مووسڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-09-14-19:17:00 - کۆدی بابەت: 6578
مووسڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاری مووسڵ یان موصل (بە ئینگلیزی: Mosul) ناوەندی پارێزگای نەینەوایە، لە دوای شاری بەغداد دووەم گەورەترین شاری عێڕاقە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان و ڕووبەرەکەی، ژمارەی دانیشتووانی لە کۆتا خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی عێڕاق نزیکەی سێ ملیۆن و حەوسەد و پەنجا کەس بووە، دووری نێوان مووسڵ و شاری بەغداد نزیکەی 465 کیلۆمەترە. 

واتای ناوەکەی

مووسڵ لە زمانی عەرەبیدا بە واتای گەیەنەر یاخود گەیاندن دێت، وتراوە بەهۆی ئەوەی گەیەنەری نێوان دیجلە و فوڕاتە، یاخود وڵاتی عێڕاقی گەیاندووە بە نیمچە دوورگەی عەرەبی بۆیە بەو ناوە ناونراوە، هەروەها پێی دەوترێت شاری خاوەن دوو بەهار (موصل أم الربيعين) چوونکە کەشوهەوای شارەکە لە وەرزی پاییز و بەهاردا فێنك و دڵگیرە، پێیشی دەوترێت مووسڵی حەدبا واتای لار و قەمبوور، بەهۆی بوونی منارە و بڵندگۆی مزگەوتی نووری کە شێوەیەکی لاری هەیە و ڕاست نییە، بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە. 

شوێنی جوگرافی

مووسڵ دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتی عێڕاق ڕووباری دیجلە ئەم شارە دەکات بە دوو بەش، لای ڕاستی ڕووباری دیجلە بەشە کۆنەکەی شارەکەیە و لای چەپی ڕووباری دیجلە بەشە نوێیەکەی شارەکەیە بۆیە پێی دەڵێن مووسڵی چەپ و مووسڵی ڕاست.

شێوەزار و زمانی فەرمی

دانشتوانی شاری مووسڵ بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، عەرەبی زمانێکی فەرمییە لەو شارە، بەڵام خەڵکی مووسڵ شێوەزارێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و جوودایان دەکاتەوە لە شێوەزارەکانی تری عێڕاق ئەوان لە کاتی قسەکردندا لە زۆربەی وشەکاندا پیتی ڕ دەکەن بە پیتی غ، بە هۆی شوێنی جوگرافی و نزیکییان لە وڵاتی تورکیا و سووریاوە، بۆیە شێوەزار و قسەکردنیان کاریگەر بووە بە زمانی ئەو وڵاتانە. 

پێکهاتە و ژمارەی دانیشتوان

لە کۆتا خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی عێڕاق ژمارەی دانیشتوانی شاری مووسڵ نزیکەی ملیۆنێک و حەوسەد و پەنجا کەسن، لە ڕووی پێکهاتەی دانیشتوانەوە عەرەبی سەر بە ڕێبازی "ئیسلامی سوننە" زۆرینەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە پێکدەهێنن، کەمینەیەك لە نەتەوەی کورد کە سەر بە هەمان ڕێبازن، لە بەشی لای ڕاست نیشتەجێن

هەروەها پێکهاتەی مەسیحی و سابیئە و تورکمان و یەزیدی و شەبەك نزیکەی 5% دانیشتوانی مووسڵ پێکدەهێنن، بەڵام لە دوای ساڵی 2014 وە بە هۆی شەڕی گرووپە توندڕەوەکان بۆ ئەو شارە زۆرینەی کەمینەکانی مووسڵ کۆچیان کرد و لەو شارە نەماون، تەنانەت لە دوای ئازادکردنی ئەو شارەیش گەڕانەوەی کەمینەکان بۆ شاری مووسڵ کەم بووە.

کەش و هەوا 

بەرزی شاری مووسڵ لەسەر ڕووی ئاوەوە 223مەترە، کەشوهەوای شاری مووسڵ تایبەتمەندە بە هاوینێکی وشك و گەرم، هەروەها زستانێکی ساردی هەیە، تێکڕای باران باریین ساڵانە دەگاتە 375 ملیمەتر، هەروەها بەهۆی ڕووباری دیجلەوە زستانان ڕادەی شێ بەرزە. 

شوێنە گرنگەکانی شاری مووسڵ

شاری مووسڵ چەندان شوێنەواری مێژووی و بایەخدار لە خۆدەگرێت گرنگترینیان ئەمانەن:

  • زانکۆی مووسڵ 

دووەم گەورەترین زانکۆیە لە عێڕاق، لە ساڵی1967 دامەزراوە و 23 کۆلێژ لەخۆدەگرێت، ئەم زانکۆیە پێگەیەکی بەرز و گرنگی هەیە بڕوانامەکەی زۆر بایەخدارە و لە جیهاندا باوەڕپێکراوە، زانکۆیەکە سەرچاوەی زانست و توێژینەوەکانە، هەمیشە پێشەنگی زانکۆکان بووە لە ڕووی پێگەی زانستی و زیرەکی خوێندکارەکانی.

  • بەنداوی مووسڵ

ئەم بەنداوە لە ساڵی 1984 درووستکراوە لە سەر ڕووباری دیجلە، لە گەورەترین بەنداوەکانی عێڕاقە و چوارەم گەورەترین بەنداوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکەی زۆری هەیە لە دابینکردنی ئاو و کارەبا بۆ ناوچەکە.

  • پەرستگای خوداوەندی خۆری ئاشووری

  • مەزارگەی پێغەمبەر یونس

  • بڵندگۆی مزگەوتی نووری،

بڵندگۆیەکی لار و ناڕاستە، لە کۆنترین و گرنگترین شوێنەوارە ئاینییەکانی مووسڵ و هەموو جیهانی ئیسلامییە

  • شوێنەواری نەمروود 

ئەم ناوچەیە 34 کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، لە کۆندا پایتەختی ئاشوورییەکان بووە، چەند پەیکەرێکی تێدایە و شوێنەواری کۆشکی کۆنی تێداماوە، لە ساڵێ 1980 سێ گۆڕی مێژووی سەردەمی پاشایەتی ئەو سەردەمە و گەنجینەی کۆنی تێدا دۆزرانەتەوە.

  • شوێنەواری ئاشوور

ئەم ناوچەیە 110 کیلۆمەتر لە باشووری شاری مووسڵەوە دوورە، شوێنەوارێکی مێژووییە، چەندان پەیکەر و شوێنەواری سەردەمی پاشا سەنحاریب سەردەمی ئاشوورییەکان لەخۆدەگرێت.

مووسڵ لەسەردەمی دەسەڵاتی گرووپە توندڕەوەکان

ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 ڕۆژێکی ڕەش و ماتەمە لای مووسڵاوییەکان، چونکە لەو ڕۆژەدا هەزاران چەکدارانی داعش چوونە نێو شاری مووسڵەوە دەستیان بەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی ئەو شارە گرت و هێزە عێڕاقییەکان پاشەکشەیان کرد، لە دوای داگیرکردنی ئەو شارە ناوی شارەکەیان گۆڕی بۆ ویلایەتی مووسڵ، بۆ ماوەی سێ ساڵ شاری مووسڵ ژێردەستەی حوکمی داعش بوو، چەندان شوێنی بایەخدار و مێژووی لەناوچوون، لەوانە لەناوبردنی شوێنەوارە مێژوویی و پەیکەرەکانی مۆزەخانەی مووسڵ و تەقاندنەوەی مەزارگەی پێغەمبەر یونس و منارە و بڵندگۆی مزگەوتی حەدبا و خاپوورکردنی ئوتێلی ئۆپەرێی شاری مووسڵ کە گەورەترین ئۆتیلی شارەکە بوو لەسەر کەناری ڕووباری دیجلە درووستکرابوو، تەقاندنەوەی شەقام و پردە ستراتیژییەکانی شارەکە، خاپوورکردنی گەڕەک و بازاڕە کۆن و دێرینەکانی لای ڕاستی شاری مووسڵ، هەروەها زیانێکی زۆر بەر زانکۆی مووسڵ کەوت و کتێبخانەی نێوەندی کە بەناوبانگترین کتێبخانەی زانکۆی مووسڵ بوو بە هەزاران کتێب و سەرچاوەی مێژووی تێدا بوو سوتێنرا و خاپوور کرا.

ئازادکردنی شاری مووسڵ

لە ساڵی2017 سەرۆك وەزیرانی عێڕاق حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵی ڕاگەیاند و بە هاوپەیمانی هێزە سەربازییەکانی عێڕاق پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هاوکاری هێزی هاوپەیمانان توانیان مووسڵ ئازاد بکەن لە ماوەی نۆ مانگ لە 10ی مانگی تەمموز بە فەرمی ئازادکردنی مووسڵ ڕاگەیاندرا، شایەنی باسە ئەم داگیرکارییە چەندان لێکەوتە و کارەساتی بەجێ هێشت لەسەر دانیشتوانی شارەکە، بە هەزاران کەس شەهید و بێ سەروشوێن بوون، چەندان کەس ماڵ و موڵک و سامانیان لەدەستدا و بەشێکی زۆری دانیشتوانی مووسڵ ئاوارە و دەربەدەری شارەکانی تر بوون، بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی شارەکە تاکوو ئێستا بەردەوامە.

شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای مووسڵ

  • حەمام عەلیل 
  • گەیارە
  • تەلەعفەر
  • بەعشیقە
  • شورە
  • بەڕتەڵە

کەسایەتییە بەناوبانگەکانی شاری مووسڵ

- شاعیری سەردەمی عەباسی ئەبوو تمام
- زانا و مێژوونووسی سەردەمی عەباسی ئیبن ئەسیری جورزی
- وەزیری عێڕاقی ناسراو مەحموود شیت خەتاب
- زانای بواری فیزیا کامیل ئەدهەم دەباغ
- خانمە تەلارسازی ناودار زوها حەدید
- هونەرمەند کازم ساهر
- هونەرمەند جواد سەلیم 


سەرچاوەکان



1363 بینین