شاباکیش دران بە مۆساد بەتایبەت دەسەڵاتی ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی ئاڵوگۆڕی چەک دەکەن، بەهۆی ئەوەی دۆزینەوەی سەرچاوەی چەکی قەسام کارێکی قورسە.


سەرچاوەکان



579 بینین