کریستۆف کیشلۆڤسکی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-22-22:27:00 - کۆدی بابەت: 6678
کریستۆف کیشلۆڤسکی

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە

کریستۆف کیشلۆڤسکی (Krzysztof Kieslowski) یەکێک بووە لە فیلمساز و سیناریۆنووسە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی پۆڵەندا و ئەوروپا، لە ٢٧ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا لەدایک بووە و لەگەڵ باوکیدا کە ئەندازیار بووە و توشبووی نەخۆشی سیل بووە چەندین شارۆچکەی بچووک گەڕاون، لە هەر شوێنێک چارەسەرێکی نەخۆشی سیلیان شک ببردایە دەچوون بۆ ئەوێ، وەک کاسۆلیکییەک گەورەبووە و بڕوای بە پەیوەندی کەسی و تایبەتی هەبووە لەگەڵ خودادا، لە ساڵی ١٩٥٧ و لە تەمەنی شانزە ساڵیدا بەشداری کۆرسێکی ئاگرکوژێنەوە دەکات و دوای سێ مانگ وازدەهێنێت، پاشان بەبێ هیچ ئامانجێک لە وارشۆ دەچێتە کۆلێژی فێربوونی تەکنیکەکانی شانۆ تەنها لەبەر ئەوەی لەلایەن کەسێکی نزیکییەوە بەڕێوەدەبرا، ویستی ببێت بە دەرهێنەری شانۆ بەڵام شکستی هێنا چونکە مەرجی خوێندن لەو بەشەدا بوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بوو، بۆیە لەبری ئەوە خوێندنی سەرەتایی فیلم و سینەمای هەڵبژارد، کۆلێژی جێهێشت و وەک بەرگدووری پۆشاکی شانۆ کاریکرد، دواتر کیشلۆ خۆی لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز (Łódź Film School) ناونووسکرد، ئەو قوتابخانە گرنگەی کە گەورە دەرهێنەرانی وەک ڕۆمان پۆلانسکی و ئاندرێ واژدا لێی خوێندوویانە، پاشان دوو جار داوای پێشکەشکرد و ڕەتکرایەوە، لە پێناو نەچوونی بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەو سەردەمەدا، بڕیار دەدات ببێت بە خوێندکاری بەشی هونەر و ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات و خۆی لە خواردن دەگرێتەوە تاکوو لاواز ببێت و لە ڕووی پزیشکییەوە لەشی بە نەگونجاو دابنرێت بۆ خزمەتی سەربازی، دوای چەند مانگێک لە داواکەی و لە سێیەم هەوڵیدا لە ساڵی ١٩٦٤ لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز قبووڵ دەکرێت، تاکوو ساڵی ١٩٦٨ ئەو کاتەی کە حکومەت ڕێگەیدا بە گەشتکردنی بیانییەکان و چاودێری لەسەر هەڵگرتن، کیشلۆ توانی بەدەوری پۆڵەندادا گەشت بکات بە مەبەستی بەدواداچوونی بەڵگەنامەیی و تۆمارکردنی فیلم، ئەمە بوو بە هۆکاری ئەوەی ئارەزووی بۆ شانۆ نەمێنێت و بڕیاریدا فیلمی بەڵگەنامەیی دروست بکات.

پەیوەندی و خێزان

لە کۆتا ساڵی خوێندنی لە قوتابخانەی فیلمدا لە ٢١ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ خۆشەویستی ژیانی بەناوی ماریا کاوتیلۆ هاوسەرگیری دەکات و هەتا کۆتا هەناسەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچەکەی بە ناوی مارتا (لەدایکبووی ٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٢) پێکەوە دەژین، ئەو لە وەسفی خۆیدا دەڵێت: (تاکە تایبەتمەندی باشی من ئەوەیە کە ڕەشبینم، هەمیشە خەیاڵی خراپترین دەکەم، بۆ من داهاتوو کونێکی ڕەشە).

کارە هونەرییەکانی

  • یەکەمین کاری هونەری کە دووربوو لە فیلمی بەڵگەنامەیی بریتییە لە فیلمی کارمەندان (Personnel) لە ساڵی ١٩٧٥ کە بۆ سەرشاشەی تەلەفزیۆنەکانی دروستکرد و بوو بە براوەی یەکەم خەڵات لە ژیانیدا کە خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی مانهایم بوو، دواتر فیلمی بریندارکردن (The Scar)ی دروستکرد، هەردوو فیلمەکەی نواندنکاری بێ ئەزموون ڕۆڵیان تێدا دەگێڕا و مۆرکی فیلمی بەڵگەنامەییان پێوە دیاربوو.
  • دوابەداوی ئەوە دوو فیلمی دیکەی بەرهەمهێنا بە ناوەکانی ناپیشەگەر ١٩٨٩ (Camera Buff)، بەختی کوێر ١٩٨١ (Blind Chance)، لەم ساتانەدا کیشلۆڤسکی لەگەڵ چەند دەرهێنەرێکی دیکەی پۆڵەندی وەک ئاندرێ واژدا و ژانوس کیژۆوسکی بوون بە هێمای گلەیی کردن لە حکومەتی ئەوکاتە و پێیان دەوترا هەستی سینەمایی نیگەران، بوونی پەیوەندی کیشلۆڤسکی لەگەڵ ئەم دەرهێنەرانە بوو بە هۆکاری ئەوەی حکومەتی پۆڵەندا چاودێری بخاتە سەر ئەم فیلمانەی و بە زۆرەملێ دووبارە دەستکاری بکرێنەوە و وێنەیان بگیرێتەوە، بۆ نموونە فیلمی بەختی کوێر بە شێوەیەکی ڕێگەپێدراو بڵاونەکرایەوە تاکوو ساڵی ١٩٨٧ و بە نزیکەیی شەش ساڵ دوای تەواوکردنی فیلمەکە بڵاوکرایەوە.
  • فیلمی بێ کۆتا ١٩٨٤ (No End) یەکەمین فیلمی سیاسی کیشلۆڤسکی بوو کە تێیدا وێنەی سیاسەتی حکومەتی ئەوکاتەی پۆڵەندای لەکاتی جێبەجێکردنی یاسای سەربازیدا دەخستەڕوو، ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن حکومەت و بەرهەڵستکاران و کڵێساوە ڕەخنەی لێ بگیرێت.
  • پاشان کیشلۆڤسکی لە ساڵی ١٩٨٨ زنجیرەی دێکالۆگ (Dekalog) کە پێشی دەوترێت (دە فەرمانەکەی مووسا) لەگەڵ هاوڕێ پارێزەر و سیناریۆنووسەکەی بەناوی کریستۆف پیزیڤیج دروستکرد کە لە دە فیلمی کورت پێکهاتبوو، دێکالۆگ لە ئێستادا یەکێکە لە زنجیرە ناوازەکانی مێژوو و ناوبانگێکی تایبەتی هەیە، کیشلۆ دەبارەی دێکالۆگ دەڵێت: (من و پیزیڤیچ هەستمان بە بێهیوایی کرد، ڕۆژێکی باراناوی بوو، منیش دەستکێشەکەم وون کردبوو، دواتر لەناکاو پیزیڤیچ سەیری کردم و گووتی: دەبێت کەسێک فیلمێک درووست بکات لەسەر دە ڕاسپاردەکە (دە ڕاسپاردەکەی موسا بۆ گەلەکەی)، پێشنیاریشی کرد من ئەو کارە بکەم، خۆشم نازانم چۆن بوو بڕیارمدا دەست بەو پڕۆژەیە بکەم، کەسمان نەماندەزانی، لەوانەیە بەهۆی کەشوهەواکەوە بووبێت، سەردەمی ئێمە ژیان قورسبوو، هەموو شتێک لە پۆڵەندا لە ئاژاوە و ناخۆشیدابوو، کەس نەیدەرانی چی باشە و چی خراپ، یان بۆچی ئێمە بەردەوامین لەژیانکردن، بیرمان کردەوە وا باشترە بگەڕێینەوە بۆ ڕێسا و بنەما سادەکان).
  • چوار فیلمی کۆتایی کیشلۆ سەرکەوتووترین فیلمەکانین لە ڕووی بارزگانییەوە، ئەم فیلمانەی جەختیان لەسەر پێشهاتە ناڕوون و کردارییەکانی ئەو سەردەمە دەکردەوە وەک دیکالۆگ و بەخت کوێر، بەڵام لە ئاستێکی پێشکەوتووتردا و چیرۆکەکانی زیاتر کۆمەڵایەتی بوون و کەمتر بەلای سیاسەتدا دەڕۆشتن، پۆڵەندا لە چاوی ئەوروپیەکانەوە بەم فیلمانە ناسراوە، یەکەمین فیلم لەم چوار فیلمە بریتییە لە فیلمی دووانە ژیانی ڤیرۆنیکا ١٩٩٠ (The Double Life of Veronique) بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکاری بە توانا ئێرین جەیکۆب، سەرکەوتنە بازرگانییەکەی ئەم فیلمە ڕێخۆشکەربوو بۆ بەدیهێنانی ئاواتی دروستکردنی کۆتافیلمەکانی کیشلۆڤسکی کە بریتیبوو لە سێیینەی سێ ڕەنگەکە(شین، سپی، سوور) ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤.
  • (Three Colours (Blue, White, Red)) ناوی سێیینەکە ئاماژەیە بۆ ڕەنگی ئاڵای فەڕەنسا، ئەم سێ فیلمە بوو بە هۆکاری بردنەوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی وەک خەڵاتی شێری ئاڵتوونی بۆ باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی فیلمی ڤینس و خەڵاتی ورچی زیوی بۆ باشترین دەرهێنەر لە فیستیڤاڵی فیلمی بەرلین، هەروەها پاڵێوراوبوو بۆ سێ خەڵاتی دیکەی ئەکادیمی، لە دوای بەرهەمهێنانی فیلمی سوور لە فیستیڤاڵی فیلمی کاندا لە ساڵی ١٩٩٤ کیشلۆڤسکی وازهێنانی خۆی لە فیلم و سینەما ڕاگەیاند، دەربارەی سینەما کیشلۆڤسکی وتوویەتی: ‏(سینەما هیچ شتێک ناگۆڕێت تەنها وات لێ دەکات لە شتەکان تێبگەیت، ئەوەی جیهان دەگۆڕێت فیلمەکان نین بەڵکوو ئەو خەڵکانەن کە سەیری فیلمەکان دەکەن).

کۆتایی ژیانی

لە ١٣ مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩٦، کەمتر لە دوو ساڵ دوای وازهێنانی لە فیلم و سینەما لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد لە کاتێکدا کە نەشتەرگەری دڵی بۆ ئەنجامدەدرا.


سەرچاوەکان



630 بینین