شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکاراندا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-09-06-12:20:00 - کۆدی بابەت: 6511
شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکاراندا

ناوه‌ڕۆك

تەمەنی هەرزەکاری 

تەمەنی هەرزەکاری قۆناغێکە لە قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤ، لە دوای قۆناغی منداڵییەوە دەستپێدەکات تاکوو قۆناغی لاوی و پێگەیشتن، بۆیە کەسایەتی هەرزەکار تایبەتمەندی هەردوو قۆناغی منداڵی و لاوی تێدایە، بەڵام ئەم قۆناغە هەندێ کات قورس و ئاڵۆزە بۆ کەسی هەرزەکار و دەوروبەرەکەی، بەهۆی ئەو گۆڕانکاڕی و گەشەکردنەی لە جەستە و دەروون و ژیری تاکی هەرزەکار ڕوودەدات و هەروەها بەهۆی گۆڕانکارییە کیمیایی و هۆرمۆنی و فسیۆلۆجییەکان کە لە جەستەدا پلە بە پلە دەرئەکەوێت دەروون و ڕەفتاری کەسی هەرزەکار ماندوو دەکات، بۆیە پێویستە لەسەر خێزان و دەوروبەرەکەی بە درووستی مامەڵە لەگەڵ کەسی هەرزەکار بکەن تاوەکو گەنجێکی بەهێز و بەتوانا لە داهاتوودا پەروەردە ببێت. 

قۆناغەکانی هەرزەکاری 

قۆناغی یەکەم

ئەم قۆناغە لە تەمەنی یانزە ساڵی تاکوو تەمەنی چواردە  ساڵی دەستپێدەکات، لەم قۆناغەدا گۆڕانکارییە بایۆلۆجییەکانی جەستە و گەشەکردن زۆر بە خێرایی لە کەسی هەرزەکاردا دەرئەکەوێت.

قۆناغی ناوەندی 

لە تەمەنی چواردە ساڵی تاکوو قۆناغی هەژدە ساڵییە، گۆڕانکارییە بایۆلۆجییەکان و گەشەکردن کامڵ دەبن و کۆتاییان پێی دێت.

قۆناغی درەنگی/ دواکەوتنی هەرزەکاری

 ئەم قۆناغە لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەستپێدەکات بۆ تەمەنی21 ساڵی، لەم ماوەیەدا ڕووخسار و شێوەی کامڵ دەبن، خوڕەوشت و کەسایەتی لەم قۆناغەدا دروستدەبێت. 

شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکاراندا

دەکرێت قۆناغی هەرزەکاری زۆر بە ئاسایی و بە سرووشتی تێپەڕ بێت بەبێ بوونی هیچ کێشە و ئاڵۆزیەك بەڵام هەندێکات دەکرێت ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە و ناتێگەیشتن ڕوو بدات لە نێوان دایک و باوکان و منداڵەکانیان لەم قۆناغەدا، بەهۆی تێنەگەیشتن و نەبوونی زانیاری تەواو و پێویست لە لایەن دایك و باوکانەوە لەسەر ئەم قۆناغە، بۆیە کێشە و لێك تێنەگەیشتن لە نێوانیان ڕوودەدات، زۆر پێویستە کە دایك و باوك وەکوو بەخێوەکەری منداڵ زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەم قۆناغە، چوونکە کەسایەتی و سەرکەوتنی گەنج لەداهاتوودا تاڕادەیەك پەیوەستە بە قۆناغی هەرزەکارییەوە،  و لێکەوتەی زۆری دەبێت لەسەر کەسایەتی تاك لە داهاتوودا، گرنگترین ئەو ئامۆژگارییانەی کە بۆ مامەڵەکردنێکی گونجاو و تەندروست پێویستە دایك و باوك و تاکی هەرزەکار بیزانن ئەمانەن:
- تیشك خستنە سەر ئەو لایەنە ئەرێنییانەی کە لە کەسایەتی هەرزەکار هەیە و دوورکەوتنەوە و گەورەنەکردنی لایەنە نەرێنییەکانی، و بەراوردنەکردنی بە کەسانی هاوتەمەنی خۆی.
- گرنگیدان و خۆشەویستی دەربڕین بۆ هەرزەکار بە شێوەیەکی هاوسەنگ و درووست، دوور بێت لە زێدەڕۆیی تاکوو بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و بتوانێت بەرپرسیارێتی کارەکانی هەڵبگرێت.
- ڕێزگرتن لە هاوڕێ و دۆستەکانی.
- هاوبەشی حەز و خولیاکانی، بە هۆی بوونی جیاوازی تەمەن لە نێوان دایك و باوك و هەرزەکار، هەروەها جیاوازی خولیاو و حەزەکانیان، بۆیە زۆر پێویستە کە هاوبەشی و بایەخ پێدان بۆ حەز و ئارەزووەکانیان هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لێک تێگەیشتن و نزیکبوونەوە ڕووبدات.
- دیاریکردنی سنوورێك بۆ هەرزەکار و یارمەتی دانی بۆ دۆزینەوەی خواست و خولیاکانی و پاڵپشتی و پشتیوانی لە بیرۆکە و قسەکانی.
- قبوڵکردنی ئەوەی کە منداڵە بەناز و بچووکەکەت کە بۆ هەموو شتێك پرس و ڕای بەتۆ ئەکرد و پشتی پێت دەبەست، ئێستا هەوڵی خۆ سەپاندن و دۆزینەوەی کەسایەتییەتی، بۆیە پێویستە بازنەی ئازادییەکانی فراوانتر بێت.
- پشوو درێژی و ئارامی لە کاتی هەڵەکردنی هەرزەکار. 


سەرچاوەکان



3455 بینین