ئەو نیشانانەی کە دەیسەلمێنێت دایکت باشترین هاوڕێی تۆیە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-07-15:15:00 - کۆدی بابەت: 6530
ئەو نیشانانەی کە دەیسەلمێنێت دایکت باشترین هاوڕێی تۆیە

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندی ئەو دایکانەی کە باشترین هاوڕێی منداڵەکانیانن

دایکان کەسانێکی میهرەبان و پڕ لە خۆشەویستین، پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک زیاترە لە پەیوەندییەکی جێنێتیکی، دایک دەتوانێت تەنها بە بیستنی دەنگی منداڵەکەی بگاتە ئەوپەڕی خۆشبەختی، هاوڕێیەتی نێوان دایک و منداڵ جوانترین جۆری هاوڕێیەتییە.

ئەو نیشانانەی کە دەیسەلمێنێت دایکت باشترین هاوڕێی تۆیە

دایکت باشترین پاڵپشتی تۆیە

باوەڕ و متمانەی پێتە کە هەمیشە دەتوانیت باشترین بیت، هەمیشە پاڵپشتیت دەکات بۆ کارەکانی ڕۆژانەت و لە هەموو بارودۆخێکدا پشتت دەگرێت و هەر کارێک دەکات تاکوو دڵخۆش بیت.

هەمیشە تامەزرۆی بیستی هەواڵێکە لە تۆوە

کاتێک ڕووداوێکی خۆش ڕوودەدات لە ژیانتدا پێت خۆشە کە بە تەواوی خێزان و هاوڕێکانت بڵێیت، بەڵام یەکەمین کەس کە تامەزرۆی هەواڵی خۆشە لە تۆوە و بەو هەواڵە زیاتر خۆشحاڵ دەبێت دایکتە.

پێشنیاری گرنگت بۆ دەکات و گوێ بۆ پێشنیارەکانیشت دەگرێت

کاتێک دووچاری سەرلێشێواوی بویتەتەوە یەکەمین کەس کە دەتوانێت یارمەتیت بدات و ڕزگارت بکات، دایکتە بە گوێگرتن بۆت و پێشنیاری باش دەیەوێت یارمەتیت بدات، هەروەها دایکیشت کاتێک تووشی گوومان و دڵەڕاوکێ دەبێت لە بابەتێکدا دێت و پرست پێ دەکات و ڕای تۆش وەردەگرێت.

بە تەواوی ڕاستگۆیت لەگەڵیدا

کاتێک دایکت زۆر هاوڕێیەکی نزیکتە فێری ئەوەی کردوویت کە هەرگیز درۆی لەگەڵدا نەکەیت بۆ هیچ کارێکت و هەمیشە ڕاستییەکانی پێ بڵێیت، بۆیە ئەگەریش بتەوێت درۆ بکەیت ناتوانیت و هەوڵ دەدەیت ڕاستییەکانی بۆ باس بکەیت.

هەمیشە ڕاستییەکانت دەڵێت

ئەم جۆرە دایکانە هەمیشە ڕاستگۆن لەگەڵ منداڵەکاندا، چونکە درۆکردن خەڵکی دوور دەخاتەوە لە یەکتری و هاوڕێیەتی کاڵ دەکاتەوە، ئەم دایکانە لە هەموو بارودۆخێکدا قسەی ڕاست دەکەن ئەگەر هات و ڕاستییەکەش زۆر قورس بێت هەرگیز درۆ ناکەن لەگەڵتدا.

ڕێز لە بیروباوەڕەکانت دەگرێت 

ئەم دایکانە ڕێز لە بیروباوەڕ و بۆچوونەکانت دەگرن، کاتێک بیروباوڕ و بۆچوونیشت جیاوازە لەگەڵ بیرکردنەوەی دایکتدا هەوڵ دەدات لێت تێبگات و ڕێز لە بیرو بۆچوونەکەت دەگرێت.

هەر کاتێک بتەوێت ئامادەیە

دایک تاکە کەسە هەر کاتێک کارت پێی هەبێت بێ دوودڵی بۆت ئەنجام دەدات چ دوور بێت یاخود نزیک، لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانیت تەلەفۆنی بۆ بکەیت و داوای یارمەتی لێ بکەیت، و هەرگیزیش بێزار نابێت.

چێژ دەبینێت لە پەیوەندی نێوان تۆ و هاوڕێکانت

ئەم دایکانە چێژ وەردەگرن لە بوونی هاوڕێیەتیت و پەیوەندیت لەگەڵ هاوڕێکانتدا و بێزاری دەرنابڕێت لە هاتنی هاوڕێکانت بۆ ماڵەوە و ئەویش وەک تۆ پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵدا دروست دەکات.

کاتێکیش تۆ خۆتت خۆش ناوێت ئەو خۆشی دەوێیت

هەندێک کات دێتە پێشەوە کە ئەوەندە لە ژیان و خۆت بێزار دەبیت، هەست بە تێکشکان و ڕق لێبوونەوە دەکەیت لە خۆت، بەڵام دایک لەم کاتەدا قورسەدا تاکە کەسە کە تۆی خۆش دەوێت و یارمەتیدەرتە.

پەیوەندییەکەتان ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە

ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ پەیوەندییەکەتان زیاتر دەبێت و تێکەڵتر دەبن و زیاتر خوو دەگرن بە یەکەوە.


سەرچاوەکان



995 بینین