ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ خێزانی هاوسەرەکەت لەماوەی دەستگیرانداریدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-24-23:50:00 - کۆدی بابەت: 6977
ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ خێزانی هاوسەرەکەت لەماوەی دەستگیرانداریدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە هاوسەرگیردا جگە لە هاوسەر دەبێت پەیوەندیت لەگەڵ خێزانەکەشیدا گونجاو و باش بێت، لە ماوەی دەستگیرانداریدا کاتێک بۆ یەکەمجار بنەماڵەی هاوسەرەکەت دەبینیت دەبێت ڕەفتاری جوانی تۆ لە مێشکیاندا جێگیر ببێت و هەر لە سەرەتاوە خۆت بسەلمێنیت.

چۆن لە ماوەی دەستگیرانداریدا پەیوەندیت باش بێت لەگەڵ ماڵی هاوسەرەکەتدا؟

بناغەیەکی باش دابنێ

بناغە سەرەکیترین شتە لە هەموو بوارێکدا، بابەتی هاوسەرگیری و ناسینی خێزانێکی نوێ پێویستی بە بناغەیەکی پتەو هەیە بۆیە سەرەتاکەی گرنگترە و ڕێز لە خۆت و هەموو کەسێک بگرە.

بابەتی بچووک گەورە مەکە

لەسەر هیچ بابەتێکی بچووک زۆر مەڕۆ و گەورەی مەکە چونکە دواتر پەشیمان دەبیتەوە، لەجێی گەورە کردنی بابەتەکان هەوڵبدە هەمیشە ڕێگا چارەت پێ بێت بۆیان.

پشتگیری هاوسەرەکەت بکە

هەرگیز هاوسەرەکەت ناچار مەکە کە لە نێوان تۆ و خێزانەکەیدا یەکێکتان هەڵبژێرێت و ئەگەر هاتو کەسێکیش لەناو خێزانەکەی ئەو ئازاری تۆی دا بە هاوسەرەکەت مەڵێ کە پەیوەندی لەگەڵدا بپچڕێنێت چونکە لە کۆتاییدا ئەوانیش کەسوکاری هاوسەرەکەتن.

وێنەیەکی جوانی خۆت پیشان بدە 

لە کاتی قسەکردن و چاوپێکەوتنەکانی پێش هاوسەرگیری لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەکەت نواندن مەکە و خودی خۆتبە، ئەوەی نواندن دەکات کەمتر دەچێتە دڵەوە و کاتێک خودی سروشتی خۆت بیت و ڕۆژێکیش ئەوە هەر دەردەکەوێت و ناتوانیت تاکوو کۆتایی تەمەنت نواندن بکەیت.

ڕێزی پێگە و کەسایەتییان بگرە

ڕاستە ئەوانیش بوونەتە بەشێک لە خێزانی خۆت بەڵام زووە بۆ ئەوەی کە زۆر تێکەڵیان ببیت و لە سنوور لابدەیت هەندێک جار، هەمیشە بە ڕێزەوە قسەیان لەگەڵدا بکە و دوورکەوە لە زۆر قسەکردن و گاڵتەی بێ مانا کە لە ئاستی تۆدا نەبێت.

ڕێزی خۆت بگرە

هەمیشە پێش هەمووان ڕێزی خۆت بگرە و کاتێک باسێک دێتە ناوەوە کە پەیوەندی بە خێزانی خۆیانەوە هەیە، قسەی تێدا مەکە و هیچ جۆرە وەڵامدانەوەیەکت نەبێت، چونکە ئەگەر لەوکاتەشدا لە باشی خۆت شتێک بڵێیت و بتەوێت یاریمەتیدەر بیت لەوانەیە بە هەڵە تێبگەن ئەویش بە هۆی ئەوەی کە هێشتا بە باشی ناتناسن.

هاتوچۆت سنووردار بکە

لەماوەی دەستگیرانداریدا سنوورێک دابنێ بۆ هاتوچۆت، هاتوچۆی زۆر و بەردەوامت کێشەت بۆ دروست دەکات و سەردان نەکردنیشیان بە هەمان شێوە جوان نییە، هەر بۆیه واباشترە کە سەردانیان بکەیت بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم.

دوورکەوە لە بیری خراپ لەسەر خەسوو

هەمیشە وا وتراوە کە خەسوو خراپە و کێشەی نێوان بووک و خەسوو هەرگیز چارەسەر ناکرێت و زۆرێک پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەن ئەمەیان لە مێشکیاندا چەسپاندووە، ئەمە هەڵەیە و خێزانی هاوسەرت وەک خێزانی خۆت ببینەوە و باشبە لەگەڵیان ئەوانیش بە هەمان شێوە دەبنەوە بۆت.

بە ڕوونی قسە بکە

ئەگەر تووشی کێشەیەک بوویتەوە بێدەنگ مەبە و بە ڕوونی و بەبێ ئەملاولا ڕای خۆت بڵێ و قسە بکە و هیچ شتێک مەشارەوە و ڕاستگۆبە.

باسی خراپی هاوسەرەکەت مەکە لەگەڵیاندا

دایک و خێزانی هاوسەرەکەت بە وردی هەموو کەموکوڕی هاوسەرەکەت دەزانن خۆیان بۆیە پێویست ناکات کە تۆ پێیان بڵێیتەوە و لای ئەوان باسی بکەیت.


سەرچاوەکان



469 بینین