شەپۆلی دەنگ

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-20-16:40:00 - کۆدی بابەت: 6643
شەپۆلی دەنگ

ناوه‌ڕۆك

شەپۆلی دەنگ چییە؟

شەپۆلی دەنگ جۆرێکی شەپۆلی میکانیکی درێژڕەوه کە توانای تێپەڕبوونی هەیە بەنێو تەنەڕەقەکاندا بەهەموو شێوە جیاوازەکانیەوە هەروەها بە نێو گازەکاندا بەڵام لەو شوێنەی کە گەردیلەی هەوا بوونی نەبێت شەپۆلی دەنگ توانای گواستنەوە لەدەستدەدات، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ تەنها توانای بیستی ئەو دەنگانەی هەیە کە لەنێوان لەرەلەری 20-20000 هێرتزدایە و لەو نێوانە نەبێت نایبیستێت، زانای یۆنانی پۆلیۆ یەکەم کەس بوو کە گرنگی بە دەنگ دا لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیدا و هەندێک گریمانەی بۆ دانا، بێگومان زانایانی موسوڵمانیش وەکو ئیبن جیننی و ئیبن سینا ڕۆڵێکی دیاریان لە بوارەکەدا هەبووە، مەودای بابەتەکەشمان لەسەر تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی دەنگە.

تایبەتمەندییەکانی دەنگ

یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان کە هەریەک لە مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان بەکاریان هێناوە بۆ لێک تێگەیشتن لە نێوان شانشینی خۆیاندا دەنگە، کە لەڕێی گوێیەکانەوە بیستوویانە، گوێیەکان شەپۆلە دەنگییەکان دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی کارەبایی و پاشان شەپۆلە کارەباییەکە لە مێشکدا وەرگێڕانی بۆ دەکرێت و ماناکەی لێکدەدرێتەوە و لەوانەیە دەنگە واتاداربێت و بەپێچەوانەوە پێدەچێت ببیسترێت بەڵام بێ واتا بێت، شەپۆلی دەنگیش چەند تایبەتمەندییەکی هەیە:

- ئاستی دەنگ: مەودای ئەو دەنگەیە کە لەوانەیە ببیسترێت لە سەرچاوەی دەنگەوە.
- چڕی دەنگ: بڕی ئەو وزەیەیە کە بەکارهاتووە بۆ گواستنەوەی شەپۆلی دەنگی بە گوێی بیسەر لە سەرچاوەی دەنگەکەوە، دەنگ بەرزکەرەوەش بەهەمان ڕێگا کاردەکات و چڕی دەنگ زیاد دەکات تاکو دەنگەکە بگەیەنێتە مەودای دووریەکی زیاتر.
- کوالێتی: پێوانەیەکە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ڕوونی و تەواوی دەنگەکە لەلای بیسەر.
- درێژەشەپۆل: بریتییە لە دووری نێوان دوو سەری یاخود دوو بنی دوو شەپۆلی دەنگی یەک لەدوای یەک.
- فراوانی: توانای نیشانەی شەپۆلی دەنگە لە سەرچاوەی دەنگەوە کە نیشاندەدرێت لەسەر هێڵکارییەک بە بەراوردکردنی بەرزی درێژە شەپۆلەکە، بە واتای ئەوەی هەرچەندە بەرزی درێژەشەپۆلەکە زیاد بکات ئەوا فراوانی زیاد دەکات و دەنگەکەش بەرزتر دەبێت.
- لەرەلەر (فریکوێنسی): ژمارەی ئەو شەپۆلە دەنگییانەیە کە بەخاڵێکدا تێپەڕدەبێت لە کاتێکی دیاریکراودا "چرکەیەکدا" هەروەها یەکەی پێوانەی لەرەلەر پێی دەوترێت هێرتز.
- خێرایی: یان خێرایی گواستنەوەی شەپۆلی دەنگ لەو ناوەندەی کە تێیدایە، خێرایی دەنگ بەپێی سروشتی ئەو ناوەندەی تێیدایە دەگۆڕێت بەجۆرێک تاوەکو گەردیلەکانی ئەو ناوەندە لەیەکتر نزیکتربن خێراتر دەگوازرێتەوە و لەرەلەری نێوان گەردیلەکان زووتر بۆ یەکتر دەگوازرێتەوە وەک لە تەنە نازیندووەکاندا هەیە و ئەم خێراییەش لە تەنی شلدا کەم دەکات و لە گازدا کەمتر دەبێتەوە.

پۆلێنکردنی دەنگ

زانایانی فیزیا و دەنگ شەپۆلی دەنگیان پۆلێنکردووە بۆ سێ جۆر:

- شەپۆلی بیستراو: ئەو شەپۆلانەن کە مرۆڤ لەتوانایدایە بیانبیستێت و لە نێوان لەرەلەری 15-20 تاکو 20000 هێرتزدایە و بە هەڵکشانی تەمەنیش دادەبەزێت بۆ نزیکی 12000 هێرتز.
- شەپۆلی سەرووی بیستراو: ئەو شەپۆلانەن کە مرۆڤ نایانبیستێت و لەرەلەرەکەشی زیاترە لە 20000 هێرتز.
- شەپۆلی خوار بیستراو: ئەو شەپۆلانەن کە مرۆڤ نایانبیستێت و لەرەلەرەکەیان لە 20 هێرتز کەمترە وەک دەنگی بومەلەرزە و جوڵانی بڕبڕەکانی پشت بەڵام پێدەچێت هەندێک لە گیانەوەران توانای بیستنی ئەم شەپۆلە دەنگییەیان هەبێت.


سەرچاوەکان



5765 بینین