غەسان کەنەفانی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-26-23:20:00 - کۆدی بابەت: 7002
غەسان کەنەفانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

غەسان کەنەفانی (بە عەرەبی: غسان کنفاني) نووسەر و ڕۆماننوسی فەڵەستینی لە ساڵی 1936 لە باکووری فەڵەستین لە شاری "عەکا" لەدایکبووە، لە ساڵی 1948 خێزانەکەی ڕووبەڕووی دەربەدەری و ئاوارەبوون بونەتەوە بەرەو وڵاتی لوبنان و پاشان سوریا کۆچیان کردووە، لە سوریا خوێندنی قوتابخانەی تەواو کردووە و چووەتە بەشی زمانی عەرەبی زانکۆی دیمەشق، بەڵام دوای دوو ساڵ بەجێیهێشتووە، کەسایەتی باوکی کە پیشەی پارێزەری و سەرنووسەری بۆ کۆمەڵە ڕۆژنامە و کۆڤارێک کردووە و دەستی نووسینی هەبووە، کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دروستبونی کەسایەتی غەسان، غەسان كەنەفانی سیاسەتمەدار و ئەندامی سیاسی ڕێكخراوی بەرەی میللی فەڵەستینی بووە، بە نووسین و بەرهەمەکانی هەمیشە داکۆکیکارێکی بوێر بووە لە مافی خاک و گەل و نیشتمانەکەی، هیچکات تفەنگ و توندوتیژی بەکارنەهێناوە و قەڵەم چەکی دەستی ئەو بووە. 

ژیانی نووسینی 

ـ شێوازی نووسینی غەسان کەنەفانی سادە بووە زۆر بە بوێرانە و ئازادانە ڕاوبۆچوونی خۆی لەسەر دۆزی فەڵەستینی نووسیوە.
ـ لە ساڵی 1960 غەسان چووەتە شاری بەیروت و لەوێوە لە گۆڤاری "الحریة" كاریكردووە، وتار و بابەتی لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤار بڵاوکردووەتەوە، گۆڤارێکی بە ناوی "الهدف" بڵاوکردووەتەوە و سەرنووسەری چەند گۆڤارێکی ناوداری لوبنانیش بووە.
ـ غەسان نووسەرێکی زۆر چالاک بووە و ڕۆژانە نزیکەی دە کاتژمێر نووسینی کردووە، بەو هۆیەوە تووشی چەندان نەخۆشی بووە.
ـ چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە لەوانە خەڵاتی هاوڕێیانی نووسەرانی لوبنان کە لە ساڵی 1966 بەدەستیهێناوە، هەروەها پاش شەهیدکردنیشی لە ساڵی 1975 خەڵاتی لۆتسی پێبەخشراوە، لەگەڵ خەڵاتی ڕۆژنامەوانی جیهانی، هەروەها لە ساڵی 1990 مەدالیای قودسی پێبەخشراوە.
ـ بەرهەمەکانی کۆمەڵە چیرۆک و ڕۆمان و شانۆگەری بوونە بۆ 17 زمانی جیهانی وەرگێڕانیان بۆ کراوە و لەو تەمەنە کورتەیدا زیاتر لە 18 کتێب و کۆمەڵێک وتار و بابەتی بەپێزی نووسیوە و کۆمەڵێک ڕۆمانی تەواو نەکراوەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.
ـ غەسان دەستێکی باڵای لە وێنە کێشان هەبووە و بەرگی زۆریک لە کتێبەکانی خۆی نەخشاندنی بۆ کردووە.
ـ گرنگترین بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبی: مسروق، موت سریر، ٲرض برتقال الحزین، رجال فی الشمس، ما تبقی لكم. 

باری خێزانی

غەسان بۆ کۆنگرەیەکی قوتابیان سەردانی یوگۆسلاڤیای کردووە، لەوێ سەرسامی مامۆستایەکی دانیمارکی بووە بە ناوی "ئانی هۆڤەر" چوونکە کاریگەر بووە لەگەڵ بابەتە فەڵەستینییەکان، لە پاش دە ڕۆژ لە یەکتر بینینیان غەسان داوای هاوسەرگیری لێکردووە و لە ساڵی 1961 هاوسەرگیریان کردووە و بوونەتە خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی "فایز" و "لەیلا". 

خۆشەویستی نێوان غەسان کەنەفانی و غادە سەمان 

غەسان کەنەفانی سەرباری ئەوەی کە سەرقاڵی نووسین بووە و هاوسەرگیری کردووە، بەڵام کەوتووەتە داوی خۆشەویستی خانمە نووسەری سوری "غادە سەمان" چەندان نامەی خۆشەویستی و دڵداری لە نێوانیان هەبووە و لە بۆنە و ئاهەنگە ئەدەبییەکان چەند جارێک یەکتریان بینیوە، ئەو نامانەی ئەو کە بۆ غادەی نوسیووە، بۆن و بەرامی شاعیرێكی هەست ناسكی لێدێت و ڕاز و نیازی ئەو سیاسەتمەدارە سەختگیرە نییە كە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل بووە، لە پاش شەهید کردنی غەسان دوای بیست ساڵ غادە هەموو نامەکانی غەسانی لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی "نامەکانی غەسان کەنەفانی بۆ غادە سەمان"  بڵاوکردەوە تەنها نامەكانی ئەوی بڵاوکردەوە هیچ نامەیەكی خۆی بڵاونەکردەوە بە بیانوی ئەوەی نامەكانی خۆی فەوتاون و لەناوچوون، کتێبەکە زۆر ناودار بووە و سەرەنج و قسە و باسی زۆری لەسەرە بۆچەند زمانێک وەرگێڕانی بۆ کراوە. 

کۆچی دوایی

لە ساڵی 1972 غەسان کەنەفانی لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەیەوە لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە لوبنان تیرۆر کرا، دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسڕائیلی بەرپرسیار بوو لە تیرۆرکردنی. 


سەرچاوەکان



545 بینین