ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەزگە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-27-19:12:00 - کۆدی بابەت: 6063
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەزگە

ناوه‌ڕۆك

لەزگەی دووگیانی 

لەزگەی دژە دووگیانی (بە ئینگلیزی: contraceptive patch) لەزگەیەکە کە خانمان بەکاری دەهێنن، و ڕۆژانە بڕێک هۆڕمۆن دەڕژێنێتە ناو خوێنەوە تاکوو ڕێگری بکات لە دووگیانی، ئەم لەزگەیە هەمان ئەو هۆڕمۆنانەی تێدایە کە لە حەپی دژە دووگیانیدا هەیە کە (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن)ـن، ڕێگری دەکات لە بەڕەڵابوونی هێلکە لە هەر مانگێکدا، هەروەها ڕێژەی خەستی دەردراوەکانی ملی منداڵدان خەستر دەکاتەوە تاکوو جوڵەی سپێرمەکان سنووردار بکات و گەشتنیان بە منداڵدان قوورستر دەبێت، و هەروەها ئەستووری دیواری منداڵدانیش کەم دەکاتەوە، هەر بۆیە ئەگەریش هێلکەکە بپیتێنرێت چەقین ڕوونادات و منداڵدان نایگرێتە خۆی.

چۆنیەتی بەکارهێنانی لەزگەی دژە دووگیانی

یەکەمین لەزگە کە بەکارت هێنا تاکوو ماوەی ٧ ڕۆژ کاری خۆی دەکات و لە ڕۆژی هەشتەمدا لەزگەیەکی دیکە بەکاربهێنە، ئەم کارە تاکوو سێ هەفتە ئەنجام بدە، پاشان هەفتەیەک پێویست بە بەکارهێنانی لەزگە ناکات، بە درێژایی ئەو هەفتەیەی کە لەزگەکە بەکارناهێنیت، خوێنبەربوون بە هۆی نەبوونی هۆڕمۆنەکەوە دەست پێ دەکات و واتە دەکەویتە سوڕی مانگانەوە، ئەگەر چی هەمیشە ئەمە ڕوونادات، دوای ئەوەی کە ئەو هەفتەیە تەواو بوو دووبارە دەست پێ بکەرەوە و لەزگەیەکی نوێ بەکاربهێنە تەنانەت ئەگەریش خوێنبەربوونەکەت نەوەستاوەتەوە و بەڵام حەوت ڕۆژەکە تەواو بووە تۆ هەر لەزگەکە بەکاربهێنە.

لەزگەکە لە کام بەشی جەستە دەدرێت؟

لەزگەکە بدە لە پێستت، بەڵام پێستێکی پاک و وشک و بێ موو، دەتوانیت بیدەیت لە چەند شوێنێکی جیاوازی جەستە، وەک قۆڵ، کەمەر، سک، سمت، بەڵام نابێت لەم چەند شوێنەی خوارەوەی بدەیت:

  • پێستێکی بریندار یان هەوکردنی هەبێت
  • بەشێکی جەستە کە جلی زۆر تەسکی تێدا لەبەر دەکرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی لەزگەکە بکرێتەوه
  • مەمک
  • هەروەها ئەو شوێنانەی کە هەر جۆرە ماددەیەکی جوانکاری یاخود کرێم و شێدارکەرەوەی لێ بدەیت.

چۆنیەتی لێدانی لەزگەکە لە جەستە

  • لەزگەکە لە پاکەتەکە دەربهێنە
  • لەزگەکە لەناو نایلۆنێکی پاکدایە و پارێزراوە تاکوو ئەو شوێنەی جەستەت ئامادە نەبێت لەو نایلۆنەدا دەریمەهێنە تاکوو پیس نەبێت.
  • دواتر وردە وردە دەریبهێنە و هەرچەندت لێ دەرهێنا بیدە لەو شوێنەی جەستەت کە پاکە و ئامادەیە و دیاریت کردووە.
  • دواتر کە هەموویت لێدا فشاری بخە سەر و با ماوەیەک دەستت بەسەریەوە بێت.

چ کاتێک لەزگەکە دەست دەکات بە ئیشکردن

ئەگەر لە ڕۆژی یەکەم تاکوو پێنجەمی دەستپێکی سوڕی مانگانەکەت لەزگەکە بەکاردەهێنیت، ئەوا یەکسەر ڕێگری دەکات لە دووگیانی، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژەکانی تردا دەست دەکەیت بە بەکارهێنانی لەزگەکە، ئەوا پێویستە حەوت ڕۆژی سەرەتا بە ڕێگای دیکە ڕێگری بکەیت لە دووگیانی وەک بەکارهێنانی کۆندۆم لەو حەوت ڕۆژەدا، ئەگەر ماوەی سوڕی مانگانەکەت کورتە و واتە هەر ٢٣ ڕۆژ جارێک یاخود کەمترە، ئەوا بەکارهێنانی لەزگەکە لە ڕۆژی پێنجەمەوە یاخود درەنگتر لەوە ڕێگری ناکات لە دووگیانی، دەبێت ئاگادار بیت کە ئەو ڕۆژانەی سەرەتا بە ڕێگای دیکە ڕێگری بکەیت لە دووگیانی، ئەگەریش هەر کێشەیەکت هەبوو دەتوانیت بۆ بەکارهێنان و کاتی دەستپێکردنی پرس بە پزیشک بکەیت.

ئەگەر لەزگەکە لێبوویەوە چی بکرێت؟

لەزگەی دژە دووگیانی زۆر بەهێزە و ناکرێتەوە، ئەم لەزگەیە نابێت تەنانەت دوای خۆشۆردن و مەلەکردنیش بکرێتەوە، کاتێک لێبووەتەوە لەزگەکە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بەندە بە کاتی لێبوونەوەی و ڕۆژەکەوە.

ئەگەر کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر تێدەپەڕێت بەسەر لێبوونەوەی لەزگەکەدا و بەڵام هێشتاش توانای لکاندنەوەی هەیە ئەوە هەرچی زووە لێیبدەرەوە، بەڵام ئەگەر ئیتر نالکێتەوە ئەوا لەزگەیەکی نوێ بەکاربهێنە و لەزگەی پێشوو بە پەت و چەسپ مەلکێنەوە بە جەستەتەوە، و ئیتر وەک و ڕۆژانی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکە و لە کاتی خۆیدا بیگۆڕە.

ئەگەر لەزگەکە پێش ئەوەی لێببێتەوە بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بە جوانی به جەستەتەوە بووە، ئەوا بە باشی کاری خۆی کردووە و ڕێگری کردووە لە دووگیانی و پێویست بە ترس ناکات، بەڵام ئەگەر لەزگەکە پێش لێبوونەوەی بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ یان کەمتر بە جەستەتەوە بووە و ئینجا لێبووەتەوە ئەوا بۆ ماوەی ٧ ڕۆژی داهاتوو بە ڕێگایەکی دیکەش ڕێگری بکە لە دووگیانی وەک کۆندۆم.

ئەگەر لەزگەکە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر یان زیاتر لێبووەتەوە و دڵنیا نیت لە ماوەی لێبوونەوەکەی ئەوا لەزگەیەکی دیکە بەکارهێنە و لە سەرەتاوە دەست پێ بکەرەوە بەڵام تاکوو ٧ ڕۆژی داهاتوو بە ڕێگایەکی دیکەش ڕێگری بکە لە دووگیانی.

ئەگەر بیرت چووبوو کە لەزگەکە لەکاتی خۆیدا لێبکەیتەوە پێویستە چی بکەیت؟

ئەگەر دوای هەفتەیەک یان دوو هەفتە بیرت چووە لەزگەکە لێبکەیتەوە، ئەو ڕێکارانەی کە پێویستە بیگریتە بەر پەیوەندی بەو کاتە زیادەوە هەیە کە لەزگەکە بە جەستەوە ماوەتەوە.

ئەگەر پێش ٤٨ کاتژمێر لەزگەکە لە جەستەت لێ بکەیتەوە، واتە لەزگەکە ٨ بۆ ٩ ڕۆژ ماوەتەوە بە جەستەوە، لەزگەکە لێبکرەوە و لەزگەیەکی نوێ بەکاربهێنە، دوای ئەوە وەک ڕۆژانی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکە و پێویست ناکات کە لەگەڵیدا ڕێگایەکی تریش بەکاربهێنیت بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی

ئەگەر کاتی لێکردنەوەی لەزگەکە زیاتر بوو لە ٤٨ کاتژمێر واتە لەزگەکە ١٠ ڕۆژ یان زیاتر پێوەی بوو، ئەوا زوو لەزگەیەکی دیکە بەکاربهێنە و بەڵام بۆ ٧ ڕۆژی داهاتوو ڕێگایەکی تریش بەکاربهێنە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.

ئەگەر دوای تەواوبوونی سوڕی مانگانەکەت بیرت بچێت کە دووبارە لەزگە دابنێیت چی دەبێت؟

- هەرچی زووە لەزگەیەک بدە لە جەستەت و ئیتر لەو ڕۆژەوە دەست پێبکەرەوە.

- ئەگەر ماوەی بیرچوونەکەت دوای هەفتەی سوڕی مانگانە کەمتر بووە لە ٤٨ کاتژمێر ئەوا کێشە نییە و هێشتا پارێزراویت لە دووگیانی، بەڵام ئەگەر کاتەکەی زیاترە لە ٤٨ ڕۆژ ئەوا پێویستە تاکوو ٧ ڕۆژی کە ڕێگای تریش بەکاربهێنی بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی.

- خوێنبەربوون بە درێژایی ئەو هەفتەیەی کە لەزگە بەکارناهێنیت.

- دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ هەفتە لەزگە بەکاردەهێنیت، بەڵام هەفتەیەک بەکاری ناهێنیت ئەو هەفتەیە دەکەویتە سەر خوێن و سوڕی مانگانەکەت دەست پێ دەکات، بەڵام مەرج نییە کە هەموو خانمێک ئەو هەفتەیە بکەوێتە سەر خوێن، ئەگەر لەزگەکەت بە باشی بەکارهێنابێت و هیچ جۆرە دەرمانێکت بەکارنەهێنابێت ئەوە ئاساییە و بەڵام ئەگەریش هەر دوودڵیت دەتوانیت سەردانی پزیشک بکەیت.

چ کەسانێک ناتوانن لەزگەی دژە دووگیانی بەکاربهێنن؟

  • ئەگەر دووگیانیت، یاخود گوومانت لەوە هەیەکە دووگیان بیت.
  • ئەگەر شیر دەدەیت 
  • ئەگەر جگەرە دەکێشیت و تەمەنت ٣٥ ساڵ یان زیاترە لە ٣٥ ساڵ
  • ئەگەر تەمەنت ٣٥ ساڵ یان کەمتر لە ٣٥ ساڵیت و ساڵێکە وازت لە جگەرە کێشان هێناوە.
  • کێشت زۆرە و قەڵەویت
  • کۆمەڵێک دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنیت، وەک دەرمانی دژە بەکتریا و  دەرمانی ڤایرۆسی سیل و ئایدز.
  • کڵۆبوونی خوێن لە خوێنبەر و خوێنهێنەرەکاندا، یاخود کەسێکی نزیکت پێش تەمەنی ٤٥ ساڵی ئەم حاڵەتەی هەبووە.
  • نەخۆشییەکانی دڵ وەک بەرزی فشاری خوێن
  • نەخۆسی گورگە سوورە
  • شێرپەنجەی مەمک
  • شەقیقە
  • نەخۆشییەکانی جگەر و زراو
  • نەخۆشی شەکرە

سوودەکانی بەکارهێنانی لەزگەی دژە دووگیانی

  • بەکارهێنانی ئاسانە و کێشە دروست ناکات بۆ کاتی جووتبوون.
  • وەک بەکارهێنانی حەپ نییە پێویست بکات هەموو ڕۆژێک بیرت بێت بیخۆیت، تەنها پێویستە هەفتەی جارێک بیگۆڕیت و تەواو.
  • بەکارهێنانی دەتوانێت نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە کەم بکاتەوە و ئازاری سوڕی مانگانەش کەمتر بکاتەوە.
  • ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان و منداڵدان و ڕیخۆڵەکان کەم دەکاتەوە.
  • ئەگەری توشبوون بە کیسی هێلکەدان کەم دەکاتەوە

زیانەکانی بەکارهێنانی لەزگەی دژە دووگیانی

  • لەوانەیە شوێنی لەزگەکە ببێتە هۆی هەستیاری و سووربوونەوە و خوران.
  • ڕێگری ناکات لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان و بۆیە ئەگەر ئەم نەخۆشیانەت هەیە پێویست دەکات کۆندۆمیش بەکاربهێنیت کاتی جووتبوون.
  • هەندێک جار دڵتێکچوون و ڕشانەوە و سەرئێشە و هەستیاری مەمکەکان دروست دەکات
  • دوو جار خوێن بینین لە سوڕێکدا یاخود خوێن نەبینین و تەنها بینینی پەڵە خوێن، بەڵام ئەگەر لەزگەکە بە باشی بەکاربهێنیت جێگای نیگەرانی نییە و پارێزگاری دەکات لە دروستبوونی منداڵ.
  • بەکارهێنانی هەندێک دەرمان لەگەڵ لەزگەکدا لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەری لەزگەکە.

مەترسییەکانی بەکارهێنانی لەزگەی دژە دووگیانی

لەوانەیە ئەم مەترسییانە لە چەند کەسێکی کەمدا ڕووبدات و دەگمەن بێت بەڵام ڕوودەدات.

کڵۆبوونی خوێن

هەندێک لەوانەی کە لەزگەی دژە دووگیانی بەکاردەهێنن، لەوانەیە دووچاری کڵۆبوونی خوێن ببنەوە لە ناو خوێنبەر و خوێنهێنەرەکاندا هەر بۆیە ئەگەر خۆت کڵۆبوونی خوێنت هەیە یاخود لە ماوەی ڕابردوودا هەتبووە و یان کەسێکی نزیکت لە خێزانەکەتدا ئەم حاڵەتەی هەیە ئەوا دووربکەوە لە بەکارهێنانی لەزگەی دژە دووگیانی.

شێرپەنجە

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی لەزگەی دژە دووگیانی بەکاردەهێنن بە بەرامبەر بە کەسانی دیکە زۆرتر مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمکیان لەسەرە، بەڵام ئەم ئەگەرە دوای وازهێنان لە بەکارهێنانی لەزگەکە کەم دەکات، بەڵام ئەوانەی ئەم لەزگەیە بەکاردەهێنن ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی منداڵدان و ملی منداڵدان کەم دەبێتەوە.

لەزگەی دژە دووگیانی تا چەند کاریگەرە؟

بەکارهێنانی لەزگەی دژە دووگیانی ٩٩٪ ئەگەری دووگیانی کەم دەکاتەوە و ڕێگایەکی زۆر باشە، بەڵام کەسانێک کە درمانی دیکە بەکاردەهێنن یاخود کێشیان زۆرە ئەم ڕێژەیە کەم دەکات بۆیان.


سەرچاوەکان



24390 بینین