ڕووباری ئۆرینۆکۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-08-20:10:00 - کۆدی بابەت: 7132
ڕووباری ئۆرینۆکۆ

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ڕووباری ئۆرینۆکۆ

ڕووباری ئۆرینۆکۆ (بە ئینگلیزی: Orinoco)، یەکێکە لە درێژترین ڕووبارەکانی ئەمریکای باشوور بە درێژی 2250 کیلۆمەتر (1400 میل)، تێکڕای قەبارەی ئاوی ڕووبارەکە 37,000 مەتر سێجایە و کەمترین قەبارەی 21,000 مەتر سێجایە و ئەوپەڕی قەبارەکەشی 54,000 مەتر سێجایە، هەروەها سیستمی ئاوەڕۆی حەوزی ڕووبارەکە کە هەندێک جار بە ئۆرینۆکویا ناسراوە، ڕووبەری 880,000 کیلۆمەتری دووجا (340,000 میل چوارگۆشە) داگیردەکات، لەگەڵ 76.3%ی لە ڤەنزوێلا و بەشەکەی تری لە کۆڵۆمبیا، ئەمە چوارەمین ڕووباری گەورەیه لە جیهاندا لە ڕووی قەبارەی ئاوەکەیەوە، ڕووباری ئۆرینۆکۆ و لق و پۆپەکانی سیستمێکی سەرەکی گواستنەوەیە بۆ ڕۆژهەڵات و ناوخۆی ڤەنزوێلا و لانۆس کۆڵۆمبیا، هەروەها ژینگە و ژیانی زیندەوەرانی ناو حەوزی ئۆرینۆکۆ زۆر هەمەجۆرن.

مێژووی ڕووباری ئۆرینۆکۆ

ڕێژگەی تێڕژانی ئاوی ڕووباری ئۆرینۆکۆ بۆ نێو زەریای ئەتڵەسی لە 1ی ئابی 1498 لە ماوەی گەشتی دەریایی سێیەمیدا لەلایەن کریستۆفەر کۆلۆمبەوە تۆمارکراوە، ئۆرینۆکۆ و لق و پۆپەکانی لە ڕۆژهەڵاتی لانۆس وەک ئاپورێ و مێتا، لە سەدەی 16دا لەلایەن هەڵمەتێکی ئەڵمانییەوە بۆ نێو دەریا بە سەرۆکایەتی (ئامبرۆزیەس ئێهینگەر) و جێگرەکانی گەشتیان کرد بۆ هەرێمە نەزانراوەکان و دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە، هەروەها (ئەلێکساندەر ڤۆن هەمبۆڵدت) لە ساڵی 1800 لە حەوزی ڕووبارەکەی کۆڵیەوە و ڕاپۆرتی لەسەر دۆلفینی ڕووباری ڕەنگ پەمەیی کرد و بەشێوەیەکی فراوان دەربارەی ڕووەک و ئاژەڵەکانی نێو ڕووبارەکە دوا، سەرچاوەکانی ڕووباری ئۆرینۆکۆ دەکەوێتە سێرۆ کارلۆس دێلگادۆ چالبۆد ( 2º19’05 لە باکوور، 63º21’42 ڕۆژئاوا) کە لە ساڵی 1951 لەلایەن هەڵمەتێکی دانیشتوانە فەڕەنسییەکانی ڤێنیزوێلاوە دۆزرایەوە.

ڕووباری ئۆرینۆکۆ لەڕووی جوگرافییەوە

ئاڕاستەی ڕووباری ئۆرینۆکۆ بە شێوەی قەوسێکی هێلکەیی فراوان دەوری قەڵغانی گویانا دەدات، ئەمەش دابەشکراوە بەسەر چوار درێژکراوەی درێژی نایەکسان کە بە نزیکەیی لەگەڵ ناوچەناوچەکردنی درێژاودرێژی ڕووبارێکی گەورەی ئاساییدا دەگونجێن، ئۆرینۆکۆی سەروو 286 کیلۆمەتر (178 میل) درێژە و لە بەشی سەرەوەی ڕووبارەکەوە بۆ ئەو بەشانەی ڕووبارەکە کە تەوژمەکانی زۆر خێران "ڕۆدێڵس دو گواهاریبۆس"، بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا بەناو دیمەنی سروشتی شاخەکاندا دەڕژێتە خوارەوە، ئۆرینۆکۆ ناوەندی 805 کیلۆمەتر (500 میل) درێژە و دابەشکراوە بۆ دوو بەش، کە یەکەمیان 515 کیلۆمەتر (320 میل) درێژە و بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات، هەروەها بەشی دووەمی بەرەو باکوور دەڕوات و درێژییەکەی نزیکەی 290 کیلۆمەتر (180 میل)ە، بەدرێژایی سنووری ڤەنزوێلا و کۆڵۆمبیا، ئۆرینۆکۆی خواروو 959 کیلۆمەتر (596 میل) درێژە و بەهۆی دەشتێکی لیتەیی گەورەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەقوڵێت، لەو بەشەی ڕووبارەکەوە کە تەوژمی خێرایە (ئەیتریەس)ەوە بەرەو پیاکۆوا بە بەردەم (باڕانکاس)دا دەڕوات، وە دەلتای ئەماکورۆ بە درێژایی 200 کیلۆمەتر (120 میل) دەڕژێتە ناو کەنداوی پێریا و زەریای ئەتڵەسی، دەلتایەکی زۆر گەورەیە و نزیکەی 22500 کیلۆمەتری دووجایە (8700 میل چوارگۆشە) وە ئەوپەڕی پانییەکەشی 370 کیلۆمەتر (230 میل)ە.

ڕووباری ئۆرینۆکۆ لەڕووی ژینگەزانییەوە

دۆلفینی بۆتۆ و سەگی دەریایی زەبەلاح نیشتەجێی سیستەمی ڕووباری ئۆرینۆکۆن، هەروەها ئەم ڕووبارە نیشتیمانی تیمساحی ئۆرینۆکۆییە و یەکێکە لە دەگمەنترین گیانەوەرە خشۆکەکانی جیهان، جۆرەکەشی لە ژینگە سروشتییەکەدا سنووردارە لە ناوەڕاست و حەوزی خوارەوەی ڕووباری ئۆرینۆکۆدا، زیاتر لە 1000 جۆر ماسی لە حەوزی ڕووبارەکەدا تۆمارکراون و نزیکەی 15%ی نیشتەجێی ڕووبارەکەن، لەنێو ئەو ماسیانەی کە لە ڕووبارەکەدا دۆزراونەتەوە چەند جۆرێکیان تێدایە کە لە ئاوی سوێری ڕێژگەی ڕووباری ئۆرینۆکۆدا دۆزراونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی سنوورداریان لە ئاوی شیریندا هەن، تا ئێستا زۆرترین جۆرەکان بریتین لە ماسی ئەژدیهایی "کە جۆرێکی ماسی په‌ڕه‌كه‌دارن" وە ماسی سیلوری، کە پێکەوە زیاتر لە 80%ی جۆرەکانی ماسی ئاوی شیرین پێکدەهێنن، هەندێک لە بەناوبانگترین جۆرەکانی ماسی لەم ڕووبارەدا بریتین لە پیرانیای "ماسییەدڕە"ی خاڵ ڕەش و کاردیناڵ تترا، دووەم جۆریان کە لە پیشەسازی پێشەنگای زیندەوەرانی ئاویدا گرنگە و لە ڕووبارەکانی (ریۆ نیگرۆ)ـدا دۆزراوەتەوە.

چالاکی ئابووری

بەشی زۆری ڕووبارەکە کەشتی‌ڕەوە و گونجاوە بۆ هاتوچۆپێکردنی کەشتی، وە جۆماڵکردن "لیتەماڵی" ڕێگە بە کەشتییەکانی زەریا دەدات بگەن بە شاری (سیوداد بۆلیڤار)، لە خاڵی پەیوەستگەی ڕووباری کرۆنی بەدرێژایی 435 کیلۆمەتر (270 میل) لە بەشی سەرەوەی ڕووبارەکە کە نزیکی سەرچاوەکەیەتی، کەشتییە هەڵمییەکانی ڕووبارەکه کاڵاکان دەگوازنەوە بۆ پوێرتۆ ئایاکوچۆ و ئەیتریەس راپیدس، لە ساڵی 1926، پشکنەرێکی کانسازی ڤێنیزوێلا یەکێک لە دەوڵەمەندترین نیشتەی خاوی ئاسنی دۆزیەوە لە نزیکی دەلتای ئۆرینۆکۆ لە باشووری شاری (سان فلیکس) لەسەر شاخێک بەناوی (ئێل فلۆرێرۆ)، دوای جەنگی جیهانی دووەم لەلایەن دام‌ودەزگایەکی کۆمپانیای ڤێنیزوێلا و کۆمپانیاکانی ستییڵی "پۆڵای" ئەمریکاوە دەستکرا بە کانسازی نیشتەی خاوی هەمەلایەنە، لە سەرەتای ساڵی 1950کاندا ڕۆژانە نزیکەی 10,000 تەن خۆڵی ئاسن پوختەدەکرا، زیاد لەوەش نیشتووەکانی ڕووباری ئۆرینۆکۆ لە ناوچەی دەشتەنەوتی ئۆرینۆکۆ ڕەشەلمیان تێدایە، کە لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوت.


سەرچاوەکان



511 بینین