کۆمپانیای شانێڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-10-11-13:22:00 - کۆدی بابەت: 6850
کۆمپانیای شانێڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای شانێڵ یاخود چانێڵ (بە ئینگلیزی: Chanel) کۆمپانیاییەکی فەڕەنسییە، کار لەسەر دیزاینکردنی پۆشاکی تۆکمە و ڕێکوپێکی سەردەمیانەی خانمان دەکات هەروەها تایبەتە بەدرووستکردنی خشڵ و پێداویستی جوانکاری و بۆنی تایبەت بە خانمان، لە ساڵی 1910 ئەم کۆمپانیایە لەلایەن خانمێک بە ناوی "کوکو شانێڵ" دامەزراوە و شانێڵ بە هۆی کارامەیی لە دیزاینەکانی نازناوی ڕابەر و پێشەنگی دیزاینەری وەرگرتووە، لە ئێستادا خاوەندارێتی ئەم کۆمپانیایە لەلایەن دوو براوەیە بە ناوەکانی "ئالان فێرتهایمەر" و "جێراڕد فێرتهایمەر" نەوەی "بێیر فێرتهایمەرن" کە هەر لە ساڵی 1924 بووە بە هاوبەش و پاڵپشتی دارایی کوکو شانێڵ لە کۆمپانیاکە، لە ئێستادا شانێڵ یەکێکە لە پێشەنگترین و گرنگترین مارکە و مۆدێلە جیهانییەکان، بەپێی گۆڤاری "فۆرێس" قازانجەکانی ساڵی 2012 گەیشتە نزیکەی 1.6 ملیار دۆلار، لە ئێستادا ژمارەی کارمەندەکانی 1200 کارمەندن، کۆمپانیای شانێڵ ساڵانە چوار ملیۆن دۆلار لە بەرهەمهێنانی بۆن قازانج دەکات، کۆی گشتی سامانەکەی بە بڕی 150 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە و ناوی ئەم کۆمپانیایە لە هەموو دونیا بەربڵاوە و ناودارە. 

مێژووی درووستبوونی کۆمپانیای شانێڵ

لە ساڵی 1909 کوکو شانێڵ لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەیەکی ناوچەی "لبالسان" لە پاریس دەستیکردووە بە دیزاین کردنی کڵاو و شەپقەی خانمان کە ئەو سەردەمە زۆر باوی بووە، لەو ماوەیدا شانێڵ پەیوەندی هەبووە لەگەڵ "ئارشەربۆی کابێڵ" کە ئەندامی کۆمەڵەی پیاوانی ناوچەکە بووە، هەر لە ڕێگەی ئەوەوە شانێڵ لە ساڵی 1910 توانی بارەگایەکی تایبەت بە خۆی لە شەقامی 3ـی کامیۆن لە پاریس بکاتەوە و پاڵپشتی ماددی شانێڵ بووە و لە ڕێگەی ئەوەو بەرهەمەکانی فرۆشتووە. 

مێژووی بەرهەمەکانی کۆمپانیای شانێڵ

- کڵاو و شەپقە: لە ساڵی 1909 و سەرەتای دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە، کڵاو و شەپقەی تایبەت بە خانمان دیزاین کراوە و بەرهەمەکانیان هەمیشە ناودار بووە و لەلایەن خانمانەوە بەکارهێنراون.

- بۆن: لە ساڵی 1924 کۆمپانیاکە بە هاوبەشی لەگەڵ "بیێر فێرتهایمەر" بۆن و بەرهەمی جوانکارییان بەرهەم هێنا، بیێر ڕێژەی قازانجی 70%ی بۆ خۆی دەستنیشان کرد و ڕێژەی 20%ی بۆ خاوەن ئەو فرۆشگایەی کە بەرهەمەکانی ساغدەکردەوە دانا و تەنها 10%ی بۆ شانێڵ دیاری کردبوو، بۆیە پەیوەندی بازرگانی نێوان شانێڵ و هاوبەشەکەی و پاڵپشتە داراییەکەی "بیێر" هەمیشە ئاڵۆز بووە و تەنانەت شانێڵ سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە و پارێزەری گرتووە، بەڵام نەگەیشتووە بە ئەنجام.

- پۆشاکی خانمان: لە پاش بەرهەمهێنانی بۆن، شانێڵ بڕیاریدا پۆشاکی خانمان دیزاین بکات، نموونەی پۆشاکی ئاهەنگە شەوانییەکان و پۆشاکی هاوینە کە زۆر ناوازە و ناودار بوون و تایبەت بوون.

- خشڵ و گەوهەر: لە ساڵی 1932 بۆ یەکەم جار خشڵ و گەهەری خانمانی دیزاین کرد بەرهەمەکانی تایبەتمەند بوون بەوەی کە ئەڵماس و مورووی گرانبەهای بەکاردەهێنا بەرهەمەکانی زۆر ناوازە کدبوو. 

گەشەسەندنی کۆمپانیا لە پاش کۆچی دوایی شانێڵ

لە ساڵی 1971 شانێڵ لە ئوتێلەکەی خۆی کۆچی دوایی کردووە، لە پاش ئەو کۆمپانیاکە بە چەند قۆناغێک تێپەڕی لە وانە:

ـ  لە ساڵی 1981 کۆمپانیای شانێڵ بەرهەمێکی تایبەتی درووستکرد، کە بریتیبوو لە بۆنی تایبەت بە پیاوان، ناودارییەکی زۆری بەخشیه کۆمپانیاکە.
ـ لە ساڵی 1980 نزیکەی 40 لق و فرۆشگای شانێڵ کرایەوە لە هەموو جیهاندا، نرخی بەرهەمەکان بریتی بوون لە 200 دۆلاری ئەمریکی بۆ عەترەکان، 11000 دۆلار بۆ پۆشاکەکان و 2000 دۆلار بۆ جانتا چەرمەکانی، بەهۆی کوالێتی بەرزیان و جوانییە تایبەتەکەیان دیزاینە ناوازەکانیان، بەرهەمەکانی شانێڵ گرانترین نرخیان هەیە.
ـ لە ساڵی 1983 "لاگرفێڵد" بووە سەرۆکی دیزاینەرەکان و گۆڕانکارییەکی زۆری کرد لە هەموو بەشەکانی کۆمپانیا و دیزاین و بەرهەمەکانی نوێ کردەوە، بە جۆرێک پارێزگاری کرد لە شێوازە کلاسیکییەکەی بە شێوەیەك کە گونجاو بوو بۆ ئەو سەردەمە و لەگەڵ سەلیقە و داواکاری کڕیاران دەگونجا.
ـ لەساڵی 1990 کۆمپانیای شانێڵ بووە پێشەنگی جیهان لە بەرهەمەکانی بۆن و پۆشاکی خانمان.
ـ لە ساڵی 1999 کۆمپانیا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی پارێزگاریکردن لە پێست و چاویلکەی بەر خۆر و چوارچێوەی چاویلکەی پزیشکی.
ـ لەساڵی 2000 کاتێک سەرۆکی کۆمپانیا کرا بە "ئالان فێرتهایمەر" هەوڵیدا کۆمپانیا بەرەو پێش بەرێت و بیگونجێنێت لەگەڵ داواکارییەکانی سەدەی بیست و یەک.
ـ لە ساڵی 2002 جۆرە بۆنێکی تایبەتیان بەرهمهێنا بە ناوی "تشانسی" کە بۆنێکی سەرسوڕهێنەر و چڕی هەبوو بووە جێگەی ڕەزامەندی کڕیاران و ناوبانگی زۆربووە.
ـ لە ساڵی 2003 لە کیشوەری ئاسیادا زۆر بەربڵاو بوو و کاریگەرییەکی زۆر دیاری لە بازاڕەکانی درووستکردووە، هەر بۆیە کۆمپانیاکە تەنها لە وڵاتی چین 2400 فرۆشگا و دوکانی تاکفرۆشی کردەوە، لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بە بڕی 50 ملیۆن دۆلار بنکەیەکی تایبەتی کۆمپانیاکەی کردەوە.


سەرچاوەکان



1510 بینین