هەنگاوەکانی بنیاتنانی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-11-06-03:58:00 - کۆدی بابەت: 7106
هەنگاوەکانی بنیاتنانی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

چەمکی کاری بازرگانی

هەنگاوەکانی بنیاتنانی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو (بە عەرەبی: خطوات بناء شركة ناجحة، بە ئینگلیزی: Steps to Building a Successful Company)، چەمکی دامەزراندنی کارێکی ئازاد یان چوونە نێو کاری بازرگانییەوە بیرۆکەیەك لە خۆدەگرێت کە دەبێتە هۆی بناغەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نوێ، کار دەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری یاخود دابینکردنی بەرهەمێك، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی بەکارهێنەران و کڕیارەکان لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراودا، هەروەها هەوڵدانە بۆ دابینکردنی ڕێگای نوێی بازاڕکردن بۆ ڕاکێشانی کڕیاری زیاتر و پێدانی پێگەیەکی بەهێز و دیار بە کۆمپانیاکە لە نێوان ڕکابەرەکاندا، لەوانەیە کۆمپانیاکە لەسەر بنەمای بیرۆکەی ناساندنی بەرهەمێکی نوێ بێت، یان بە ئامانجی پێشکەشکردنی کۆمەڵێك خزمەتگوزاری هەمەجۆر دامەزرابێت یان لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی کاڵاو خزمەتگوزاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر بێت لە بەرامبەر پارەدا، مەبەست و ئامانج لە دامەزراندنی کۆمپانیاکان جیاوازە بەڵام لە کۆتاییدا جۆرێکە لە وەبەرهێنان کە کار بۆ بەدەستهێنانی قازانج دەکات. 

چەمك و واتای کۆمپانیا

کۆمپانیا قەوارەیەکی یاساییە لە کۆمەڵێك کەس پێکدێت بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەیەکی بازرگانی یان پیشەسازی یان پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆ کڕیار و بەکارهێنەران، ئەندامانی کۆمپانیا ‌‌‌‌‌هەمووان پەیوەستن بە بە دیهێنانی ئەو ئامانجەی کە کۆمپانیکەی لە سەر دروستکراوە، بنیاتنان و پێکهێنانی کۆمپانیا پێویستی بە کۆمەڵێک سەرچاوە هەیە، وەکوو کەرەستە پێویستەکان لە بەرهەمهێناندا نموونەی کەرەستەی خاو، یاخود پێویستی بە پرۆسەیەکە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کار، یان سەرچاوە هزرییەکان کە بەهرە و لێهاتوویی جیاواز  لە خۆدەگرێت و دەبنە هۆی دروستبوونی بیرۆکەی نوێ، هەموو ئەمانە ڕۆڵی خۆیان هەیە لە بەدیهێنانی ئامانجی کۆمپانیاکە، شێواز و جۆری کارکردنی کۆمپانیاکان جیاواز و هەمەجۆرە هەندێکیان وەکوو کۆمەڵەی خۆبەخشین یان ڕێکخراوی قازانج نەویستن، کە ئامانجیان خزمەتکردنە بە کۆمەڵگایە، جۆرێکی تریش ئەو کۆمپانیا بازرگانیانەن کە کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجێکی دارایی بە سەرنجدان لەسەر زیادکردنی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان.

هەنگاوەکانی بنیاتنانی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو

دەستپێکردنی کارێکی بازرگانی یاخود پێکهێنان و بنیاتنانی کۆمپانیایەکی نوێ بە مەبەستی گەیاندنی بیرۆکەیەك یان بەرهەمێک پێویستی بە کار و ماندوبوونێکی زۆر هەیە، لە سەرەتای بیرۆکەکەوە تاکوو دەگات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، لەم خاڵانەدا باس لە چەند هەنگاوێکی گرنگ دەکەین کە یارمەتیدەرن لە سەرکەوتنی کۆمپانیاکان:

  1. بەهێزکردن و پشتیوانی بیرۆکەکە: سەرەتای هەنگاوەکانی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو لە بنەڕەتدا بیرۆکەیەکە، و پێویستە خاوەنی بیرۆکەکە پشتیوانی لە بەدیهێنانی بیرۆکەکەی بکات بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ ئەو شتانەی کە دەیەوێت بەرهەمی بهێنێت و بیفرۆشێت، هەروەها بۆ ئەو بازاڕەی کە دەیەوێت تێیدا بوونی هەبێت، لە هەمان بواردا بە دوای کۆمپانیاکاندا بگەڕێ و بەدواداچوون بکات و ئەزموونیان لێوەرگرێت و فێربێت، بۆ ئەوەی کار بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمێکی جیاواز لە ڕکابەرەکانی تر بکات.
  2. دانانی پلانی کارکردن: لە پاش دیاریکردنی بیرۆکەکە، هەنگاوی دووەم لە بنیاتنانی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو بریتییە لە دانانی ستراتیژیەکی ڕوون و تۆکمەی کارکردن لە ڕێگای دیاریکردنی ئامانجێکی ڕوون بۆ کۆمپانیاکە، هەروەها دیاریکردنی چەندین لایەنی گرنگی تری وەکوو: ناسنامەی کڕیار، دیاریکردنی بازاڕەکان و ڕێگاکانی دابەشکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکە، هەمووی پێویستی بە داڕشتنی پلانێکی ڕوون و ئاشکراو هەیە لەگەڵ چەندان وردەکاری تری پێویست.
  3. هەڵسەنگاندنی باری دارایی: یەکێک لەگرنگترین هەنگاوەکان لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو بریتییە لە دیاریکردنی ئەو ڕێگایەی کە تێیدا تێچووی کۆمپانیاکە دیاریدەکرێت، ئەگەر لەڕێگای دارایی بانکەوە بێت، یان لە ڕێگای پارەی هاوبەش، باشتر وایە سەرمایەی پڕۆژەکە یان کۆمپانیاکە زیادەڕەوی تێدا نەکرێت، بە تایبەتی ئەگەر پێش سوود وەرگرتن لە قازانجەکان دانرابێت، هەندێک کات دەخایەنێت بۆ گەیشتن بە قازانجە بەردەوامەکان، جگە لەوەی لە کاتی دەستپێکردنی و سەرەتای کۆمپانیایەکی نوێدا، زیادەڕەوی لە خەرجکردن زۆر پەسەند نییە.
  4. گرنگیدان بە پرسە یاساییەکان: بابەتە یاساییەکان و دەستنیشانکردنیان بنەمای هەنگاوەکانی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوون، بۆ ئەوەی جۆری و ئامانجی قەوارەی دارایی دیاری بکرێت، جگە لە دیاریکردنی بەرپرسیارێتی یاسایی کۆمپانیاکە لە پێدانی باج و بوونیمافی خاوەندارێتی لە خانووبەرە، هەروەها لە کاتی ڕوودانی هەر کێشەیەك مافی ئەوەی هەبێت کە گرێبەستی هەبێت و دادگایی بکرێت.
  5. بیمە: بیمەی گونجاو هەنگاوێکی گرنگە لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو دەبێت پێش ئەوەی کۆمپانیاکە بە فەرمی دەست بە کارکردن بکات بیمەی بۆ دانرێت، بۆ ئەوەی مامەڵە بکات لەگەڵ ڕووداوەکانی زیان گەیاندن بە موڵک و دزیکردن و تەنانەت لە کاتی بوونی داوای یاسایی کڕیارەکان لە دژی کۆمپانیاکە، دەبێت خاوەنی کۆمپانیاکە بیپارێزێت لەبەرامبەر ئەو کێشانەدا.
  6. دروستکردنی تیمێکی کارکردنی بەهێز: دروستکردنی تیمێکی بەهێز هەنگاوێکی گرنگە لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوودا، لە سەرەتای دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەک یان کۆمپانیایەک پێویستی بە تیمێک هەیە کە بە تەواوی شارەزای جۆری بازرگانی بێت و ئەزموونی کارکردنی هەبێت.
  7. دروستکردنی براند و هێمای بازرگانی تایبەت بە خۆت: پێش ئەوەی دەستبکرێت بە فرۆشتنی بەرهەمەکان یان پیشاندانی ئەو خزمەتگوزاریانەی لە لایەن کۆمپانیاکەوە پێشکەش دەکرێت، پێویستە خاوەنەکەی سەرەتا بە دوای درووستکردنی هێما و بڕاندێکی تایبەت و گونجاو بگەڕێت، کە بەشداری لە ناوبانگی بەرهەمەکەی دەکات، زۆرینەی کڕیارەکان لەم سەردەمەدا حەز دەکەن بەناوبانگترین بەرهەمی مارکە و بڕاندی جیهانی بکڕن، لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەندین پلاتفۆرمی ڕیکلام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەتوانرێت زیاتر پەرە بەو بوارە بدرێت.
  8. گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی کارەکان: هەنگاوەکانی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو بە تەنیا لە کاتی دەستکردن بە کارکردن و قازانج کردن نییە، بەڵکو پێویستە هەمیشە بیرۆکە و هەوڵی زۆر هەبێت، بۆ پاراستنی سەرکەوتن و مسۆگەرکردنی بەردەوامی، بە پەرەپێدانی بەرهەمەکە خۆی لە ڕێگای ڕیکلام و ناساندنەوە. 


سەرچاوەکان



2986 بینین