چۆن هەواڵی دووگیانی بدەیت بە منداڵی یەکەمت؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-19-21:26:00 - کۆدی بابەت: 6637
چۆن هەواڵی دووگیانی بدەیت بە منداڵی یەکەمت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بێگوومان هەموو دایکێک بە دوای ڕێگایەکی دروستدایە کە هەواڵی دووگیانی و هاتنە دونیای منداڵێکی دیکە بدات بە منداڵەکەی یاخود منداڵەکانی دیکەی، بە هاتنە دونیای منداڵی نوێ ژیانی منداڵی پێشوو بە تەواوی دەگۆڕدرێت، بۆیە دەبێت دایک بزانێت بە شێوەیەکی گونجاو ئەم هەواڵە بگەیەنێت.

چۆن هەواڵی دووگیانیت بدەیت بە منداڵی یەکەمت؟

هەڵبژاردنی کاتی گونجاو

کاتێکی گونجاو هەڵبژێرە و بهێڵە سکەکەت بگاتە سێ مانگی دووەمی دووگیانی ئینجا پێی بڵێ، چونکە تاکوو ئەوکاتەش سکت گەورە بووە و گۆڕانکاری لە جەستەدا ڕوویداوە بەمەش منداڵەکەت زیاتر لێت تێدەگات، هەڵبەتە لەوانەیە بە هۆی دڵتێکچوون و ڕشانەوەتەوە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیەکەتدا منداڵەکەت هەستت پێ بکات بەڵام باشتر وایە لە سێ مانگی دووەمدا پێی بڵێیت.

بڕیار نییە هەموو وردەکارییەکی پێ بڵێیت

کاتێک پێی دەڵێیت زۆری لەسەر مەڕۆ و بە تەواوی لەسەر چۆنییەتی دووگیان بوون و هەموو ئازار و گۆڕانکارییەکانی پێ مەڵێ، بە سادەیی باسی بکە و ئەگەر پرسیارێکی هەبوو وەڵامی بدەرەوە.

ڕاستگۆیانە ڕەفتار بکە

دڵنیای بکەرەوە لەسەر ئەوەی کە بوونی منداڵی نوێ و بچووک هەرگیز نابێتە هۆی ئەوەی کە من و باوکت تۆمان خۆش نەوێت و لەبیرت بکەین و بەڵکوو تۆمان زیاتر خۆش دەوێت و دەبیتە یارمەتیدەرمان، هەروەها ئەوەی بۆ ڕوونبکەوە کە منداڵی تازە لەدایکبوو زۆر دەگری و بۆیە ناچارین کە ژیری بکەینەوە و لە باوەشی بکەین.

وێنە کۆنەکانی خۆی پێ پیشان بدە

ئەو وێنانەی کاتی دووگیانی بە ئەمەوە گرتووتە پیشانی بدە و پێی بڵێ کە تۆش وەک ئەم لە سکی مندا بوویت، هەروەها وێنەی خۆی کاتێک زۆر بچووکە، تاکوو زیاتر لەمە تێبگات و بزانێت خۆشی بەو قۆناغەدا تێپەڕیووە.

سوود وەرگرن لە توانای بینین

بەردەوام بە هەندێک هۆکار منداڵەکات تێبگەیەنە دەتوانیت بە میوەکان و ئەو کەرەستانەی کە لەلاتە ئەندازەی منداڵەکەی ناو سکتی پێ بڵێی، بڵێی ئێستا ئەوەندە بچووکە بە ئەندازەی پڕتەقاڵێک دەبێت، یاخود بوکێکی بۆ بکڕە و یاری لەگەڵدا بکە و پێی بڵێ تازە لەدایک بووە بووکەکەت و دەبێت وریایی بین بەمەش زیاتر تێدەگات.

خۆشحاڵ کردنی 

دوای ئەوەی باسی دووگیانیت بۆ کردوو و پێت وت کە کەسێکی دیکە دێتە خێزانەکەمانەوە، وای لێبکە بە حەزێکی زۆرەوە چاوەڕوانی لەدایکبوونی بکات و هەر لە سکتەوە خۆشی بوێت، ئەمەش دەتوانیت بە چەند هەنگاوێک ئەنجام بدەیت

بهێڵە لە ڕێگەی سکتەوە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ منداڵەکەتدا

کاتێک کۆرپەکەی سکت دەجوڵێت بە منداڵەکەت بڵێ وەرە دەست بدە لە سکم بزانە چۆن یاری دەکات و دەجوڵێت ئەوە پەلەیەتی کە زوو بێتە دونیاوە و تۆ ببینێت و پێکەوە یاری بکەن.

قسەکردن لەگەڵ کۆرپەکەدا

لە هەفتەی ٢٤ـی دووگیانیدا کۆرپە دەتوانێت دەنگ ببیستێت، بۆیە بە منداڵەکەت بڵێ کە قسە بکات لەگەڵ کۆرپەکەدا و دڵنیایی کەرەوە کە دەنگی تۆ دەبیستێت، بەمەش هەردوولا سوود لەم ڕێگایە وەردەگرن.

کاتی شتوومەک کڕین منداڵی یەکەمت لەگەڵ خۆتدا ببە

کاتێک دەچیت کەلوپەلەکانی کۆرپەکەت بکڕیت منداڵی یەکەمت ببە و پرسی پێ بکە و بڵێ بە ڕای تۆ کام لەمانە جوانترە و چی بۆ بکڕین.

فێری بکە کە چۆن ڕەفتار بکات لەگەڵ کۆرپەکەدا

بە منداڵەکەت بڵێ کە کۆرپەکە زۆر ناسکە و بچووکە بۆیە دەبێت وریایی بین و بە دەنگی بەرز هاوار نەکەین و هەروەها ئازاری نەدەین.

پێکەوە جانتای نەخۆشخانە ئامادە بکەن

کاتێک منداڵبوونت نزیکە وجانتا کۆدەکەیتەوە تاکوو لەگەڵ خۆتدا بیبەیتە نەخۆشخانە، پێکەوە لەگەڵ منداڵەکەتدا کەلوپەلی منداڵە بچووکەکەت حازر بکەن.

ئەگەر دوای ئەوەی  هەواڵی دووگیانیت بە منداڵەکەت دا تووشی لەبارچوون بوویت دەبێت چی بکەیت؟

ئەگەر منداڵەکەتت لەدەست دا و لەبارت چوو، ڕوونیبکەرەوە بۆ منداڵی یەکەمت و پێی بڵێ کە منداڵەکەی سکم نەیتوانیووە بە جوانی گەشە بکات و بێتە دونیاوە و دواتر منداڵێکی دیکەمان دەبێت لە ئایندەدا، ئاساییە ئەگەر کەمێک بگریت و نیگەران بیت لای منداڵەکەتدا بەڵام نابێت هەرگیز منداڵەکەت بخەیتە ژێر کاریگەری ئەم حاڵەتەوە و زۆر باسی بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



1171 بینین