ماستەرکارد

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-27-13:49:00 - کۆدی بابەت: 6731
ماستەرکارد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

لەم سەردەمەدا لەگەڵ پەرەسەندنی خێرادا مرۆڤ بەرەو ئەو خزمەتگوزارییانە هەنگاو دەنێت کە ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانەی دەکات، و یەکێك لەو خزمەتگوزارییە بایەخدارانەی ژیانی ئێستا بریتییە لە کارتی کریدیت بە هەموو جۆرەکانییەوە، چونکە لە ئێستادا مرۆڤ پێویست ناکات لە هەموو شوێنێک پارە لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت، بەڵکو زۆر بە ئاسانی دەتوانێت تەنها لە چەندین کۆگا و کۆمپانیای نێودەوڵەتیدا بەشداری ماستەرکارد بکات و پارە بدات، بێگومان ئەم کارتانە سوودێکی زۆر بە خاوەنەکانیان دەگەیەنێت و داشکاندنیش بەدەستدەهێنێنن لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا. 

واتای ماستەرکارد 

ماستەرکارد یاخود (MasterCard) بریتییە لە کارتێکی پارەدانی بانکی جیهانی، کۆمپانیایەکی ئەمریکییە تایبەتە بە پارەدان و نزیکەی 5000 فەرمانبەری هەیە، ماستەرکارد مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەدات بە بانکەکانی جیهان بۆ دەرکردنی کارتەکان بۆیان و لە ساڵی 1966 دامەزراوە، چەند مارکە و جۆرێکی ناوداری هەیە ئەوانیش: (Master Card - ماستەرکارد) و (PayPass - پایپاس)، (Maestro/ - ماسترۆ) و (Cirrus - سیرۆس) ئەم مارکانە لەسەر بنەمای هاوکاری کردنی دامەزراوە داراییەکان و بانکەکانی دەرکردنی ئەو کارتانە دانراون، زیاتر لە 28 ملیۆن سایت هەیە کە لەگەڵ ئەم کارتانە مامەڵە دەکات، و پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ماستەرکارد خودی خۆی کارتەکان دەرناکات، هیچ کرێیەکی ساڵانەش ناسەپێنێتە سەر خاوەن کارتەکان و پێویست ناکات بازرگانەکان کارتەکانیان قبوڵ بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا یاسا و سیاسەتی پارەدان تایبەتە و چەند مەرجێکی خۆی هەیە کە پەیوەستن بە چۆنیەتی پارەدان. ماستەرکارد دووەم گەورەترین تۆڕی پارەدانی جیهانیە لە پاش تۆڕی (Visa - ڤایسا)، تۆڕی پارەدانی جیهانی خۆی بەکاردێنێت بۆ ئاسانکردنی مامەڵەکانی پارەدان، ئەم تۆڕە چەند لایەنێك لەخۆدەگرێت لەوانە خاوەن حسابی ماستەرکاردەکان، بازرگانەکان و دامەزراوە داراییەکان کە ئەم کارتانە دەردەکەن، ئەم کارتە دەکرێت وەکوو کارتی کریدت و کارتی داشکاندنیش بەکاربهێنرێت. 

جۆرەکانی ماستەرکارد 

چەند جۆرێکی باوی ماستەرکارد لە جیهاندا بوونی هەیە و هەر جۆرێك و چەندان تایبەتمەندی گرنگی خۆی هەیە، گرنگترین جۆرەکانیشی ئەمانەن: 

کارتی ماستەرکاردی ستاندارد Standard MasterCard

ئەم جۆرە ژمارەیەك لە تایبەتمەندی هەیە لەوانە بەدەستهێنانی یارمەتی فریاکەوتنی لە ناکاو و کتوپڕ لە هەر کاتێك و بە هەر زمانێك و لە هەر شوێنێك بێت، لە کاتی ڕوودانی دزیکردن یاخود ونکردن، هەروەها دەتوانیت بەشداری خزمەتگوزاری پاراستنی ئەژمارەکەت بکەیت لە کاتی بوونی دزین و فێڵکردن و ساختەکاری ئەژمار و کارتەکەت ئاگادار دەکرێیتەوە.

کارتی ماستەرکاردی جیهانی Word MasterCard 

ئەم جۆرەیان هەموو تایبەتمەندییەکانی جۆری یەکەم لەخۆدەگرێت، هەروەها ژمارەیەك داشکاندن و پێشنیاری گرنگی تێدایە بۆ سەفەر کردن و تاقیکردنەوەی شتی نوێ و تایبەت نموونەی یارییە وەرزشییەکان.

کارتی ماستەرکاردی ئیلێتی جیهانی World Elite MasterCard 

ئەم جۆرەی ماستەرکارد لە باشترین جۆرەکانە، هەموو تایبەتمەندی هەردوو جۆرەکەی تری تێدایە، چەندان تایبەتمەندی تری هەیە لەوانە بوونی خزمەتگوزاری (Concierge - کۆنسێرج) ئەم خزمەتگوزارییە تایبەتە بە بازاڕکردن و گۆڕین و بە کرێ گرتنی شوێنەکان. 

جیاوازی نێوان ماستەرکارد MasterCard و ڤایسا Visa

چەند جیاوازییەك هەیە لە نێوان ماستەرکارد و ڤایسا، ڤایسا خزمەتگوزارییەکەی بەرفراوان ترە لە ڕووی مامەڵەکردن و بڕی کڕین و بازاڕیکردن، بۆ نموونە داهاتەکەی لە ساڵی 2020 گەیشتە 21.8 ملیار دۆلار، کە بڕێکی زۆری ئەو داهاتەی لە کرێی کڕین و پرۆسەی داتاکان وەرگرتووە و بڕی ئەو کرێیە زۆرکەمە و جێگیرە، بەڵام ماستەرکارد داهاتی ساڵی 2020ی گەیشتە 15.3 ملیار دۆلار، بە هەمان شێوە بڕێکی زۆری داهاتەکەی لە کرێی سەر خزمەتگوزارییەکان و داتاکانەوە بەدەستهێناوە، ماستەرکارد کەرتێکی تایبەتی هەیە بە چارەسەرییەکانی پارەدان (Payment Solutions) كە بە پێی شوێنی جوگرافی تاکەکان ئەم تایبەتمەندییە دابەشکراوە. 


سەرچاوەکان



669 بینین