نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-06-13:21:00 - کۆدی بابەت: 6512
نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ 

ناوه‌ڕۆك

نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ چییە؟

نەشتەرگەران هەڵدەستن بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگە کە پێشی دەوترێت نەشتەرگەری ڕاستکردنەوەی جومگە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و باشکردنی ئەرکەکانی جومگەی ئەژنۆ، کە لەم نەشتەرگەرییەدا ئێسک و کڕکڕاگەی تێکچوو دەردەهێنرێت و دەگۆڕدرێت بە ئێسک و کڕکڕاگەی نوێ یان دەرهێنانی جومگەی تێکچوو و گۆڕینی بە جومگەیەکی نوێ یان بە پلاستیک، پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەش پزیشک وێنەی ئەژنۆکە سەیردەکات بە تیشکی ئێکس بۆ زانینی ڕێژەی زەرەرەکە و زانینی ئەوەی ئایا نەخۆش پێویستی بە نەشتەرگەرییەکە هەیە یان نا، ڕەنگە بە چەندین هۆکار ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام بدرێت بەڵام بڵاوترینی ئەم هۆکارانە هەوکردنی جومگەکەیە.

جۆرەکانی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ

پزیشکان کێشەی ئەژنۆ لە ڕێگەی دەرمان یان چارەسەری سروشتییەوە چارەسەر دەکەن، بەڵام لە ئەگەری شکست هێنانی ئەم چارەسەرانەدا پەنا دەبەنە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری کە تێیدا جومگەی ئەژنۆی تێکچوو دەگۆڕن، ئەم نەشتەرگەرییەش چەند جۆرێکی هەیە، ئەوانیش:

- گۆڕینی تەواوی ئەژنۆ: ئەم جۆرەیان بڵاوترینە، کە تێیدا ئێسکەکانی ڕان و لاقیش کە بەستراون بە ئەژنۆکەوە دەگۆڕدرێن.
- گۆڕینی بەشەکی ئەژنۆ: کاتێک هەوکردنی جومگەکە کاردەکاتە سەر لایەکی ئەژنۆ، ئەوکات پزیشک بەشی تێکچوو لادەبات و بە بەشێکی باش جێگەی دەگرێتەوە.
- گۆڕینی کڵاوەی ئەژنۆ: کڵاوەی ئەژنۆ بەشی پێشەوەی ئەژنۆیە و لە ئەگەری توشبوونی بە تێکچوون پزیشک دەیگۆڕێت، بەڵام ڕێژەی سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەرییە زۆر نییە، بۆیە پزیشکان پێیان باشترە کە تەواوی جومگەی ئەژنۆ بگۆڕن لە ئەگەری تێکچوونی کڵاوەی ئەژنۆ.
- گۆڕینی پێکهاتە دەستکردەکەی ئەژنۆ: لەم نەشتەرگەرییەدا جومگەی دەستکرد دەگۆڕدرێت بە یەکێکی تر، ئەم جۆرەش ئەنجامدەدرێت لەکاتی توشبوون بە هەوکردنێکی زۆری جومگەی ئەژنۆ یان لەکاتی ئەنجامدانی زیاتر لە دوو نەشتەرگەری گۆڕینی ئەژنۆ.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ 

هەوکردنی جومگەی ئەژنۆ بڵاوترین هۆکاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆرینی جومگەی ئەژنۆیە، ئەویش بەهۆی ئەو تێکچوونە زۆرەی لە کڕکڕاگەدا دروستی دەکات، چەندین هۆکاری تریش هەن بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە، لەوانەش:

- هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی: لەکاتی توشبوون بە هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدیدا بەرگرییە کۆئەندام هێرش دەکەنە سەر جومگەی ئەژنۆ و دەبنە هۆی تێکشکانی.
- تێکچوونەکان: هەندێک کەس ڕەنگە پێیان لاربێت لەگەڵ لەدایکبووندا و ئەمەش کێشە دروست دەکات بۆ لە حاڵەتی جومگەی ئەژنۆی ئاسایی.
- توشبوون بە پێکانی ئەژنۆ: توشبوون بە پێکان لە ئێسکەکان یان بەستەرەکانی ئەژنۆدا هۆکارە بۆ ڕوودانی هەوکردن و کورتهێنانی جوڵە و ڕوودانی ئازاری زۆر لە ئەژنۆدا، ئەم نەشتەرگەرییەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە و باشکردنی جوڵەیە.
- نەمانی وروژمی خوێن: ڕەنگە پزیشکان پەنا ببەنە بەر ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە لەکاتی نەمانی وروژمی خوێن بۆ ئەژنۆ لە پێناو گێڕانەوە و باشکردنەوەی وروژمی خوێن.

لێکەوتەکانی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ

لەکاتی لەرزین و سەرما یان دەرچوونی کێم لە شوێنی نەشتەرگەرییەکە یان تای پاش نەشتەرگەری پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت، دەکرێت چەندین لێکەوتەی خراپیش ڕووبدەن لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆرینی جومگە، لەو لێکەوتانەش:

- تێکچوونی ئەژنۆ دەستکردەکە بەپێی کات.
- ڕوودانی خوێنبەربوون.
- دروستبوونی خوێنی مەییو لە لاق و سییەکان.
- پەیدابوونی کێشەی هەناسەدان.
- ڕوودانی نۆرەدڵێ.
- ڕەقبوونی ئەژنۆ.
- تێکچوونی دەمارەکانی ئەژنۆ.
- جەڵتەی مێشک.


سەرچاوەکان



1000 بینین