ئاواتخواستن

له‌لایه‌ن: - سۆز عطا - به‌روار: 2021-10-31-23:16:00 - کۆدی بابەت: 7052
ئاواتخواستن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاوات، یان ئاواتخواستن، هیوا (بە ئینگلیزی: Aspiration) هیوایەکی بەهێز یاخود خەونێکی بەتین یان ئامانجێکی بەهێزە کە تاک هەیەتی، مرۆڤ ئاواتی دەبێت تا ببێت بە شتێک یان کەسێک کە باشتربێت لەوەی هەیە، بۆ نموونە لە بواری ئیشەکەی، لایەنی کۆمەڵایەتی یاخوود کەسایەتی.

ئەو نیشانانەی دەریدەخەن کە ئاواتێکی گەورەت هەیە

هەموو ئەو ئاواتانەی کە بۆ خۆتت داناوە و خاوەنیانیت جیاوازییان هەیە لەوەی کە لە چ بوارێکن یاخود تاکوو چ ڕادەیەک ئاواتەکانت گەورەن، هەندێک کەس ئاواتی زۆر سادەیان هەیە کە سەرنج دەخاتە سەر ئامانجەکەیان بە جۆرێکە کە ئاسانتر لە ئاواتی کەسانی دیکە بەدیدێت، هەندێک کەسی دیکە ئاواتی زۆر گەورەیان هەیە کە ڕەنگە بەدەستهێنانی شتگەلێک بێت زۆرجار کەسانی تر خەونی پێوە ببینن.

نیشانەکانی گەورەیی ئاواتەکانن:

  • ڕۆژانە خەون بینین بە ئامانجە گرنگەکانەوە.
  • هەمیشە بیرکردنەوە لە هەنگاوی داهاتووتر.
  • نزیکبوونەوە لە بەدەستهێنانی خەونەکانی دیکەت.
  • بیرکردنەوە لە مەبەستە سەرەکییەکان.
  • بە دڵسۆزی کارکردن بۆ بوون بە باشترین.
  • بوون بە کەسێک کە بناسرێن بە هەبوونی ئاواتی گەورە و بەدەستهێنانی زۆر.

ئاستی گەورەیی ئاواتەکانت ڕەنگە پەیوەندییان بە هەستی متمانەبەخۆبوون و بەنرخبوونی خوودی خۆتەوە هەبێت، هەبوونی ئاواتی گەورە هۆکارێکی پاڵپشتیکەرە بۆ باوەڕبوونت بە تواناکانت لە بەدەستهێنانیاندا و ئامانجە بچووکەکانیش بەدەستهێنانی بچووکیان لێ بەرهەمدێت کە ڕەنگە ئەمەش نیشانەی کەمی باوەڕبەخۆبوون بێت.

جۆرەکانی ئاوات

لێکۆڵەران دەریان خستووە کە دوو جۆری سەرەکی ئاوات هەن، کە بریتین لە:

  1. ئاواتە ناوەکییەکان: ئەوانەن کە یارمەتیدەرن بۆ تێرکردنی پێداویستییە دەروونییەکان و ئەم ئامانجانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بەرزکردنەوەی باشبوونی تاکدا.
  2. ئاواتە دەرەکییەکان: ئەوانەن کە سەرنج دەخەنە سەر بەدەستهێنانی ئامانجێک وەک دەوڵەمەندبوون یاخود بەناوبانگبوون. ئەم ئامانجانە هەندێکجار دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە باشبوونی کەسەکە کاتێک بۆ ماوەیەک پێی دەگات و لە خاڵێکدا لەدەستی دەدات.

ئاواتە دەرەکییەکان

سەرنج دەخەنە سەر بەدەستهێنانی شتانێک پەیوەندییان بە سەرنجڕاکێشی جەستەیی و گرنگی ماددییەوە هەیە، وەک دەوڵەمەند بوون یان بەناوبانگبوون کە دەبنە دوو بەشی سەرەکی، ئەوانیش:

  • ئاواتی دارایی: ئەو ئاواتەیە کە پەیوەندی بە پارەوە هەیە و باوترین جۆری ئاواتە، پشت دەبەستێت بە بەدەستهێنانی ئامانجێکی دارایی وەک دارایی سەربەخۆ یاخود پاشەکەوتکردنی بڕێکی دیاریکراو لە پارە.
  • ئاواتی ناوبانگ: هەبوونی ڕێز و گەورەیی لەلای کەسانی دیکە دەگرێتەوە بە پێوەرێکی گەورە یاخود لای کۆمەڵگا، یان بەناوبانگبوون و بەڕێز تەماشاکردنی کەسەکە لە بازنەیەکی کۆمەڵاتی بچووکدا وەک لای هاوڕێکانی یاخوود خێزانەکەی.

هەبوونی ئاواتی دارایی ئاواتێکی گشتییە، بەڵام زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی دەرئەنجامێکی نەرێنی.
توێژینەوەکان پێیان وایە ئەو کەسانەی کە بەهای خۆیان لەسەر سەرکەوتنی دارایی بنیاد دەنێن، زیاتر هاندەریان دەبێت لە هەستکردن بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی بەڕێوەبردنی خوود.

ئاواتە ناوەکییەکان

ئاواتە ناوەکییەکان زۆرجار پێکهاتوون لە پێکهێنانی پەیوەندییەکی مانادار لەگەڵ ئەوانی دیکەدا و هاوبەشیکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و ئەو جیهان و سەردەمەی تێیدا دەژین لەگەڵ هەبوونی دەروونێکی ئارام و تەندروست و پێشکەوتن وەکو تاکێکی کۆمەڵگە.

نموونە بۆ ئاواتە ناوەکییەکان بریتین لە

  • ئاواتی کۆمەڵایەتی: بنیادنراون لەسەر دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی و هەموو جۆرە پەیوەندییەکانی دیکە، کردنی کارێکی خۆبەخشی و سەلماندنی خوود وەک تاکێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا. 
  • ئاواتی خێزانی: بنیادنراون لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی خێزانی و هاوسەرگیریکردن و هەبوونی منداڵ. 
  • ئاواتە بەهرەدارەکان: ئەم جۆرە ئاواتە بریتییە لە هەبوونی بەهرەی تایبەت لە بوارێکدا کە چێژی لێدەبینرێت، بۆ نموونە ڕەنگە مرۆڤێک بەهرەمەندی لە بواری میوزیکدا هەبێت و ئاواتی بوون بە ژەنیارێکی سەرکەوتوو بێت.

چۆن ئاواتەکانمان پەرەپێبدەین؟

ئەگەر هەوڵدەدەیت ئاواتەکانی ژیانت بەرەوپێش ببەیت کە هۆکارێکی باشە بۆ خزمەتکردن و هاندانی خۆت، هەندێک شت هەن کە دەتوانیت بیکەیت و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژیانت هەبێت. ئەوانیش بریتین لە:

  • پرسیار لە خۆت بکە ئەو شتانە چین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەتەوێت بەدەستی بهێنیت و ئەزموونیان بکەیت و ئەو چالاکییانە چین کە شوێنیان دەکەویت تا هەست بە چێژ و خۆشی بکەیت، بەوهۆیەوە بیرکردنەوە لە خەونەکانت و حەزەکانت دەتوانێت ئاڕاستەت بکات بەرەو ئەو شتانەی کە حەزیان پێدەکەیت لە ژیانتدا هەبن.
  • کات بە خۆت بدە: گرنگە لەبیرت بێت کە سەرەڕای ئەوەی بەدەستهێنانی ئاواتەکانت هانت دەدات و دەتکات بە کەسێکی کاریگەر بۆ کردنی شتانی دیکە، بەڵام پێویستیش نییە کە هەموو ئاواتەکانت لە یەک کاتدا بەدی بهێنیت، لە بەرانبەردا هەلی فێربوون و گەشەسەندن بە خۆت بدە و شتی نوێ تاقی بکەرەوە و گفتوگۆ لەگەڵ خۆت بکە، ڕەنگە ئەمانە هەموویان هۆکاری لە پێشینەبن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانت.
  • هەرگیز خۆت بە کەسانی دیکە بەراوورد مەکە: هەندێک کەس ڕەنگە ئاواتی زۆر گەورەیان هەبێت بەڵام لەگەڵ ژیان و بارودۆخی تۆ نەگونجێت، لەجێی ئەوەی سەرنجت لەسەر کەسانی دیکە بێت، دەتوانیت سەرنجت لەسەر ئەو ئاواتانەت بێت کە واتلێدەکەن هەست بە ئاسوودەیی و چێژی ژیان بکەیت.
  • مەبەستی سەرەکیت بدۆزەرەوە: دۆزینەوە و درک پێکردنی ئەوەی کە چ شتێک ژیانت مانادار و ئامانجدار دەکات، یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەسەندنی ئاواتەکانت.
  • قسە بۆ کەسانی شارەزا بکە: هەندێک جار کەمی هەبوونی ئاوات ڕەنگە پەیوەندی بە بارودۆخی دەروونییەوە هەبێت وەک هەبوونی خەمۆکی و بێهیوایی لە ژیان، ئەگەر هەست دەکەیت تامەزرۆیی و چێژ بینینت لەو شتانەی پێشتر زۆر حەزت پێیان بوو لەدەستداوە، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بکەیت، چارەسەری کاریگەر و دەرمان و چارەسازی دەروونی یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی ئەم نیشانانە تیاتدا.

هەندێک ڕێنیشاندەر بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانت

  1. کارکردن لەسەر هۆشیاری خود: بەرەوپێشبردنی تێگەیشتن لەو شتانەی کە دێنە ڕیگەت، کاتێک کاردەکەیت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە وەک پێویستییەکی ژیانت دەردەکەون، یارمەتی دوورکەوتنەوەت دەدەن لەو شتانەی کە پێویستت نین و خزمەت بە باشبوونی دەروونت ناکەن.
  2. هەمیشە با دەرگای گۆڕانکاریت کراوەبێت: هەموو ئاواتەکانت بۆ ئەوە نەکراون بەدیبێن، هەندێکجار بارودۆخ دەگۆڕێت یاخود هەست دەکەیت کە ئەو خەونەی بۆ خۆتت داناوە ئیتر ئەو پێویستییە نییە کە هەوڵی بۆ بدەیت، لەبەر ئەوە نەرمبوونت لەگەڵ خۆت و ڕازیبوون بە گۆڕانکاری یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەبوونی ئاواتی نوێ.
  3. ئەوە بکە کە خۆشت دەوێت: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کاتێک کەسێک شوێن ئەو ئامانجانەی دەکەوێت کە دەبنە هۆی هاندانی بۆ شوێنکەوتنیان و چێژ لە ڕێگەی گەیشتنیان دەبینێت، ئەوکات کاتێکی ئاسانتر بەڕێ دەکات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، تەنانەت ئەگەر ئاواتگەلێکیش بێت کە بەدیهێنانی قورس بێت.


سەرچاوەکان



833 بینین