ڕەفتاری دروست لەگەڵ ئەو هەرزەکارانەی کە کێشەیان لەگەڵ ڕووخساریاندا هەیە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-29-00:30:00 - کۆدی بابەت: 6745
ڕەفتاری دروست لەگەڵ ئەو هەرزەکارانەی کە کێشەیان لەگەڵ ڕووخساریاندا هەیە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەرزەکاری و تەمەنی پێگەیشتن قورسترین کاتی ژیانی هەر تاکێکە، چونکە گۆڕانکاری زۆر ڕوودەدات لە جەستە و بە تایبەت ڕووخساری کەسەکەدا، وەک گەورەبوونی لووت، زیادبوونی مووی ڕوخسار، زیپکە، ڕەفتاری دروستی دایک و باوک و کەسانی نزیک زۆر گرنگە تاکوو منداڵەکان ئەم قۆناغە بە زوویی و بە باشی تێبپەڕێنن.

چۆن وابکەین کە هەرزەکارەکانمان کێشەکانی ڕووخساریان پشتگوێ بخەن؟

متمانە بەخۆبوونی زیادبکە

باوک و دایک دەبێت ئەوەندە متمانە ببەخشن بە منداڵەکەیان کە هیچ شتێک کاریگەری نەکاتە سەریان وەک بینینی ئەکتەر و فیلم و بەرنامەکان، دەبێت ئەوە بچەسپێنیت لە مێشکیدا کە بە هەموو شێوەیەک خۆی پێ قبوڵ بێت و بەو شێوەیە جوان و جیاوازە کە هەیە.

نەبیت بە هۆکارێک تاکوو هەست بە کەمی خۆی بکات

هەموو هەرزەکارێک هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکات و قوورسە بۆی کە شێوازی ڕووخساری بەو شێوەیە تێکچووە، گرنگە دایک و باوک هۆکارێک نەبن کە منداڵەکەیان ئەم هەستەی لە ناخدا زیاتر بۆ دروست ببێت، بۆ نموونە لە هەموو باردودۆخێکدا تەنها گرنگی بە ڕووخسار و جوانییان نەدەن و زۆر سەیر کردنی ئاوێنە لەلایەن دایکەوە و ڕازی نەبوون بە ڕووخساری و بەردەوام باسکردنی جوانکاری کردن کاریگەری خراپی دەبێت لەسەری.

قسەبکە لەگەڵیدا

گرنگە کاتێک منداڵەکەت دەچێتە تەمەنی هەرزەکارییەوە ببیتە هاوڕێی و لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر نزیک بیت لێیەوە و قسەی لەگەڵدا بکەیت، ئەم کێشەیە زیاتر لە کچاندا ڕوودەدات وەک لە کوڕان بۆیە گرنگە کە دایک زۆر پاڵپشتی کچەکەی بێت.

باوەشی پێدابکە

تەنها قسەکردن بەس نییە بۆ منداڵەکەت لەم تەمەنەدا، بەڵکوو چاوەڕێی خۆشەویستی زیاترە تاکوو ئەم خۆشەویستییە زۆرە لە لایەن دایک و باوکەوە پێی بدرێت، متمانە بە خۆبوونی زیاتر دەکات و کەمتر هەست بە کەمی دەکات و تووشی هەڵە دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە ڕۆژانە باوەشی پێدا بکەیت و زۆر نزیک بیت لێوەی.

بەکارنەهێنانی کەرەستە جوانکارییەکان

هەموو کەسێکی هەرزەکار گۆڕانکاری زۆر ڕوودەدات لە ڕوخساریدا و زۆر ئاساییە، بۆیە نابێت منداڵەکە ئەوەندە متمانەی بە خۆی کەم بێت کە لەو تەمەنە کەمەدا پەنا بباتە بەر میکیاجکردن و زۆر دەستکاری خۆی بکات، بەڵکوو گرنکە کە بەو جۆرە خۆی پێ قبووڵ بێت، هەروەها گرنگە کە لەم تەمەنەدا پاکوخاوێن بیت بەڵام دووربیت لە بەکارهێنانی میکیاج و هەندێک ماددەی کیمیایی دیکە.

چۆن بتوانیت متمانە بەخۆبوونی منداڵەکەت زیاتر بکەیت؟

  • هەلێکی بۆ بڕەخسێنە و بارودۆخێکی بۆ دروست بکە کە بتوانێت سەرکەوتنێک بە دەست بهێنێت تێیدا.
  • لە کاروبارەکانی ماڵەوەدا پرسی پێ بکە و بە کەسێکی گەورە دایبنێ.
  • خاڵی لاوازی مەدەرەوە بە ناوچاویدا.
  • دوورکەوە لە بەکارهێنانی وشەی ناشرین و سووکایەتی پێ کردنی.
  • ڕێزبگرە لە شێوازی بیرکردنەوەی.
  • بەراوردی مەکە بە هاوتەمەنەکانی خۆی.
  • ڕێزبگرە لە کەسایەتیی و ئەگەر هەڵەیەکی هەبوو باسی ئەو هەڵەیەی بکە نەک ئەوەی کە پێی بڵێیت هەموو کار و ژیانی هەڵەیە.


سەرچاوەکان



444 بینین