میامی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-21-22:23:00 - کۆدی بابەت: 12605
میامی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میامی (بە ئینگلیزی: Miami، بە عەرەبی: ميامي)، بە فەرمی شاری میامی، گەورەشارێکی کەناری و ناوەندی کارگێڕی میامی-دەید کاونتییە لە ساوز فلۆریدا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 442,241 کەس بوو و لە دوای شاری جاکسۆنڤیلەوە دووەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی فلۆریدایه. ئەم شارە ناوەندی گەورە ناوچەیەکی زۆر گەورەتری میامییە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 6.138 ملیۆن کەسە، کە ئەویش سێیەم گەورەترین گەورەناوچەیە لە باشووری ڕۆژهەڵات و نۆیەم گەورەترین گەورەناوچەیە لە ئەمریکا. میامی سێیەم زۆرترین باڵەخانەی بەرزیی وڵاتی لێیە کە زیاتر لە 300 باڵەخانەیە و بەرزی 58ـیان 150 مەتری تێپەڕاندووە. هەروەها، لە ساڵی 2020ـدا لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهان (GaWC)ـەوه بە شارێکی جیهانی بێتا پڵەس پۆلێنکراوە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری میامی 145.23 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 93.23 کیلۆمەتری وشکانی و 52.00 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 4,743.55 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو و گرنگی شارەکە

بە گەڕانەوە بۆ 500-600 پێش زایین، میامی گوندێکی بچووک بوو کە ژمارەی دانیشتووانەکەی سەد کەس بوو و کەوتبووە سەر ڕێژگەی ڕووباری میامی. میامی تاکە شاری سەرەکیی ئەمریکایە کە لە لایەن ئافرەتێکەوە بە ناوی جولیا تاتڵ (Julia Tuttle) دۆزراوەتەوە، جولیا خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویە بوو کە شارەکەی لەسەر بنیادنراوە. پاشان وردەوردە ناوچەکە گەشەی سەند و کۆچبەران لە ناوچە جیاوازەکانەوە ڕوویان لێکرد، تا بوو بەو میامییەی کە لە ئێستادا ناوەندێکی سەرەکی و پێشەنگە لە بوارەکانی دارایی، بازرگانی، ڕۆشنبیری، هونەر و بازرگانی نێودەوڵەتیدا. گەورەناوچەی میامی گەورەترین ئابووریی شارستانییە لە فلۆریدا و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییەکەی له ساڵی 2017ـدا 344.9 ملیار دۆلار بوو. بەپێی توێژینەوەیەکی UBS کە لە ساڵی 2018 لەسەر 77 شاری جیهانی کرا، میامی دووەم دەوڵەمەندترین شاری ئەمریکایە و لە توانای کڕینیشدا سێیەم دەوڵەمەندترین شاری جیهانە.

میامی یەکێکە لەو شارانەی ئەمریکا کە کەمتر لە 50%ـی دانیشتووانەکەی لە هاوڵاتی سپی پێستی ناهیسپانی پێکهاتووە، له ساڵی 2020ـدا 70.2%ـی دانیشتووانی میامی هیسپانی و لاتینی بوون. ناوجەرگەی شاری میامی زۆرترین ژمارەی بانکە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکای تێدا چڕبووەتەوە و شوێنی چەندین کۆمپانیای گەورەی نیشتیمانی و نێودەوڵەتییە. ناوچەی تەندروستیش شوێنی چەند نەخۆشخانەیەکی سەرەکی‌ سەربە زانکۆی میامی و دامەزراوە تەندروستییەکانە، لەوانە نەخۆشخانەی جاکسۆن میمۆریاڵ، کە گەورەترین نەخۆشخانەی وڵاتە و 1547 قەرەوێڵەی تێدایە. جگە لەوانەش، پۆرتمیامی، کە بەندەری دەریایی شارەکەیە، قەرەباڵغترین بەندەری زەریاگەڕیە لە جیهاندا. میامی لە دوای شاری نیویۆرکەوە دووەم گەورەترین ناوەندی گەشتیاریی سەردانکەرانی نێودەوڵەتییە و هەندێک جار بەهۆی گرنگی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا بە "دەروازەیەک بۆ ئەمریکای لاتین" ناودەبرێت. هەروەها لە ساڵی 2019ـدا، میامی پلەی حەوتەمی لە چالاکییە بازرگانییەکان، سەرمایەی مرۆیی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەزموونی کولتووری و بەشداریکردنی سیاسیی وڵاتدا بەدەستهێنا.

ناوی شارەکە

میامی بە ناوی لە ڕووباری میامی (Miami River)ـەوە ناونراوە و ناوی ڕووبارەکەش لە وشەی (Mayaimi)ـەوە وەرگیراوە، کە ناوێکی مێژوویی دەریاچەی ئۆکیچۆبی و ئەو ئەمریکییە ڕەسەنانەیە کە لە دەوروبەری ڕووبارەکەدا ژیاون. هەروەها هەندێک جار میامی بە 305، شاری جادوویی، دەروازەی ئەمریکا، دەروازەی ئەمریکای لاتین، پایتەختی ئەمریکای لاتین و شاری بەدکاری ناودەبرێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

میامی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا گەشەی خێرای بەخۆیەوە بینی و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 1,681 کەسەوە لە سەرژمێری ساڵی 1900 بۆ 249,276 کەس لە سەرژمێری ساڵی 1950 گەشەی کرد. بەدرێژایی نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەم، گەشەی دانیشتووانی میامی خاوبوویەوە و ژمارەی دانیشتووان لە ساڵانی 1950 و 1960 بە ڕێژەی 34.3% زیادیکرد، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی 1970ـدا گەیشتە 334,859. بەڵام لە سێ دەیەی دواتردا تەنها بە ڕێژەی 8.2% زیادیکرد و تا سەرژمێری ساڵی 2000، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە گەشتە 362,470 دانیشتوو. لە ساڵانی 2000 و 2010ـدا ژمارەی دانیشتووانی میامی جارێکی دیکە دەستی بە گەشەکردن کرد، ڕێژەی گەشەکردن 10.2% بوو و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2010ـدا گەشتە 399,457 دانیشتوو. هەروەها خەمڵاندنێکی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی دەریخست کە دانیشتووانی ناوەندی شار لە نێوان ساڵانی 2010 و 2018 بە ڕێژەی نزیکەی 40% گەشەی کردووە. پاشان و لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی 10.7% زیادی کرد و گەشتە 442,241 کەس.

ڕەگەز و نەتەوە

لە ساڵی 1970ـدا، نووسینگەی سەرژمێری 45.3%ـی دانیشتووانی میامی بە هیسپانی 32.9%ـی دانیشتووانی بە سپی پێستی ناهیسپانی و 22.7%ـی دانیشتووانی شارەکەی بە ڕەش پێست دا لە قەڵەم. ژمارەی دانیشتووانی بە ڕەگەز ڕەش پێستی ناهیسپانیی شارەکە لە ساڵی 1990 بە نزیکەی گەشتە 90,000 کەس و نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانیان پێکهێنا. بەڵام لەو کاتەوە ژمارەیان دابەزینێکی بەرچاو و بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە. لە دوایین سەرژمێری ساڵی 2020ـدا دەرکەوتووە کە ژمارەی ڕەش پێستە ناهیسپانییەکان 52,447 کەسە، کە دەکاتە 11.7%ـی کۆی دانیشتووانی شارەکە.

ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش بەهۆی خاوبوونەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتووە هیسپانییەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی میامیەوە بوو، لە ئەنجامدا کۆچکردنی دانیشتووانی بۆ ناوچەی ناوەندی شار لێ کەوتەوە. ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی لە خوارووی 11.8% لە سەرژمێری ساڵی 2000 بۆ 11.9% لە سەرژمێری ساڵی 2010. دوای ئەمە، ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیکرد و لە سەرژمێری 2020ـدا 14.0%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا و ژمارەیان 61,829 کەس بوو. هەروەها، بەدرێژایی ساڵی 2010، ژمارەی دانیشتووە سپی پێستە ناهیسپانییەکانی میامی ژمارەی دانیشتووە ڕەش پێستە ناهیسپانییەکانی شارەکەی تێپەڕاند.

لە ساڵی 2010ـدا، 34.4%ـی دانیشتوانی میامی بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوبا بوون، 15.8% پاشخانی ئەمریکای ناوەڕاستیان هەبوو (7.2% نیکاراگوا، 5.8% هۆندوراسی، 1.2% سەلڤادۆری، و 1.0% گواتیمالای)، 8.7%ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەمریکای باشوور بوون (3.2% کۆڵۆمبی، 1.4% ڤێنزوێلایی، 1.2% پیرۆی، 1.2% ئەرجەنتینی، 1.0% شیلی و 0.7% ئیکوادۆری)، 4.0%ـی دانیشتووانیش لە بنەڕەتدا هیسپانی یان لاتینی بوون (0.5% ئیسپانی)، 3.2%ـی دانیشتووان پۆرتۆ ڕیکۆیی، 2.4% دۆمینیکانی، 1.5%ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک مەکسیکی بوون. جگە لەوەش، 5.6%ـی دانیشتووانی شارەکە لە بنەڕەتدا خەڵکی هیندی ڕۆژئاوا یان ئەمریکی ئەفرۆ-کاریبی بوون (4.4%ـیان خەڵکی هایتی، 0.4% جامایکی، 0.4% باهاما، 0.1% بەریتانی هیندی ڕۆژئاوا، 0.1% ترینیدادی و تۆباگویی، 0.1%ـیان ڕۆژئاواییە هیندیەکانی تر بوون).

لەگەڵ ئەوەشدا 3.0%ـی دانیشتووان هیسپانی ڕەش پێست و 0.4%ـیش بەڕەچەڵەک ئەفریقی بەشی باشووری سەحارا بوون. هەروەها، سپی پێستە ناهیسپانییەکان کە بە ڕەچەڵەک ئەورووپی بوون، 11.9%ـی دانیشتووانی میامییان پێکهێنا، کە ئەوانیش لە 1.7%ـیان ئەڵمانی، 1.6%ـیان ئیتاڵی، 1.4%ـیان ئێرلەندی، 1.0%ـیان ئینگلیزی، 0.8%ـیان فەرەنسی، 0.6%ـیان ڕووسی و 0.5%ـیان بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی بوون. سەرەڕای ئەوانەش، دانیشتووی بە ڕەچەڵەک ئاسیایی 1.0%ـی دانیشتووانی میامیان پێکهێنا، 0.3%ـی دانیشتووان هیندی/هیندۆ-کاریبی، 0.3% چینی/چینی کاریبی، 0.2% فلیپینی، 0.1% ئاسیای دیکە، 0.1% ژاپۆنی، 0.1% کۆری و 0.0%ـی دانیشتوونی شارەکە ڤێتنامی بوون. لە هەمان ساڵدا، 1.9%ـی دانیشتووانی شارەکە ڕەچەڵەکی خۆیان بە ئەمریکی دانا، لە کاتێکدا 0.5%ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون.

ئایین

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2014ـی سەنتەری توێژینەوەی پیوو، ئایینی مەسیحی پەیڕەوکراوترین ئایینی دانیشتووانی میامییە و لەلایەن 68%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت، کە 39%ـیان پرۆتستانتن و 27%ـیان کاسۆلیکین. بە دوای ئایینی مەسیحیشدا ئایینی جوولەکە دێت کە لەلایەن 9%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت؛ ئیسلام و بوودی و هیندۆسی و ئایینە جۆراوجۆرەکانی دیکەش شوێنکەوتووی بچووکتریان هەیە؛ جگە لەوانەش بێ ئایینەکان و ئەوانەی ئایینی خۆیانیان نەناساند 21%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا.

کەشوهەوا

کەشوهەوا میامی خولگەییە، کەشی شارەکە لە زستاندا گەرمێکی خۆشە و هاوینی گەرم، شێدار و درێژە. تێکڕای پلەی گەرمی شارەکه لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە 20.3 پلەی سەدی و لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئابە 29 پلەی سەدییە.

بارانبارین

ساڵانە 1,700 مللیمەتر باران لە میامیدا دەبارێت. شارەکە هیچ وەرزێکی وشکی نییە، بەڵام کەمترین بڕی باران لە زستاندا، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا مانگی شوبات دەبارێت. لە هاویندا، واتە لە مانگی ئایارەوە تا تشرینی یەکەم، بارانێکی زۆر دەبارێت، بەڵام لە شێوەی لێزمە باران و ڕەشەبای برووسکاویدایه، کە لە ماوەیەکی کورتدا بارانێکی زۆر دادەبارێت.

وەرزەکان

زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا گەرمێکی خۆشە. بارانبارین تا ڕادەیەک دەگمەنە و لەلایەن بەرەی هەوای ساردەوە دەهێنرێت کە هەندێک جار لە کیشوەرەکەوە بۆ باشووری فلۆریدا هەڵ دەکات. هەروەها شەپۆلە ساردەکان، کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ناوچە گەورەکانی ئەمریکادا باون، ناگەنە ناوچەکە، بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا ئازار، دەشێت کەمێک هەوای سارد بگەنە ئێرە و پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا بۆ دەوروبەری 5/8 پلەی سەدی داببەزێنن، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە کاتەکانی ڕۆژدا بە مامناوەندی دەمێننەوە و لە دەوروبەری 18/20 پلەی سەدیدا دەبن. لە کانوونی دووەمی 1977، کاتێک شەپۆلێکی سەرمای توند زۆرێک لە ویلایەتە ئەمریکییەکانی گرتەوە، پلەی گەرمی لە میامی و لە شەودا بۆ 0.5- پلەی سەدی دابەزی، بەڵام پلەی گەرمی ڕۆژانە نزیکەی 15 پلەی سەدی بوو.

لە 22ـی کانوونی دووەمی 1985، لە دۆخێکی هاوشێوەدا، نزمترین پلەی گەرمی 1- پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرمی 15 پلەی سەدی بوو. جگە لەوەش، بەهاری شارەکە کورتە و لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان دەخایەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزی پاییز لە میامی، لە مانگی تشرینی دووەمدا کورتترە، کەشی شارەکە لەم دوو وەرزەدا گەرمە و کەشوهەوا بەنزیکەیی هاوشێوەی وەرزی هاوینە، بەڵام بەبێ شێ و ڕەشەبای بروسکاوی. بەڵام هاوینی درێژە، لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت، کەشی شارەکە زۆر گەرمە و هەوا پەنگ دەخواتەوە، هەرچەندە شنەبای دەریایی کەمێک گەرمییەکە ئەهوان دەکاتەوە. بارانبارین و ڕەشەبای بروسکاوی شتێکی باون و زۆربەی کات خۆرەتاوە، ساڵانە بە تێکڕایی 3,155 کاتژمێر تیشکی خۆر بە ئاسمانەوە دەردەشێتەوە.

دەریا

ئاوی دەریا لە میامی ئەوەندە گەرمە کە بەدرێژایی ساڵ دەتوانرێت مەلەی تێدا بکرێت. پلەی گەرمی ئاوی دەریا لە زستاندا بۆ خوار 23.5 پلەی سەدی دانابەزێت، لە کاتێکدا لە هاویندا زۆر بەرز دەبێتەوە.

زریان

لە مانگی حوزەیران تا مانگی تشرینی دووەم، میامی وەک باقی ناوچەکانی فلۆریدا و کەنداوی مەکسیک دەشێت کاریگەری زریانەکانی لەسەر بێت، بەڵام لە مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم زریانەکان باوترن. لە ڕابردوودا چەند زریانێکی وێرانکەر ڕاستەوخۆ ڕوویان لە باشووری فلۆریدا کرد، لەوانە "زریانی گەورەی میامی" لە ئەیلوولی 1926.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری میامی و گەڕان بە سروشتی ناوچەکانی دەوروبەری، مانگی کانوونی یەکەم تا مانگی نیسانە. لە زستاندا، میامی گەرمترین و پارێزراوترین کەشی هەیە لە ئەمریکا و چەندین ڕۆژ خۆرەتاوە، بەڵام هەندێک جار دەشێت کەشوهەوا کەمێک فێنک بێت و بای هەبێت یان باراناوی بێت. کەواتە، کەشوهەوای شارەکە لە زستاندا هەمیشە گونجاو نییە بۆ پشووی کەنار دەریا، هەرچەندە ئاوی دەریا تەنانەت لەم وەرزەدا بۆ مەلەکردن دەشێت. بۆیە باشترین کات ڕەنگە لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە تا کۆتایی مانگی نیسان بێت. سەرەڕای ئەوەی، لە مانگی ئایاردا هەست بە گەرما دەکرێت و ڕەشەبای بروسکاویش زۆرجار هەڵ دەکات، بەڵام هێشتا دەتوانرێت سەردانی ناوچەکه بکرێت.


سەرچاوەکان



37 بینین