بانکی ناوەندی

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2021-09-27-14:23:00 - کۆدی بابەت: 6733
بانکی ناوەندی

ناوه‌ڕۆك

بانکی ناوەندی چییە؟

دامەزراوەیەکی داراییە کار دەکات بۆ ڕێکخستن و چاودێری کردنی جموجوڵە داراییەکان لە وڵاتدا، بانکی ناوەندی بە دامەزراوەیەکی حکومی دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری کارەکانی حکومەت دەکات و پێویستە سەربەخۆیانە کارەکانی بکات بەبێ هیچ لایەنگیرییەک، لە حاڵەتە نەخوازراوەکاندا سیاسەتی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر، بە ئامانجی گەشەدان بە لایەنی ئابووری و ڕێگرتن لە ڕوودانی هەڵئاوسان لە وڵاتدا، بە بانکی بانکەکان دەناسرێت بە هۆی ئەوەی چاودێری هەموو بانکە حکومی و تایبەتەکان دەکات.

مێژووی بانکی ناوەندی

ساڵی 1906 یەکەم بانکی ناوەندیی دامەزراوە لە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا، بۆ یەکەمین جار لە عێراق لەسەردەمی پاشەیەتیدا لە ساڵی 1947 بانک دامەزراوە، کە ناوی بانکی نیشتیمانی بوو، دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بانکی ناوەندی، زۆربەی زۆری وڵاتان بانکی ناوەندی تایبەت بەخۆیان هەیە، لە جیهاندا ژمارەی بانکە ناوەندییەکان دەگاتە نزیکەی 172 بانک.

ئەرکەکانی بانکی ناوەندی

خستنە ڕووی دراوی کاش

  • ئەرکێکی سەرەکی و بنچینەیی بانکی ناوەندییە
  • لەبەر ئەوەی تاکە لایەنە توانای خستنەڕووی دراوی کاشی هەیە بە هەموو جۆرەکانیەوە
  • بە پشت بەستن بە ڕەزامەندی حکومەت توانای هەیە ئەم کارە ئەنجام بدات
  • بە شێوەیەکی گشتی بانکی ناوەندیەسەڵاتی بەسەر کۆی بڕی پارەی ئاڵوگۆڕ کراوی وڵاتدا هەیە.

بانکی حکوومەت

  • حکومەت خاوەنی سامانێکی زۆری داراییە، بانکی ناوەندیی بەرپرسە لە پارێزگاری کردن لە سامانی دەوڵەت بە هەموو سەرچاوە داراییەکانیەوە، وە پارێزگاری کردن لە یەدەگی زێڕ و دراویی بیانی و نێودەوڵەتی
  • بانکی ناوەندیی جیا لەم ئەرکانەیی خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری لە بواری دراو و کاش و دارایی پێشکەش بە حکومەت دەکات.
  • ڕۆڵ دەبینێت لە بەدواداچوون و خستنە ڕووی پشکەکان لەوکاتەی سیاسەتی دارایی گشتی جێبەجێ دەکات.

بانکی بانکەکان

  • چاودێری کارەکانی بانکەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لە دروستی مامەڵەکان، بانکی ناوەندی پارێزگاری لەو یەدەگە داراییە دەکات کە بە یاسا ڕێکخراوە و پێویستە بانکە بازرگانییەکان لە بانکی ناوەندی جێگیریی بکەن،
  • بانکی ناوەندیی توانای ڕێکخستنی ئەو قەرزانەی هەیە کە لەنێوان بانکە بازرگانییەکاندا هەیە، لە ڕێی ئەو دەسەڵاتانەی کە حکوومەت پێیداوە.

مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان

بەو مانایەی هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ تاک و لایەن و کۆمپانیایەک ناکات، تەنها بەرپرسە لە چاودێریکردن و ئاڕاستەکردن و پێدانی ڕێنمایی بە بانکەکان.

ئامانجەکانی بانکی ناوەندی

  • ڕێکخستن و خستنەڕووی دراوی نێوخۆیی بەهەموو جۆرەکانیەوە کانزایی، کاغەزی.
  • چاودێری ئابووری وڵات و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕدا.
  • چاودێریی کردنی بانکە بازرگانیەکان.
  • دیاری کردنی نرخی سوود.
  • دیاریکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی کاش کە حکومەت بڕیاری لەسەر داوە، پڕکردنەوەی پێداویستیەکان و پارەدارکردنی پڕۆژە گشتیەکان هەر بەم شێوە سیفەتی بانکی حکومی وەردەگرێت.


سەرچاوەکان



6126 بینین