ڕووباری میکۆنگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-11-02:22:00 - کۆدی بابەت: 7160
ڕووباری میکۆنگ

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارە ڕووباری میکۆنگ

ڕووباری میکۆنگ بە ئینگلیزی (Mekong River)، ڕووبارێکی سنوورییە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دوازدەیەم درێژترین ڕووباری جیهانە و شەشەمین درێژترین ڕووباری ئاسیایە، درێژییەکەی بە 4909 کیلۆمەتر (3,050 میل) مەزەندە دەکرێت و ڕووبەرەکەشی 795,000 کیلۆمەتر دووجایە (307,000 میل چوارگۆشە)، هەروەها قەبارەی ئاوی ڕووبارەکە 475 کیلۆمەتر سێجایە (114 میل سێجا) و قەبارەی حەوزی ڕووبارەکە 795,000 کیلۆمەتر دووجایە، ئاوی ڕووبارەکه لە بانی (تیبتی)ـەوە بە چین و میانمار و لاوس و تایلاند و کەمبۆدیا و ڤێتنامـەوە دەڕوات، گۆڕانکارییە وەرزییە توندەکان لە جووڵەی ئاوی ڕووبارەکە و ئەو بەشەی ڕووبارەکە کە تەوژمی خێرایە و تاڤگەکان لە ڕووباری میکۆنگ کێشە بۆ دەریاگەڕی و گەشتی دەریایی دروست دەکەن، هێشتاش ڕووبارەکە ڕێگایەکی بازرگانییە لە نێوان ڕۆژئاوای چین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

ڕووبارەکه لەڕووی زەویزانییەوە

شێوازی ئاوەڕۆی ناوەوەی ڕووباری میکۆنگ بە بەراورد لەگەڵ ڕووبارە گەورەکانی تر نائاساییە، زۆربەی سیستمی ڕووبارە گەورەکان کە دەڕژێنە ناو کیشوەرەکانەوە وەکو ئەمازۆن و کۆنگۆ و میسیسیپی، تۆڕێکی لقداری شێوە درەختی تا ڕادەیەک سادەیان هەیە کە لە لقی درەختێک دەچێت، بەزۆری ئەم شێوازانە لەناو حەوزەکاندا گەشە دەکەن لەگەڵ گردە لێژەکان لەو شوێنەی کە پێکهاتە جیۆلۆجییە بنچینەییەکە تا ڕادەیەک هاوجۆر و جێگیرە، وە پێشگیرییەکی کەم لە پێکهاتەی ڕووبارەکە دەکەن یان هیچ پێشگیرییەک ناکەن، لە بەرامبەردا تۆڕە لقدارەکانی ڕووباری سالوین و یانگزی بە تایبەتی ڕووباری میکۆنگ، ئاڵۆزن لەگەڵ مۆژە لاوەکییە جۆراوجۆرەکان کە زۆرجار جیاواز دەردەکەون و شێوازی ئاوەڕۆکانیان جیاوازە، ئەم سیستمە ئاڵۆزانەی ئاوەڕۆ لە ژینگەیەکدا گەشەیان کردووە کە پێکهاتە جیۆلۆجییە بنەڕەتییەکەی فرەجۆر و چالاکە و هۆکاری سەرەکی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی ڕوبارەکان و دیمەنە سروشتییەکانە کە ئەم ڕووبارانه دەینەخشێنن.

ڕاوگەماسی لە ڕووبارەکە

زیندەفرەجۆری ئاوی لە سیستمی ڕووباری میکۆنگ لە دوای ڕووباری ئەمازۆنەوە دووەم ئاستبەرزترین ڕووباری جیهانە، حەوزی ڕووباری میکۆنگ خاوەنی یەکێک لە گەورەترین و بەرهەمدارترین زەوییە ناوخۆییەکانی جیهانە، لە ساڵێکدا دوو ملیۆن تەن ماسی خەمڵێندراوە، جگە لە نزیکەی 500,000 تەن ئاژەڵی ئاوی تر، کۆی نرخی ئابووری ڕاوگەماسی لە نێوان 3.9 ملیار دۆلار بۆ 7 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا، مەزەندە دەکرێت کە 40 ملیۆن دانیشتوانی لادێ کە دەکاتە زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی لادێ لە حەوزی ڕووباری میکۆنگی خواروو نیشتەجێبن، ڕاوگەماسی بەشێوەیەکی بەرچاو سەرچاوەی بژێوی زۆر کەسن بەتایبەتی هەژاران، کە بەزۆری پشت بە ڕووبار و سەرچاوەکان دەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان.

کێشە ژینگەییەکان لە ڕووبارەکە

وشکەساڵی پەیوەندیدارە بە گۆڕانکارییەکی کەشوهەوایی و چەندین بەنداوی کارۆئاوی کە زیان بە سیستمی ژینگەیی ڕووباری میکۆنگ دەگەیەنن، کاتێک وشکەساڵی کۆتایی دێت و لافاوە مسۆگەرەکان دەست پێدەکەن، وە گرنگیدان بە ئاوەڕۆ لە شار و ناوچە شارستانییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی ڕووباری میکۆنگ سەرەتایین، لە ئەنجامدا پیسبوونی ئاو کاریگەری لەسەر ژینگەپارێزی ڕووبارەکە هەیە، زۆربەی ئەو 8.3 بلیۆن تەن پلاستیک لەسەر زەوی بوونیان هەیە دەچنە ناو زەریاکانەوە و لە سەدا 90ی پلاستیکی نێو زەریاکان لە ڕێگای 10 ڕووبارەوە هاتوون، ڕووباری میکۆنگیش یەکێکە لەو ڕووبارانە، بەشێکی زۆر لە ئەکادیمەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و زانایان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لیژنەی ڕووباری میکۆنگ دەکەن کۆتایی به وێستگەی هێزی کارۆئاوی بهێنن، هەروەها داوای ڕاگرتن و وەستانی خێرای دامەزرانی نوێ دەکەن، وە داوای گۆڕینی بۆ خۆری و شێوەکانی تری تازەبوونەوەی وزە دەکەن کە لە ئێستادا زۆر پێشکەوتووە و دامەزراندنیشی خێراترە.


سەرچاوەکان



602 بینین