حافزی شیرازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-09-03:05:00 - کۆدی بابەت: 7136
حافزی شیرازی

ناوه‌ڕۆك

حافز

حافز یاخود حافظ یەکێکە لە بەناوبانگترین شاعیرەکانی مێژووی ئێران و بە حافزی شیرازی دەناسرێت، لە سەدەی هەشتەمی کۆچی ژیاوە و ناوبانگێکی ئێرانی و جیهانی هەیە و شیعرەکانی ڕۆژانە بۆ مەبەستی هونەری و فاڵ بەکاردێن.

حافز کێیە؟

حافز ناوی تەواوی شەمسەدین محەمەد کوڕی بەهادینی محەمەد حافزی شیرازییە، بە هەریەک لە نازناوەکانی "لِسانُ‌الْغِیْب" و "تَرجُمانُ الْاَسرار" و "لِسانُ‌الْعُرَفا" و "ناظِمُ‌الاُولیاء" ناسراوە، زۆرترین شیعرەکانی غەزەلن و لە سەدەی ١٨ و ١٩ شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە بیانی و ئەورووپییەکان، لە وڵاتی ئێران هەموو ساڵێک لە ڕێکەوتی "٢٠ـی میهر" یادی حافز لە ئارامگاکەی دەکرێتەوە.

بەپێی گێڕانەوەی نێو شیعرەکانی بێت باسی لە ئامادەبوون لە قوتابخانە و خوێندنی قورئان لە بەیانیان و ماوەی ٤٠ ساڵ خوێندنی زانستی کردووە، هاوڕێی زۆرێک لە پادشا و سەرکردەکانی ئەوکات بووە و لەگەڵ هونەردۆست و کەسایەتییە ئەدەبییەکان پەیوەندییەکی گەرمی هەبووە، پێی وابووە هیچ گوناهێک ئەوەندەی فێڵ و ڕیاکاری گەورە نییە.

شیعرەکانی حافز سەر بە قوتابخانەی رێندین (رندی) و پێی وابووە کە شێوەیەکی فەلسەفی و ڕووناکبیرانەیە، شارەزایان دیارترین جۆری شیعرەکانی ئەویان بە غەزەلی "پەرێشانی" ناساندووە، واتا نەبوونی ڕێکوپێکی لە نێو ڕیزەکان و هەر بەیتێک مەبەستێکی هەیە، حەزی بە شیعر و عیرفان و ئەدەبیاتی فارسی و فەلسەفە بووە و شیعرەکانی لە هەر سێ بواری عاشقانە و وەسف و عارفانەن.

لە گەنجیدا زۆر غەزەلی عاشقانە دەنووسێت و دیوانی شیعرەکانی پێکدێ لە "غەزەل" و "چیرۆک" و "مەسنەوی" و "چوارینە".

ژیان

ساڵی ١٣١٥ لە شاری شیرازی ئێران لەدایکبووە و لە منداڵیدا باوکی لەدەست داوە، لە گەنجیدا نانەواچی بووە و ژیانێکی سەختیان لەگەڵ دایکی بەسەربردووە، لە کاتە بەتاڵەکانیدا سەردانی قوتابخانەی نزیکی نانەواکەیان دەکات و لەوێ فێری نووسین و خوێندنەوە دەبێت، لە ساڵانی ٢٠ـی تەمەنی دەبێتە کەسێکی دیار و زیرەک و هەموو قورئان لەبەر دەکات و لەبەرئەوەش پێی دەڵێن حافز، واتە "لەبەرکاری قورئان".

ماوەی چل ساڵی بەردەوام لە کۆڕ و وانەکانی "قوام الدين عبدالله" و "مولانا بهاء الدين عبدالصمد بحرآبادی" و "مير سيد شريف علامه گرگانی" و "مولانا شمس الدين عبدالله" و "قاضی عضدالدين عيجی" بەشداری دەکات و بەو هۆیەوە ئاگاداری زۆرینەی زانستەکانی سەردەمی خۆی بووە.

لە سەردەمی پادشا شێخ ئیسحاق دەڕواتە نێو کۆشک و دەبێتە کاربەدەست لەوێ، جیا لەو لە کۆشکی چەند دەسەڵاتدارێکی دیکەی وەک "شێخ موبارەزەدین" و "شجاع" و "مەنسووڕ" و "یەحیا" بووە، لەڕێی کاربەدەستییەوە بژێوی خۆی دابین دەکرد و شاعیری کاری سەرەکی نەبووە.

عاشق بوون

حافز لە گەنجیدا عاشقی کچێک دەبێت بە ناوی شاخە نەبات، شارەزایان دەڵێن کە ناوی ژنەکەی "نەسرین" بووە و ناسناوی شاخە نەباتی لەبەر شیرینیی زمانی خۆشەویستەکەی داناوە، حافز بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی ماوەی ٤٠ شەو و ڕۆژ بەردەوام لە ئارامگای باباکوی نزای کردووە و شەوان ماوەتەوە، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات و تەنیا دەبێتە خاوەنی یەک کوڕ.

تەنیا یەک جار هاوسەرگیری کردووە و لەدوای مردنی هاوسەرەکەی بە تەنیا دەمێنێتەوە لەبەرئەمەش زۆرێک لە عاشقان و عارفان خۆشەویستی ڕاستەقینە لە حافزدا دەبیننەوە، دواتریش لە گەشتێکدا بۆ وڵاتی هیند کوڕەکەی لەدەست دەدات.

بەرهەمەکانی 

دیوانی حافز لە ٥٠٠ غەزەل و ٤٢ چوارینە و چەند قەسیدەیەک پێکدێت کە هەموو ئەمانەی لە ماوەی ٥٠ ساڵی تەمەنیدا نووسیوە، واتە بە ڕێژەی ناوەندی هەموو ساڵێک تەنیا ١٠ غەزەلی نووسیوە، زیاتر لە ٤٠٠ جار شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی دیکە و بووەتە خاوەنی ناسناوی "لێهاتووترین غەزەلنووسی زمانی فارسی".

کۆچی دوایی

ساڵی ١٣٩٠ حافز کۆچی دوایی دەکات و لە موسەڵای شاردا دەنێژرێت، ساڵی ٨٥٥ـی کۆچی بە فرمانی ئەبوقاسمی بابر تەیمووری ئارامگای حافز دروست دەکرێت، کە دواتر گەورەتر کراوە.


سەرچاوەکان



2196 بینین