ڕەفتاری گونجاو لەماوەی دەستگیرانداریدا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-25-22:02:00 - کۆدی بابەت: 6994
ڕەفتاری گونجاو لەماوەی دەستگیرانداریدا 

ناوه‌ڕۆك

ماوەی دەستگیرانداری

ماوەی دەستگیرانداری بەشێکە لە ماوەی هاوسەری کە لەگەڵ ئەو کەسەدایت بڕیارە ڕۆژێک پێکەوە بچنە ژێر بنبانێکەوە و بژین، ماوەیەکە تاکوو بتوانن زیاتر یەکتری بناسن، ئەو چەند مانگ یاخود چەند ساڵەی ماوەی دەستگیرانداری ماوەیەکی زۆر باشە تاکوو لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەکتری تێبگەن و خۆتان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی داهاتووی ژیانتان.

چەند ڕێنماییەکی گرنگ لەسەر ماوەی دەستگیرانداری

گوێ بە هەڵە تێگەیشتنەکان مەدەن 

لە هەموو قسەکردنێکدا هەڵە تێگەیشتن ڕوودەدات و قسەیەک دەکرێت کە لایەنی بەرامبەر لێکدانەوەیکی تری بۆ دەکات و بە جۆرێکی دیکە لێی تێدەگات، لە نێوان دوو دەستگیراندا ئەمە زۆر ڕوودەدات، کاتێک بە هەڵە لە قسەیەک تێگەیشتیت و پێت ناخۆش بوو پرسیاری لێبکە کە مەبەستی چیبووە و بزانە ئایا تۆ بە هەڵە تێنەگەشتوویت، زۆرجار کەسی بەرامبەرت لە چاکەی خۆی شتێکت پێ دەڵێت و بەڵام شێوازی وتنەکەی بەو جۆرەیە کە بە هەڵە تێبگەیت لێی، بۆیە ئەمە زۆر ئاساییە و هەرگیز لەسەر هەڵە تێگەیشتنەکان دەنگە دەنگ مەکەن و زۆری لەسەر مەڕۆن و بە ئاسایی وەریگرن.

متمانەی پێ بکە

هەوڵبدە خۆت لەسەر ئەوە ڕابهێنیت کە متمانە بکەیت بە دەستگیرانەکەت، چونکە لە داهاتوودا ژیانت لەگەڵ ئەم کەسەدا دەبێت و ژیان بەبێ متمانە کردن چێژێکی نییە، ئەگەر هاتو متمانەت نەبێت بە وەفا و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی هاوسەرەکەت ئەوا زیان دەدەیت لە پەیوەندییەکەتان، زۆرجار کاتێک کێشەیەکی گەورەشتان تووش دەبێت تەنها متمانەیە کە دەتوانێت بەیەکەوەتان بهێڵێتەوە.

بهێڵن دڵتان تەنگ ببێت بۆ یەکتری

خۆشەویست و ئاشقی یەکن و بۆیە حەز دەکەن کە هەمیشە لەلای یەکبن و پێکەوەبن، بەڵام ئەگەر بێت و هەموو چرکەیەکی ژیانتان پێکەوە بن ئەی کەی کاتتان دەبێت تاکوو ئەزموونی شتی جیاواز بکەن لە ژیانتاندا، فێرببن کە ئاساییە دڵتان بۆ یەکتری تەنگ ببێت و چەند ڕۆژێک یەک نەبینن، چونکە هاوسەرگیری بەو واتایە نایەت کە واز لە هەموو ژیات بهێنیت و تەنها بیرت لای هاوسەرەکەت بێت.

پاڵپشتی یەکتری بکەن

لە پەیوەندییەکی باش و جواندا هەردوولا، کاتێک کارێکی باش دەکەن دەبێت پاڵپشتی یەک بکەن و پیاهەڵدانیان هەبێت بۆ یەکتری و هەمیشە لە پشتی یەکبن، بە هەمان شێوە کاتێک هەر لایەکیان تووشی کێشەیەک دەبێتەوە خەمخۆر و یارمەتیدەری یەکبن بۆ چارەسەری کێشەکە.

وازهێنان بە واتای لاوازی تۆ نییە

وازهێنان لە شتێک بە واتای لاوازی و خۆبەدەستەوە دانی تۆ نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوەیە، گرنگترین شت ئەوەیە کە ڕاو و قسەی خۆت بەسەر کەسدا نەچەسپێنیت، کاتێک کەسی بەرامبەر ڕاکەی دروسترە قبوڵی بکە و وازبهێنە لە چەسپاندنی ڕای خۆت، یاخود زۆرجار بۆ ئەوەی کێشەکەتان گەورەتر نەبێت وازبهێنە و تۆ دەستپێشخەری بکە لە بابەتەکاندا.

خاڵە لاوازەکانی خۆتت قبوڵ بێت

هەردوولا چاوەڕێی باشترین ڕەفتار دەکەن لەیەکتری، هەردوولا مرۆڤن و هەڵە دەکەن بۆیە هەرگیز چاوەڕێی ئەوە مەبە کە خۆت و کەسی بەرامبەر هەڵە نەکەن و لەم پەیوەندیەدا هیچ کێشەیەکتان نەبێت، ئاساییە کە کەسی بەرامبەرت خاڵی لاواز و هەڵەکانی تۆ بزانێت و شەرم مەکە لە زانینی چونکە هەموو کەسێک کۆمەڵێک هەڵە و خاڵی لاوازی هەیە.

دەبێت هەندێک بابەت قبوڵ بکەیت

هەموو کەسێک ڕابردوویەکی هەیە و لێی پەشیمانە، بەڵام ناتوانێت بگەڕێتەوە و بیگوڕێت بۆیە بە ناچاری قبوڵی کردووە، هەندێک خاڵ هەیە لە کەسی بەرامبەردا کە ناگۆڕدرێت و پێویست دەکات کە ئەوە قبوڵ بکەیت، هەندێک کات ناتوانیت هەندێک شت بگۆڕیت ئەگەر چەند هەوڵیش بدەیت بۆیە مەرج نییە لەسەر هەموو بابەتێک کە بە دڵی تۆ نەبوو بیکەیتە شەڕ و ئاژاوە و هەندێک بابەت هەیە لە کۆتایدا دەبێت قبوڵیان بکەیت.

زوو و لە ناخی دڵتەوە لێی خۆشببە

کاتێک پێکەوە شەڕ دەکەن نیگەرانی ئەوە مەبە کێ دەیباتەوە و کێ دەدۆڕێت، لەو شەڕەوە ئەزموون و وانە وەربگرن و گیانی لێبووردەیتان هەبێت، کاتێک شەڕەکە تەواو بووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە زوو کەسی بەرامبەرت ببەخشە و کینە لە دڵ مەگرە، چونکە کینە لە دڵگرتن ژیانت وێران دەکات.

چاوەڕوانی زۆرت نەبێت

چاوەڕێی ئەوە مەبە کە هاوسەرگیریت کرد، هاوسەرەکەت بیری تۆ بخوێنێتەوە و ڕۆژانە بێت ژەمی بەیانیانت بۆ ئامادە بکات، نابێت چاوەڕێی کۆمەڵێک شت بیت لە کەسێک کە ئەنجامدانیشیان قورسە بۆ خۆت، کاتێک چاوەڕوانیت زۆر دەبێت ناتوانیت زوو ڕازی بیت و هەمیشە چاوت لەسەر شتی زیاترە.

هەستەکانتان دەرببڕن

گرنگترین کار بۆ پەیوەندییەکەتان دەربڕینی هەستەکانتانە و هەستەکانی خۆتان مەشارنەوە، کاتێک هەستەکانت دەردەبڕیت بەرامبەر زیاتر لێت تێدەگات و پەیوەندییەکەتان باشتر دەبێت.


سەرچاوەکان



2076 بینین