ئۆتۆمبێل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-12-03:42:00 - کۆدی بابەت: 4412
ئۆتۆمبێل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئۆتۆمبێل (بە عەرەبی: السيارة، بە ئینگلیزی: Car)، یەكێكە لە بڵاوترین ئامڕازەكانی گواستنەوە لە كاتی ئێستادا، كە بەرهەمهێنراوە بۆ گواستنەوەی كەسەكان و پێویستییەكانیان لە نێوان شار و وڵاتەكاندا، زۆربەی ئۆتۆمبێلەكان بزوێنەری سووتەمەنی بەكاردەهێنن كە خێراییەكی زۆریان پێدەبەخشێت، ئۆتۆمبێلە نوێیەكان دیزاینێكی تەكنەلۆجی وردیان هەیە، لەبەرئەوەی كە كۆمپانیای جیاوازی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل هەیە كە هەریەكەیان تەكنەلۆجیا و تایبەتمەندی جۆراوجۆر و جیاوازیان هەیە.
مێژووی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە، كە تێیدا دەوڵەتە ئەوروپییەكان لە سەرەتادا ئۆتۆمبێلیان بەكاردەهێنا كە بزوێنەرەكانیان بە هەڵم كاری دەكرد، بەڵام پاش دۆزینەوەی نەوت و سووتەمەنی فۆسیلی (خەڵوز) بزوێنەر دروستكرا كە بە سووتانی ناوەكی (سووتەمەنی) كار دەكات، كە تا ئێستەش زۆرترین بەكارهێنانی هەیە، هەروەها لە سەردەی بیست و یەك ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەركەوت، ئەم ئۆتۆمبێلانە بە وزەی كارەبایی كار دەكەن، هەروەها وڵاتی ژاپۆن بە یەكەم وڵات و پێشكەوتووترین وڵات دادەنرێت لە بەرهەمهێانی ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی و كارەباییدا.

ئۆتۆمبێل ئامێرێك كە لەسەر چوار تایە دەڕوات و بەكاردێت بۆ گواستنەوەی كەسەكان و پێویستییەكانیان، ئۆتۆمبێلەكان لەسەر جادەكان دەڕۆن و بەپێی جۆرەكەی لە دوو نەفەرەوە تا هەشت نەفەر دەتوانن سوارببن، لە سەدەی بیستەمەوە ئۆتۆمبێلەكان چونەتە ناو بەكارهێنانی جیهانییەوە، هەروەها یەكێكە لە گرنگترین بنەماكانی پێشكەوتن، ئۆتۆمبێلی مارسیدز یەكەمین جۆری ئۆتۆمبێلی مۆدێرن بوو كە دروستكرا، و یەكێكە لە بەناوبانگترین ئۆتۆمبێلەكان كە لە ساڵی 1886 بەرهەمهێنرا، پاش ماوەیەكی كەم ئۆتۆمبێلەكان شوێنی ئەو عەرەبانانەیان گرتەوە كە بە گیانداران ڕادەكێشران، سەرەتا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر بڵاوبوونەوە پاشان ڕۆژئاوای ئەوروپا و دواتر وڵاتەكانی تری جیهان، یەكێك لە گرنگترین بەشەكانی ئۆتۆمبێل بزوێنەر و برەیك و گێڕە، كە گێڕ دوو جۆری هەیە گێڕ ئۆتۆماتیك، گێڕ عادی.

ژمارەی ئۆتۆمبێل لە تەواوی جیهان نزیكە لە ملیار و نیوێك و 160 جۆری مۆدێلی جیاواز ئۆتۆمبێل هەن، بەڵام گەر سەرنج بدەینە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتان ئەوا 2000 شوێن بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل هەن لە جیهان. 

جۆرەكانی ئۆتۆمبێل

چەندین جۆری جیاوازی ئۆتۆمبێل هەن، هەندێك لەوان زۆر شاهانە و كەشخەن و نرخیان لە دووسەد هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەكات هەتاوەكو سەدان هەزار دۆلار.

مایكرۆ ئۆتۆمبێل : ئەمانە جۆری زۆر بچووكن و زۆربەیان دوو دەرگان و شێوەیان كەمێك گەورەترە لە ماتۆڕەكان وەك : Subaru 360 و مسریشمێت مایكرۆ.

ئۆتۆمبێلی هاچباك یاخود سیدان

زۆرینەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەمڕۆ ئەگرێتەوە، ئەمانە بۆ كەسانی پێگەشتوو دەشێن و بە ئاسوودەیی جێگایان دەبێتەوە و جێگای تایبەتی كەلوپەلیشیان لە دواوە هەیە، هاچباكەكان ئەمانەن :

ئۆتۆمبێلی شار : ئەم ئۆتۆمبێلانە بە زۆری بۆ كاری ڕۆژانە بەكاردێن و خێرا و بەهێزترن لە ئۆتۆمبێلی مایكرۆ و لەویش گەورەترن بەڵام بە ئەندازەی ئۆتۆمبێلی ئاسایی نین و بچووكترن، وەك ئۆتۆمبێلەكانی : دایهاتسۆ میرا، هۆندا فۆز، سوزوكی ئەڵتۆ، فیات، تاتا نانۆ.

ئۆتۆمبێلی بچووك : ئەمانە لە چوار دەرگا پێكدێن و جێگای  چوار كەسی تەواو دەبێتەوە، بەڵام زۆر گەورە نین، وەك ئۆتۆمبێلەكانی : فۆرد فیێستا، فیات پونتۆ، فۆلكسڤاگن پۆلۆ.

ئۆتۆمبێلی خێزانی بچووك : زۆرێك لەم ئۆتۆمبێلانە شوێنی پێنج كەسیان دەبێتەوە و مەكینەیان لە 1،4 بۆ 2،2 لیترە، و لە زۆرێك لە وڵاتان زۆرترین بەكارهێنانیان هەیە، وەك : فۆرد فۆكۆس، تۆیۆتا كۆرۆلا، میتسوبیشی لانسەر.

ئۆتۆمبێلی خێزانی گەورە : ئەمانە لە ڕووی شێوازەوە گەورەترن لەوانەی پێشووی خۆیان و بەهێزترن، شوێنیان ئاسوودەتر و باشتریشن لە ڕووی كوالێتییەوە، و زۆربەیان 6 بستۆنن و لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دیكەش دەگۆڕێن بۆ نموونە لە ئەوروپا بچووكترن وەك لەوەی لە ئەمریكا هەیە چونكە ئەمریكییەكان حەزیان بە ئۆتۆمبێلی گەورەیە، لەم ئۆتۆمبێلانە وەك : تۆیۆتا كامری، سیترۆین سی 5، فۆرد مۆندیۆ.

ئۆتۆمبێلی گەورە : دەستەواژەیەكە بەكاردێت لە ئەمریكای باكوور و ئوستوڕالیا كە ئاماژەیە بۆ گەورەترین جۆری سیدانەكان لە بازاڕدا، وەك : فۆرد كراون، كرایسلەر 300 یاخود ئۆباما، دۆج چارجەر.

ئۆتۆمبێلی شاهانە ( ئاست نزم) : واتە ئۆتۆمبێلە گەورە و بچووكە خێزانییەكان كە شەش یان هەشت بستۆنن و لە ڕووی نرخەوە بەرزترن لەوان بەڵام شوێنی سندوقەكانیان بچووكترە بەهۆی ئەوەی دەبێت شوێنی پێویست هەبێت بۆ مەكینە گەورەكەیان، وەك : بی ئێم دەبلیو زنجیرەی سێیەم، لێگزس ئەی ئێس، لینكۆڵن MKZ.

ئۆتۆمبێلی شاهانە (ئاست مامناوەند) : ئەمانە لە ئۆتۆمبێلی گەورەی خێزانی گەورەترن، هەیكەلێكی مامناوەندیان هەیە و ئاستی كاركردنیان زۆر بەرزترە لەوانەی پێشوو، وەك : ئۆدی ئەی 6، جاگوار XF، مارسیدز بێنز جۆری ئەی.

ئۆتۆمبێلی شاهانە (ئاست بەرز) : زیاتر هەشت یان دوانزە بستۆنن و چوار دەرگان و خێراییەكی زۆریان هەیە، وەك : BMW زنجیرەی حەوتەم، لێگزس LS، مارسیدز بێنز جۆری ئێس.

ئۆتۆمبێلی وەرزش : ئەم ئۆتۆمبێلانە خێران و كێشیان سووكە، تێكەڵەیەكن لە ئۆتۆمبێلی ناوشار و وەرزشی پێشبڕكێ، وەك: شۆڤرلێت كۆرڤێت، پۆرش.

ئۆتۆمبێلی گراند تورەر : گەورەتر و قورسترن لە ئۆتۆمبێلی وەرزشی، بە شێوەیەكی گشتی دوو دەرگا و هەندێ جاریش جێگای چوار كەس دەبێتەوە، ئەمانە گرانترن بەڵام بەرگەی پێكانی زیاتر دەگرن و بەهێزن، وەك : ئاستۆن مارتن دیبی 9، فیراری 612، مازێراتی گراند تۆریزمۆ.

ئۆتۆمبێلی سوپەر : ئۆتۆمبێلی ئەوپەڕی هێز، خاوەنی هێزێكی لەڕادەبەدەرن و باشترین تەكنەلۆژیاكانی سەردەمیان تێدایە، و زۆربەی جار بە دەستی دروست دەكرێن و ڕۆبۆت كاریان تێداناكات، وەك : بوگاتی ڤایرۆن، لامبۆرگینی مۆرسیلاگۆ، پۆرشی كارێرا جی تی.

ئۆتۆمبێلی بێ سەر : ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە سەقفیان نییە و هەندێكیشیان دەتوانیت بە خواستی خۆت سەقفی بۆ دابنێیت یان نا، وەك : ڤۆڵڤۆ سی 70، هۆندا ئێس 2000.

ئۆتۆمبێلی ڕێگای ناڕێك : ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە دەبڵ ئەكسلن و هێزێكی باشیان هەیە بۆ شاخ و دەشت و ڕێگای ناڕێك، وەك : مارسیدز بێنز جی كڵاس، نیسان پاتڕۆڵ، تۆیۆتا لاند كرۆوزەر، پرادۆ، جێب كۆماندەر، لاند ڕۆڤەر دێنفەر.


سەرچاوەکان



3190 بینین