پشکنینی هۆڕمۆنی سایرۆیدەڕژێن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-23-16:07:00 - کۆدی بابەت: 6010
پشکنینی هۆڕمۆنی سایرۆیدەڕژێن

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی هۆڕمۆنی سایرۆیدەڕژێن

ئەم پشکنینە پشکنینێکی خوێنە بۆ پێوانی هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆیدەڕژێن TSH و T3 و T4 بەکاردێت، سایرۆید (غودە) ئەندامێکی بچوکی شێوە پەپولەییە کە دەکەوێتە نزیکی گەرووەوە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایۆدین لە خواردنی ڕۆژانەدا هەیە، ئەم هۆڕمۆنانە دەردەدات Triiodothyronine (T3) ،Thyroxine (T4)، کە یارمەتی لەش دەدەن بە شێوەیەکی دروست وزە بەکاربهێنێت و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاراستنی کێشی لەش، پلەی گەرمی لەش، بەهێزی ماسولکەکان، و باری دەروونی مرۆڤیش، هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆیدەڕژێن TSH لە ئەندامێکی مێشکدا درووست دەبێت پێی دەوترێت ژێرلانک.

پەیوەندی نێوان TSH, T3, T4

کاتێک ڕێژەی هۆڕمۆنەکانی سایرۆید (T3, T4) لە خوێندا کەم دەکات ژێر لانک هۆڕمۆنی هاندەری TSH کە پێی دەوترێت (TRH (TSH realising hormone زیاتر دروست دەکات، بەمەش ئاماژە دەنێرێت بۆ سایرۆید تاکوو دەست بکات بە دەردانی T3, T4 زیاتر واتە ئەگەر ڕێژەی T3, T4 کەم بێت دەبێت ڕێژەی TSH زۆربێت.

هەروەها بە پێچەوانەوە ئەگەر ڕێژەی T3, T4 لە خوێندا بەرز بێت ژێر لانک هۆڕمۆنی TSHـی کەمتر دەردەدات تاکو بەرهەمهێنانی T3, T4 کەم بکاتەوە، ئەگەر ڕێژەی TSH لە ڕێژەی ئاسایی زیاتر یان کەمتربوو نیشانەیە بۆ ئەوەی کە سایرۆید بە باشی کارناکات، کە سایرۆدیش بە باشی کاری نەکرد دەردانی T3, T4 بە شێوەیەکی ئاسایی نابێت.

هۆکاری ڕێژەی نائاسایی ئەم هۆرمۆنانە و نیشانەکانی

غودەی سام Hyperthyroidism

لەم دۆخەدا ڕێژەیەکی زیاد لە پێویستی هۆرمۆنی T3, T4 لەلایەن سایرۆید و ڕێژەیەکی کەمی TSH لەلایەن ژێر لانکەوە دەردەدرێت، زۆربەی جار بەهۆی تێکچوونی سیستەمی بەرگری لەشەوە ڕودەدات، و زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت وەک لە پیاوان.

ئەو نیشانانەی کە لە کەسی تووشبوودا دەردەکەون

  • لەرزین، بە تایبەت لەرزینی دەستەکان.
  • زۆر ئارەق کردنەوە و بەرگەنەگرتنی گەرما (چونکە ١ گرام لە T4 دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ١٠٠٠ کیلۆ کالۆری).
  • دابەزینی کێش.
  • سکچوون.
  • دڵەڕاوکێ و زوو هەڵچوون.
  • زیادبوونی لێدانی دڵ.
  • تێکچونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.
  • زیادبوونی جوڵەی ڕیخۆڵە.
  • زەقبوونی چاوەکان.

غودەی تەمبەڵ Hypothyroidism

ئەم دۆخە کاتێک ڕوودەدات کە سایرۆید بڕێکی کەم لە هۆرمۆنی T3, T4 دەردەدات و ژێر لانک بڕێکی زۆر لە TSH دەردەدات و زۆرجار بەهۆی کەمی ئایۆدین یان بەهۆی تێکچوونی بەرگری لەش ڕودەدات.

ئەو نیشانانەی کە لە کەسی تووشبوودا دەردەکەون

  • خەواڵوویی و زوو ماندووبوون.
  • زیادبوونی کێشی لەش، یان کێشیان بە ئاسانی دانابەزێت.
  • لاوازبوونی نینۆک و قژ و هەڵوەرینی قژ.
  • بەرگەی سەرما ناگرن و زۆرجار سەرمایانە.
  • وشکبوونەوەی پێست.
  • کەمبونەوەی جوڵەی ڕیخۆڵە و قەبزی.
  • ئازاری ماسولکە و بێ ڕەنگی.
  • کەمی لێدانی دڵ.
  • تێکچونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.


سەرچاوەکان



2606 بینین