خواردنەوە کحولییەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-21-23:55:00 - کۆدی بابەت: 6663
خواردنەوە کحولییەکان

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی خواردنەوەی کحولی

خواردنەوەی کحولی یان شەراب (بە ئینگلیزی: Alcoholic beverages، بە عەرەبی: المشروبات الكحولية) بریتییە لەو خواردنەوەیەی کە ئیسانۆڵی تێدایە، ئیسانۆڵ جۆرێکی کحولە بەرهەمدێت لە ئەنجامی ترشاندنی میوە یان تۆو یان سەرچاوەی تری شەکر کە دەتوانن ڕۆڵی دەرمان ببینن، بەرکاهێنانی خواردنەوەی کحولی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کولتووری کۆمەڵایەتی زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، زۆربەی وڵاتان یاسای تایبەتیان هەیە بۆ ڕێکخستنی فرۆشتن و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان، ڕێکخستنەکە پێویستی بە دیاریکردنی ڕێژەی سەدی کحول و ئاگادارکردنەوە دەربارەی زیانەکانی بەکارهێنانییەتی تاکوو لەسەر بوتڵەکەی ئاماژەی پێ بدرێت، لە هەندێک وڵاتیش بەکارهێنانی خواردنەوەی کحولی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە، بەڵام خواردنەوە کحولییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا یاسایین، بەرهەمی پیشەسازی جیهانی خواردنەوە کحولییەکان لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر بووە لە ١ تریلیۆن دۆلار.

کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان

خواردنەوە کحولییەکان هێمنکەرەوەن، ئەگەر بە ڕێژەی کەم بخورێتەوە دەبێتە هۆی بەخشینی هەستی دڵخۆشی، نەمانی بێزاری و زیادکردنی ڕووخۆشی، بەڵام ئەگەر بە ڕێژەی زۆر بخورێتەوە دەبێتە هۆی سەرخۆشی، گێژی، بێهۆشی یان مردن، خواردنەوەی شەراب بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی توشبوون بە هەندێک نەخۆشی کە سەرچاوەکەی کحولە، هەروەها زیادکردنی مەترسی زۆر جۆری نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشی تر.

خواردنەوە کحولییەکان لە ئایینی ئیسلامدا

لە ئایینی ئیسلامدا سەرەتا خواردنەوەی کحول ڕێگەپێدراو بووە، بەڵام دواتر خواردنەوە و دروستکردن و مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە و حەرامکراوە، وەک لەم ئایەتەی قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێدراوە: {يَأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوٓاْ إِنَّمَا الخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنصَابُ وَالْأَزْلَٰمُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ} سورة المائدة،آية ٩٠، واتە {ئەی باوەڕداران بێگومان شەرابخۆری و قوماربازی و ئەو بەردانەی كە كراون بە بت و پەرستنیان لە کار و كردەوەكانی شەیتانن كەواتە خۆتان لە ئەو كارانە بپارێزن و دووركەونەوە لێیان تا ڕزگارببن}، هەروەها لە فەرموودەیەکی پیرۆزدا ئاماژە بە حەرامی شەراب و خواردنەوە کحولییەکان دراوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی: عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ قَالَ: (لَعَنَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي الْخَمْرِ عَشْرَةً عَاصِرَهَا وَمُعْتَصِرَهَا وَشَارِبَهَا  وَحَامِلَهَا وَالْمَحْمُولَةُ إِلَيْهِ وَسَاقِيَهَا وَبَائِعَهَا وَآكِلَ ثَمَنِهَا وَالْمُشْتَرِي لَهَا وَالْمُشْتَرَاةُ لَه)
ورواه الترمذي (1295)
واتە: ئەنەسی كوڕی مالیك ڕەزای خوای لێبێت دەگێڕێتەوە لە پێغەمبەرمان (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرموویەتی: لەعنەتی خوای گەورە لە ئەم دە كەسە بێت بەهۆی شەرابەوە، لە ئەو کەسەی دەیخواتەوە، لە ئەوەی دروستی دەكات، لە ئەو کەسەی کە باری دەكات، لە ئەو کەسەی دەیڕازێنێتەوە، لە ئەوەی دەیفرۆشێت، لە ئەوەی كە دەیكڕێت، لەوەشی شوێنەكەی بەكرێ پێدەدات.

جۆرە جیاوازەکانی خواردنەوە کحولییەکان

  1. ڤۆدگا - vodka: بە شێوەیەکی ڕەسەن لە پەتاتە یان تۆوی دانەوێڵەی ترشێنراو بەرهەم دەهێنرێت، هەندێک جۆریشی هەیە لە میوە یان شەکر دروست دەکرێت، ڤۆدگا یەکێکە لەو خواردنەوە کحولییانەی کە زۆرترین خواستی لەسەرە.
  2. ویسکی - whiskey: ویسکی جۆرێکی پاڵاوتەکراوی بەرهەمی کحولییە، لە بەرهەمی پێگەیشتووی ترشێنراوی دانەوێڵەی وەک گەنمەشامی، جۆ، جاودار یان گەنم دروست دەکرێت، تامە ناسراوەکەی ویسکی لەدوای ترشاندنی لە داربەڕووی سپی بە خەڵوزکراودا پەیدادەبێت، ویسکی کوالیتی باش زیاتر لە ٤٠٪ بریتییە لە ماددەی کحولی.
  3. براندی - brandy: ئەم جۆرەی خواردنەوە کحولییەکانیش بە هەمان شێوە لە میوەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بۆ دەستکەوتنی ترشێتی زیاتر لە ترێی زۆر پێنەگەیشتووەوە بەرهەم دەهێنرێت، براندی پێکهاتەکەی ٣٥٪ بۆ ٦٠٪ بریتییە لە کحول، جیا لە ویسکی براندی لە بەرمیلی داریندا هەڵدەگیرێت.
  4. کۆنیاک - cognac: کۆنیاک بە شێوەیەکی تەکنیکی جۆرێکە لە خواردنەوەی براندی بەڵام شێواز و تەکنیکی بەرهەمهێنانی جیاواز و تایبەتە، لە جۆرێکی تایبەتی ترێ بەرهەم دەهێنرێت و پێویستە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەرمیلی بەڕووی فەڕەنسیدا هەڵبگیرێت.
  5. بیرە - Beer: جۆ، ئاو، ڕووەکی هۆپس، کەڕووی ترشێنەر چوار پێویستی جادووین بۆ بەرهەم هێنانی بیرە، شەکری ناو دانەوێڵەی جۆ لەلایەن کەڕووەکەوە دەردەهێنرێت و دەگۆڕدرێت بۆ کحول، هەروەها دانەوێڵەی تری وەک گەنمەشامی، برنج، گەنم و جاودار بەکاردەھێنرێت بۆ دروست کردنی بیرە.
  6. مەیی بەندەر - port wine: خوازراوترین تایبەتمەندی دەبارەی ئەم جۆرەی مەی تامە شیرینەکەیەتی، مەییەکی پتەوکراوە و بۆ یەکەم جار لە پورتوگال بەرهەم هێنراوە.
  7. جێن - Gin: هەروەک ڤۆدگا وایە، ناوەکەی لە تۆوی سنەوبەرەوە هاتووە کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت جیونپە (Juniper)، جێن لە سنەوبەر، توێکڵی ترشەمەنی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ، دارچینی یان بادەم بەرهەم دەهێنرێت، هەموو تامەکانی ناو جێن سروشتین.


سەرچاوەکان



3732 بینین