سڕبیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-17-16:18:00 - کۆدی بابەت: 6605
سڕبیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی سڕبیا

وڵاتی سڕبیا (Serbia) کە بە شێوەی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری سڕبیا، وڵاتێکی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپایە و یەکێکە لە وڵاتانی بەڵکان، وڵاتێکە دەکەوێتە باشووری تەختاییەکانی پانۆنیان و ناوەڕاستی بەڵکانەوە، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ هەنگاریادا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە سنووری هەیە لەگەڵ ڕۆمانیادا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بولگاریادا، وڵاتی مەکدۆنیای باکوور لە باشووری سنوورەکانی ئەم وڵاتەوەیە و کرواتیا و بۆسنە هەرسک لە ڕۆژئاوایەوە هەڵکەوتوون، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ مۆنتۆنیگرۆدا هەروەها سنووری هەیە لەگەڵ کۆسۆڤۆدا کە خاکێکی پڕ کێشەیە و سڕبیا وەک بەشێک لە خۆی دەیبینێت، دانیشتووانی سڕبیا نزیکەی ٧ میلیۆن کەسە و گەورەترین شار و پایتەختەکەی شاری بەلەگرادە.

زانیاری گشتی

ناو کۆماری سڕبیا
پایتەخت بەلەگراد
زمانی فەرمی سڕبی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨٣ سڕبییەکان
  • ٪٤ هەنگاری
  • ٪٢ ڕۆمانی
  • ٪٢ بۆسنەیی
  • ٪٩ نادیار
ئایین
  • ٪٩٠ مەسیحی
  • ٪٣ ئیسلام
  • ٪١ بێ ئایین
  • ٪٦ ئایینەکانی تر
ڕووبەر ٨٨,٣٦١ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢١) ٦.٩٢٦ میلیۆن کەس
چڕی دانیشتووان ٨٩ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
دراو دیناری سڕبی
داهاتی ساڵانە ٥٢ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٧٤٩٢ دۆلار
کات UTC +1
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٨١

جوگرافیا

وڵاتی سڕبیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپایە، یەکێکە لە وڵاتە داخراوەکانی جیهان کە هیچ سنوورێکی نییە لەگەڵ دەریا و زەریاکاندا، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی نیمچە دوورگەی بەڵکانە کە بەو وڵاتانەی ئەو ناوچەیە دەوترێت، وڵاتی سڕبیا لەنێوان هێڵی درێژی ٤١ بۆ ٤٧ باکوور و بازنەی پانی ١٨ بۆ ٢٣ ی ڕۆژهەڵاتە، ڕووبەری وڵاتەکە ٨٨ هەزار کیلۆمەترە (بە کۆسۆڤۆوە) بەمەش دەبێتە ١١٣ یەم وڵات لەڕووی ڕووبەرەوە، ئەگەر خاکی کۆسۆڤۆی لێدەرکەیت ڕووبەرەکەی دەبێتە ٧٧ هەزار کیلۆمەتر دووجا و دەبێتە ١١٧ یەمین وڵات، سنووری ٢٠٢٧ کیلۆمەتری هەیە لەگەڵ وڵاتانی چواردەوریدا، سڕبیا تا ئەم کاتەش دانی نەناوە بە وڵاتی کۆسۆڤۆدا و وەک بەشێک لە خاکەکەی خۆی سەیریدەکات لەگەڵ ئەوەشدا کۆسۆڤۆ خاکێکی جیا و سنوور و حکومەتی سەربەخۆی هەیە، نزیکەی ٣٥٢ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتی کۆسۆڤۆدا هەیە و هەردوولا لەسەر سنوورەکە پۆلیسی تایبەتیان هەیە و ١١ شوێنی پشکنین لەنێوان هەردوولادا هەیە، ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو و ماوەیەکیش وڵاتی نەمسا و هەنگاریا فەرمانڕەوایی کردووە، وڵاتی سڕبیا لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە وڵاتی یوگسلاڤیایان پێکدەهێنا لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی (کرواتیا، سلۆڤینیا، بۆسنە و هەرسک، کۆسۆڤۆ، مەکدۆنیای باکوور و مۆنتۆنیگرۆ)

چیا دێرینەکانی وڵات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا بوونیان هەیە کە زنجیرە چیای ڕۆدۆپسە، بەرزترین لووتکەی چیا لە وڵاتەکەدا (بەبێ کۆسۆڤۆ)، لووتکەی “میدزۆر”ـە کە بەرزییەکەی ٢,١٦٩ مەترە و لەسەر سنووری سڕبیا و بولگاریادا هەڵکەوتووە، نزمترین خاڵی وڵاتەکەش تەنها ١٧ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە کە ئەمەش دەکەوێتە نزیکی ڕووباری دانووب لە ناوچەی پراهۆڤۆ، گەورەترین دەریاچەی وڵاتەکە دەریاچەی “دێرداپ”ـە و ١٦٣ کیلۆمەتر دووجا ڕووبەرەکەیەتی، وە درێژترین ڕووبار کە بە وڵاتەکەدا تێپەڕبێت ڕووباری دانووبە و بە درێژی ٥٨٧ کیلۆمەتر بەم وڵاتەدا دەڕوات.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی سڕبیا لەژێر کاریگەری ناوچەی ئیوڕاسیا و دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدایە، لە مانگی کانوونی دووەمدا (مانگی ١) تێکڕای پلەی گەرمی لە سفری سیلیزییدایە و لە مانگی تەمووزدا (مانگی ٧) تێکڕای پلەی گەرمی دەچێتە ٢٢ پلە، ئاووهەوای ناوچەکە گەرم و شێدارە یاخود سارد و باراناوییە، لە باکووری وڵاتدا کەشەکە ساردە و بەفر و باران دەبارێت، لە هاویندا گەرمە و ڕێژەی شێ بەرزە، لە باشووری وڵاتەکە کەشەکە لە هاوین و پاییزدا گەرمتر و وشکترە، وە زستانیشی تا ڕادەیەک ساردە و لە چیاکاندا بەفر دەبارێت.

سڕبیا یەکێک لەو وڵاتە ئەورووپیانەیە کە زۆرترین کارەساتی سرووشتی تیا ڕوودەدات و لەو ڕووەوە مەترسیدارە، لە نێوانیاندا (بوومەلەرزە، گەردەلوول، لافاو) کە لافاو زیاتر لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتدا ڕوودەدات، کە هەڕەشەیە بۆ سەر نزیکەی ١٦ هەزار کیلۆمەتر دووجا و بەروبووم و کشتوکاڵی، کاریگەرترین لافاو لە ١٤ ی ئایاری ساڵی ٢٠١٤ دا ڕوویداوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی ٥٧ کەس مردن و زەرەری زیاتر لە ١.٥ میلیار دۆلاری لە ناوچەکە دا.


سەرچاوەکان



1320 بینین