ململانێی ئیسلامیی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-18-01:25:00 - کۆدی بابەت: 6916
ململانێی ئیسلامیی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناکۆکی و شەڕی ئیسلامیی کوردستان

ململانێی ئیسلامیی لە باشووری کوردستان، جەنگێکی میلیشیایی بوو لە نێوان گرووپی ئیسلامیی توندڕەوی ئەنسارولئیسلام و هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە باشووری کوردستان، ئەم ململانێیە لە ساڵی ٢٠٠١ دەستی پێکرد و لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆتایی هات دوای هێرشکردنە سەر ئەنسارولئیسلام لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، گرووپەکە جاروبار هێرشی دەکردە سەر هەردوو حیزب، بەڵام وردەوردە بەرەو نەمان چوون.

مێژوو

لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠١ گرووپی جوندولئیسلام و گرووپێکی جیابووەوە لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە سەرکردایەتی مەلا کرێکار یەکیانگرت و ئەنسارولئیسلامیان دروستکرد، بەپێی سەرچاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم گرووپە لەو کورد و عەرەبە چەکدارانە پێکهاتبوو کە لە ساڵانی هەشتاکان لە شەڕی ئەفغانستان دژی یەکێتیی سۆڤیەت شەڕیانکردبوو و لەدوای شکستی تاڵیبان لە ٢٠٠١ گەڕابوونەوە کوردستان، ئەنسارولئیسلام لەو ناوچانەی کە دەسەڵاتی بەسەریاندا هەبوو بەتایبەت بیارە دەستووری ئیسلامی سەپاند بەرانبەر خەڵکەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

مافی مرۆڤ

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی گرووپی ئەنسارولئیسلام بە کردەی تیرۆرستی و دژایەتی کەمینە ئایینەکانی ژێر دەسەڵاتی وەک کاکەییەکان تۆمەتبار دەکات، هەروەها بە سەربڕینی ٤٢ پێشمەرگەی دیلی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کارەساتی خێڵی حەمە.

هەوڵەکانی کوشتن

ساڵی ٢٠٠٢ گرووپی ئەنسارولئیسلام هێرشیان کردە سەر بەرهەم ساڵحی سەرۆکی حکوومەتی ئیدارەی سلێمانی، لە شوباتی ٢٠٠٣ـیش گرووپەکە فەرماندەیەکی دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەناوی شەوکەتی حاجی موشیر و پێنج کەسی دیکە کە دوویان مەدەنی بوون لە دانوستانێکدا کوشت.

لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٠٤ وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرووپی ئەنسارولئیسلامی خستە لیستی تیرۆرەوە بە فەرمی.

هێرشەکانی ٢٠٠٣

ساڵی ٢٠٠٣ و لەگەڵ داگیرکردنی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی سوودی لە هێزەکانی ئەمریکا وەرگرت و لە قەتەڕەوە بۆمبارانی بنکەکانی ئەنسار کرا و زۆرینەی ئەندامانی گرووپەکە تیاچوون، لەم هێرشەدا بنکەیەکی حیزبی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش کەوتە بەر هێرش و نزیکەی ١٠٠ کەسی ئەو حیزبە کوژران، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی سەرکردایەتی کۆمەڵ لە هێرشەکە.

هێرشەکانی ساڵی ٢٠٠٤

لە ڕۆژی ٢٠٠٤/٢/١ گرووپەکە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان هێرش دەکەنە سەر لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە ئاکامی تەقینەوەی خۆکوژی گرووپەکە ١٠٣ کەس لەو شوێنەدا دەکوژرێن.


سەرچاوەکان



577 بینین