ئەپۆلۆ ١١

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-06-11:22:00 - کۆدی بابەت: 6510
ئەپۆلۆ ١١

ناوه‌ڕۆك

ئەپۆلۆ ١١

ئەپۆلۆ ١١ کەشتییەکی ئاسمانی بوو کە بۆ یەکەمجار مرۆڤ لەڕێیەوە پێی خستە سەر مانگ، فەرماندە نێل ئارمسترۆنگ وە فڕۆکەوانی کەشتییە ئاسمانییەکە بەز ئاڵدرن ئەو دەستە ئەمریکییە بوون کە توانیان کەشتی مانگی ئەپۆلۆ لەسەر مانگ بنیشێننەوە لە بەرواری ٢٠ تەمووزی ١٩٦٩ زاینیی لە کاتژمێر ٨:١٧ خولەکی شەو بەکاتی بەڕیتانیا، بەو پێیە ئارمسترۆنگ بوو بە یەکەم کەس لە مێژوودا کە هەنگاو بنێ لەسەر مانگ لە بەرواری ٢١ ی تەمووزی ١٩٦٩ کاتژمێر ٢:٥٦ خولەکی بەرەبەیان کە ئەکاتە ٦ کاتژمێر و ٣٩ خولەک دوای نیشتنەوەیان، وە هەروەها ئاڵدرنیش پێی خستە سەرمانگ ١٩ خولەک دوای ئارمسترۆنگ، ئەوان نزیکەی دوو کاتژمێر و چارەکێکیان پێچوو لە دەرەوەی کەشتییە ئاسمانییەکە، لەگەڵ خۆیاندا بڕی ٢١.٥ کیلۆگرام ماددەیان کۆکردەوە لە بەرد  و خاکی سەر ڕووی مانگ و گەڕاندیانەوە لەگەڵ خۆیان بۆ زەوی.

جەنگی سارد

لە کۆتایی ساڵانی ٥٠ کان و سەرەتای دەیەی ٦٠ کانی سەدەی بیستدا شەڕی سارد و ڕکابەرییە جیۆلۆجی و سیاسییەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت گەشتبوونە لوتکە، لە ٤ ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ دا یەکێتی سۆڤیەت یەکەم سەتەلایتی دەستکردی ناردە بۆشایی بەناوی سپوتنیک ١، ئەم کارە زۆربەی وڵاتە زلهێزەکانی خستە ترس و گومانەوە و هەستیان دەکرد یەکێتی سۆڤیەت لە بۆمبی ئەتۆمیدا پێشەنگ دەبێت و وڵاتانی تر دەخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە، ئەم ترسە لە ئەمریکادا زیاتربوو کە لەوکاتدا خۆی بە پاڵەوانی مەیدانی سیاسی و سەربازی جیهانی دەزانی و بەمکارە هەستیانکرد سۆڤیەت لەڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و تەکنەلۆژییەوە پێشیاندەکەوێت، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوایت د. ئێسنهاوەر ویستی ڕکابەری سۆڤیەت بکات و دامەزراوەیەکی گرنگی دامەزراند بەناوی ناسا کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەناوبانگە، هەوڵیاندا کەسێک بنێرنە دەرەوەی زەوی بۆ خولگەی زەوی بەڵام یەکێتی سۆڤیەت لەمەشدا پێشیان کەوت و لە ١٢ ی نیسانی ١٩٦١ دا یەکەم مرۆڤی ناردە دەرەوەی بۆشایی و ناو خولگەی زەوی کە ئەویش یوری گاگارین بوو.پێش بوونی ئەپۆلۆی ١١ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین کەشتی ئاسمانی تری لەژێر هەمان ناودا درووستکرد کە هەندێکیان لەڕێی گەشتنە سەرمانگ مردن و هەندێکیان لە خولگەکانی زەوی زیاتر تێپەڕنەبوون تا ئەوەی گەیشتە ئەپۆلۆی ١١ و توانیان لەسەر مانگ بنیشنەوە.

گەشتەکەیان لە دەرەوەی زەوی 

کۆنتڕۆلکەری یەکەی فرۆکەوانی مایکڵ کۆلین، یەکەی فەرمانی کۆڵۆمبیای کۆنتڕۆڵ دەکرد کە پارچەیەکی بچووکتربوو لە کەشتییە ئاسمانییەکەی ئەپۆلۆ وە بە تەنیا هەڵیفڕاند لە خولگەی مانگدا کاتێک دوو هاوسەفەرەکەی لەسەر ڕووی مانگبوون. ئارمسترۆنگ و ئاڵدرن نزیکەی ٢١ کاتژمێر و ٣٦ خولەکیان پێچوو لەسەر مانگ، ئەو ناوچانەی کە لەسەری نیشتبوونەوە ناویان لێنا ترانکویلیتی بەیس (Tranquillity Base) پێش ئەوەی کە بەرزبنەوە و بگەڕینەوە بۆ یەکەی کۆڵۆمبیا لە خولگە مانگییەکە.

ئەپۆلۆ ١١ لە ڕێگەی ڕۆکێتێکەوە کە ناونرابوو ساترنی پێنجەم بە ئینگلیزی (Saturn V) کە ساترن یا زوحەل یەکێکە لە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر و بەهۆی ئەوەوە ئەو ناوە نرابوو، ڕۆکێتەکە لە ناوەندی بۆشایی کەنەدی (کە ئاماژەیەک بوو بۆ جۆن ئێف کەنەدی کە ٣٥’ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو و تیرۆرکرا) لە دورگەی مێریتەوە لە ویلایەتی فلۆریداوە ڕەوانەکرا لە بەرواری ١٦ تەمووز کاتژمێر ١:٣٢ خولەکی نیوەڕۆ بە کاتی بەڕیتانیا، کە ئەوەش پێنجەم ئەرکی دەستەی ناسا بوو لە بەرنامەی ئەپۆلۆدا، کەشتییە ئاسمانییەکەی ئەپۆلۆ لە سێ بەش پێکهاتبوو؛ یەکەی فەرمان کە لە سێ جێگا پێکهاتبوو بۆ کەشتیوانەکان، وە یەکەی خزمەت کە تاکە بەش بوو کە گەڕایەوە بۆ زەوی، ئەم یەکەیە پاڵپشتی یەکەی فەرمان ئەکرد بە پاڵنان، دابینکردنی وزەی کارەبایی، ئۆکسجین وە هەروەها ئاو. سێیەم بەش بە یەکەی مانگی ناونرابوو کە دوو پارچەی هەبوو یەکەم پارچەیان بۆ نیشتنەوە بوو لەسەر مانگ، دووەم پارچەیان بۆ سەرکەوتنەوە و گەڕانەوەی کەشتیوانەکان بۆ ناو خولگەی مانگ کە یەکە مانگییەکەی کەشتییەکە لەو خولگە دەسوڕایەوە.

لەکاتی ناردنیان بۆ سەر مانگ لەلایەن ساترنی پێنجەم و لە قۆناغی سێیەمدا، کەشتیوانەکان کەشتییە ئاسمانییەکەیان لە ڕۆکێتەکە جیاکردەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گەشتییان کرد بە بۆشاییدا تا ئەوکاتەی چوونە ناو خولگەی مانگەوە، ئارمسترۆنگ و ئاڵدرن دواتر چوونە ناو ئیگڵەوە (کە پارچەی یەکەمی یەکەی مانگ بوو و بۆ نیشتنەوە بوو لەسەر ڕووی مانگ) کە نیشتنەوە لە ناوچەیەک پێی دەوترێت دەریای ترانکویلیتی لە ٢٠ تەمووز، کەشتیوانەکان پارچەی دووەمی ئیگڵیان بەکارهێنا بۆ گەڕانەوەیان لەسەر مانگەوە بۆ یەکەی فەرمان کە کۆڵین کۆنتڕۆڵی دەکرد، دواتر کە گەشتنەوە یەکەی فەرمان ئیگڵەکەیان بەڕەڵاکرد پێش ئەوەی کۆتا جووڵەیان بە وریاییەوە ئەنجامبدەن کە پاڵنانەوەی یەکەی کۆڵۆمبیا بوو بۆ دەرچوون لە کۆتا خولگە لە کۆی ٣٠ خولگەکەی مانگ بۆ پەیداکردنی ڕێڕەوی گەڕانەوە بۆ زەوی، لە بەرواری ٢٤ تەمووز و پاش مانەوەیان بۆ زیاتر لە ٨ ڕۆژ لە بۆشاییدا، گەڕانەوە بۆ زەوی و لە زەریای هێمندا لەڕێی پەڕەشووتەوە لەسەر ڕووی ئاوەکە لەنگەریانگرت.

یەکەم هەنگاوی ئارمسترۆنگ لەسەر ڕووی مانگ ڕاستەوخۆ لە ڕێی تەلەفزیۆنەوە پەخشکرا بۆ بینەران لە سەرانسەری زەوی، پێشکەشکارەکە وەسفی ڕووداوەکەی بەم جۆرە کرد “هەنگاوێکی بچووک بۆ پیاوێک، بازدانێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی" ئەپۆلۆ ١١ بە کاریگەرییەکەی سەرکەوتنی ئەمریکای سەلماند لە پێشبڕکێکانی بۆشایی ئاسمان بۆ سەلماندنی گرنگی گەشتەکانی بۆشایی، بە جێبەجێکردنی ئامانجە نەتەوەییە پێشنیارکراوەکەی جۆن ئێف کەنەدی لە ١٩٦١ کە وتبووی “من بڕوام وایە ئەم نەتەوەیە دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت بە بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، کە ئەویش نیشتنەوەی مرۆڤە لەسەر ڕووی مانگ و گەڕانەوەی بە سەلامەت پێش کۆتایی هاتنی ئەم سەدەیە” 


سەرچاوەکان



677 بینین