خوێنبەربوون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-14-20:23:00 - کۆدی بابەت: 6878
خوێنبەربوون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خوێنبەربوون لە ماوەی دووگیانیدا بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆر باوە و بە گشتی ئاساییه و بێ کێشەیە، بەڵام هەندێک کات هۆکارێکی مەترسیدار لە پشت ئەم خووێنبەربوونەوە هەیە کە پێویست دەکات فەرامۆشی نەکەیت و سەردانی پزیشک بکەیت.
نزیکەی ٪٢٠ـی خانمانی دووگیان لە ١٢ـە هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا خوێن دەبینن.

جیاوازی نێوان پەڵە خوێن و خوێنبەربوون لە ماوەی دووگیانیدا

پەڵە خوێن خوێنێکی قاوەیی یاخود پەمەییە و بڕەکەی کەمە، بەڵام خوێنبەربوون خوێنێکی سووری ئاڵە کە بڕەکەی زۆرە، خوێنبەربوون سانتییەک پڕ دەکات لە خوێن و سووری دەکات و بینینی پەڵە خوێن وانییە و لەوانەیە تەنها چەند دڵۆپێک بێت کە ئاساییە، بەڵام بینینی خوێنکی زۆری سوور ئاسایی نییە لە ماوەی دووگیانیدا.

هۆکارەکانی خوێنبەربوون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

چەقین

بینینی خوێن لە ٦ بۆ ١٢ ڕۆژی یەکەمی دوای چەقیندا ئاساییە و ئەگەری ڕوودانی زۆرە کە چەقین ئەوکاتەیە کە هێلکە پیتراوکە لە منداڵداندا دەچەقێت و جێگیر دەبێت، نزیکەی ٪٢٠ بۆ ٪٣٠ خانمانی دووگیان ئەم جۆرە خوێنە دەبینن کە دەکرێت هەندێکیان لەگەڵیدا کەمێک ئازار و گرژبوونیان هەبێت، هەندێک لە خانمان ئەم خوێنە بە هەڵە دەگرن لەگەڵ خوێنی سوڕی مانگانەدا و هەر بۆیە زۆرجار بە دووگیان بوونیان نازانن، ئەم جۆرە خوێنە بە گشتی کەمە و چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.

لەبارچوون

دەستپێکی لەبارچوون لە هەفتەی دوانزەیەمی دووگیانییەوە دەست پێ دەکات و زۆرە، هەربۆیە خانمان زۆر نیگەران دەبن کە لەم ماوەیەدا خوێن دەبینن، بەڵام مەرج نییە هەموو خوێنێک نیشانە بێت بۆ لەبارچوون و دەکرێت چەقین بێت، هەروەها نیشانەکانی چەقین و لەبارچوون زور جیاوازن و هەروەها پزیشک بە سۆنەر دڵنیا دەبێتەوە کە ئایا لەبارچوونە یاخود نا.

نیشانەکانی لەبارچوون

  • گرژبوونی توندی سک.
  • بینینی خوێنێکی زۆر کە لە سوڕی مانگانە زیاترە.
  • هاتنەدەرەوەی کڵۆخوێن لە زێدا.
  • ئازاری سک و پشت کە لە ئازاری سوڕی مانگانە توندترە.

دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

لەم دووگیانیەدا هێلکەی پیتێنراو لە جێی ئەوەی کە لە منداڵداندا بچەقێت و جێگیر ببێت لە دەرەوەی منداڵدان لە جۆگەی فالوپدا جێگیر دەبێت کە بەمەش دەڵێن دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان و یەکێک لە نیشانەکانی ئەم دووگیانە خوێنبەربوونە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، ئەگەر بێت و هێلکە پیتێنراوەکە گەورە ببێت و گەشە بکات دەبێتە هۆی تەقینی جۆگەی فالووپ و هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی دایکەکە، بەڵام خۆشبەختانە ئەم جۆرە دووگیانییە دەگمەن و کەم ڕوودەدات و ئەگەریش ڕووبدات پێش ئەوەی بێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی دایکەکە پزیشک دەریدەهێنێت و چارەسەری دەکات.

نیشانەکانی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

  • گرژبوونی توند لەگەڵ ئازار لە خوارەوەی سکدا.
  • قورسبوونی سەر.
  • خوێنبەربوون.

دووگیانی هێشوویی

ئەم جۆرە دووگیانییە زۆر دەگمەنە کە لە جێی منداڵەکە خانەیەکی نائاسایی لەناو منداڵداندا گەشە دەکات، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا ئەو خانەیە خانەیەکی شێرپەنجەییە و دەتوانێت بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی جەستە و هەروەها کاتێک خانمێک ئەم حاڵەتەی هەبێت لەکاتی پشکنیندا ڕێژەی هۆڕمۆنی HCGـی زۆر بەرز دەبێت.

نیشانەکانی دووگیانی هێشوویی

  • دڵتێکچوون.
  • ڕشانەوەی توند.
  • گەورەبوونی خێرای ئەو خانەیە.
  • دروستبوونی شێوە هێشووە ترێیەک لەسەر منداڵدان کە لە ڕێگەی سۆنەرەوە دەردەکەوێت.

گۆڕانکاری لە ملی منداڵداندا

لە ماوەی دووگیانیدا، وروژمی خوێن بۆ ملی منداڵدان زیاد دەکات ئەنجامدانی جووتبوون لەم ماوەیەدا دەبێتە هۆی خوێن بینین و دوای جوتبوونەکە زۆر جار خانمەکە کەمێک خوێن دەبینێت بەڵام ئەمە جێگای نیگەرانی نییە و ئاساییە تەنها کاتێک نەبێت کە بڕی خوێنەکە زۆر بێت کە پێویست دەکات بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت.

هەوکردن

هەر جۆرە هەوکردنێک لە ملی منداڵدان و زێ و کۆئەندامی میز و میزەڕۆ یاخود هەر جۆرە هەوکردنێکی گوازراوە کە لە ڕێگای جووتبوونەوە بگوازرێتەوە دەبێتە هۆی خوێن بینین لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا.

ڕێنمایی دەربارەی خوێنبەربوون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

  • لە کاتێدا ئەگەر پێشینەی نەزۆکی، منداڵ لەبارچوون، منداڵبوونی پێش وەختە، دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان، بوونی خوێنبەربوون لە دووگیانییەکانی پێشوودا و زۆری تەمەنت هەبوو، بەدڵنییایەوە دەبێت پێش ئەوەی کە دووگیان ببیت سەردانی پزیشک بکەیت و لە ماوەی دووگیانیشدا زۆر ئاگاداری خۆت بیت بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا و لە ئەگەری بوونی حاڵەتێکی خوێنبەربوونی نائاسایی دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت.
  • ئەگەر هات و لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا خوێنت بینی و گروپی خوێنت ناقس بوو بە دڵنییایەوە سەردانی پزیشک بکە.
  • دوورکەوە لە هەڵگرتنی شتی قورس و زۆر خۆماندوو کردن.
  • واباشترە کە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا جووتبوون ئەنجام نەدرێت یاخود بە کەمی بکرێت.
  • پشوودانی زۆر و خەوی باش.
  •  کەمتر لەسەر قاچەکانت بوەستە و لە کاتی پاڵکەوتندا قاچەکانت بەرز بکەرەوە.
  • کاتێک خوێنت هەیە دوورکەوە لە بەکارهێنانی تامپۆن و لە جێی ئەوە سانتی بەکاربهێنە و هەروەها کاتێک خوێنت هەیە بە هیچ شێوەیەک جووتبوون ئەنجام مەدە.


سەرچاوەکان



16915 بینین