سەروپێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-06-22:05:00 - کۆدی بابەت: 7113
سەروپێ

ناوه‌ڕۆك

سەرووپێ

سەروپێ یاخود پاچە (بە عەرەبی: الباجة)، خۆراکێکی کلاسیکی بەربڵاوی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری قەوقاز و نەرویجە، جۆری دروستکردنی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بەزۆری لە کوردستان و ئێران و تورکیا شێوازی دروستکردنی زۆر نزیک یان هاوشێوەی یەکە.

ناوەکەی

لە کوردستان بە هەردوو ناوی سەروپێ و کەل و پاچە ناسراوە، ناوی یەکەم بە هەردوو شێوازی سەرووپێ و سەروپێ دەنووسرێت، بە کوردیی کرمانجی پێی دەوترێت Serûpê لە وڵاتانی عەرەبی پێی دەوترێت الباجة و لە ئێران و تورکیا بە کله پاچه ناسراوە، لە هەریەک لە گورجستان و ئازەربایجان و ئەرمەنستان پێی دەوترێت (خاش)، لە وڵاتی نەرویجیش پێی دەوترێت ئسمالاهوو و لە شەوانی کریسمس زۆر بەناوبانگە و داواکارییەکی زۆری لەسەرە.

خواردنەکە

ئەم خواردنە زۆر پڕ وزە و چەورییە و لە گۆشت و ناوسک و سەر و پێی مەڕ لێ دەنرێت، بۆ ئەو کەسانە باش نییە کە چەوری خوێنیان هەیە، جیا لە ناوسک و قاچ و سەر هەریەک لە پارچەکانی (زمان، گوێ، چاو، گۆشتی ڕووخسار)ـی مەڕەکە لەخۆی دەگرێت، یەکەی ژماردنی سەروپێ "دەست"ـە و هەر دەستێک (کەلـلەیەک و چوار پێ)ـیە، ئاوی سەروپێ زۆرجار دەکرێت بە تریت و دەتوانرێ بەبێ برنج و خواردنی دیکە بخورێت، هەندێک جاریش لەگەڵ برنج ئامادە دەکرێت.

سەروپێ خۆراکێکە زۆری پێ دەچێت و لێنانی ماوەیەکی دەوێت، ئەو شوێنانەی کە لە کوردستان تایبەتن بە فرۆشتن و ئامادەکردنی سەروپێ پێیان دەوترێت (سەروپێخانە) و لە وڵاتی ئێرانیش پێیان دەوترێت (کله‌پزی)، ئەم فرۆشگەیانە لە زۆرینەی شوێنەکان بەردەوام هەن چونکە خەڵکێکی زۆر بەرەبەیان و شەوانی درەنگ حەز بە خواردنی ئەم خۆراکە دەکات.

بابەت: شێوازی ئامادەکردنی سەروپێ

مێژوو

ساڵی ٢٠١٣ گرووپێکی شوێنەوارناسی ئیتاڵی و ئێرانی ناوچەیەکی کۆنیان دۆزییەوە لە خوراسانی باکوور، پارچە و پاشماوەکانی دەگەڕانەوە بۆ ٣٧٠٠ بۆ ٤٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا و تێیدا قاپ و شوێن خۆراک دۆزرانەوە کە سەری مەڕ و پێیەکانی تێدابوون، بەوەش گومان دەکرێت خواردنی سەروپێ بۆ هەزاران ساڵ بگەڕێتەوە.

خواردنی سەروپێ چی بەسەر جەستەدا دەهێنێت؟

سەروپێ پڕە لە پرۆتین، پرۆتینی ئاژەڵیش یەكێكە لە پێویستیەكانی لەشی مرۆڤ، به‌ڵام خواردنی زۆری سەروپێ و لەكاتی نەگونجاودا بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆری كۆلیسترۆڵ و چەوری بەكارنەهاتوو (واتە ئەو چەورییەی كە لەشی مرۆڤ توانای بەكارهێنان و سوود لێوەرگرتنی نییە) دەبێتە هۆی تێكچوونی خەوتنی شەوانە.

هه‌وه‌رها خواردنێكی قورسە و درەنگ هەرس دەكرێت و بەو شێوەیەش دەبێتە هۆی كێشەی ئەندامەكانی هەرسكردن.

كۆلیسترۆڵ جۆرێكی چەورییە كە دەتوانێت دیواری بۆرییەكانی خوێن بگرێت و ببێتە ڕێگر لە گەیشتنی خوێن بەدڵ و مێشك و لەئەنجامیشدا جەڵتەی دڵ و مێشكی بەدوادا دێت، پێویستە بزانرێت سەروپێ پڕە لە كۆلیسترۆڵ و كۆلیسترۆڵیش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی چەوری خوێن و پەستانی خوێن و قەڵەوی و شەكرە.

120 گرام سەروپێی گوێرەكە بڕی 2000 میلی گرام كۆلیسترۆڵی تێدایە، زمانی مەڕ و گوێرەكە پڕە لە چەوری و هەروەها بڕێكی زۆر ڤیتامینەكانی جۆری بی بەتایبەتی بی 12 تیایە، لە 100 گرام زمانی مەڕ 260 كالۆری تێدایە، بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆر لە چەوری پێویستە كەسانی سەرووی 30 ساڵ لە خواردنی ئەم خۆراكە دووربكەونەوە. 


سەرچاوەکان



2169 بینین