شیردان بە منداڵ لە کاتی خەودا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-15-22:44:00 - کۆدی بابەت: 7262
شیردان بە منداڵ لە کاتی خەودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵ کاتێکی دیاریکراوی نییە بۆ خەوتن، زۆرجار منداڵ بە برسێتی دەخەوێت و دایکەکە ناچارە کە لە کاتی خەودا شیری پێ بدات، منداڵ کاتێک شیر دەخواتەوە دەبێت سەری بە گۆشەی ٣٠ بێت بۆ ئەوەی دووربێت لە هەوکردنی گوێی، بەڵام هەندێک کات دایکەکە ناچارە کاتێک کە منداڵەکەی خەوتووە لە خەودا شیری پێ بدات، وە کاتێک منداڵ خەوتووە دایکەکە ناچارە پاڵبکەوێت و بەو شێوەیە شیری پێ بدات کە سەری منداڵەکە زۆر نزمە، بۆیە بە گشتی پێدانی شیر بە منداڵ لە کاتی خەودا کارێکی هەڵەیه.

زیانەکانی پێدانی شیر بە منداڵ لە کاتی خەودا 

کەمبوونەوەی خەو

کاتێک منداڵەکەت بە شیر دەخەوێنیت و لە خەودا شیرەکە دەخوات ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خەوی منداڵەکە.

کەمبوونەوەی خۆراک

 منداڵەکە لەوانەیە پێش ئەوەی تێر بخوات خەوی لێ بکەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراکی منداڵەکە.

زۆرخۆری

منداڵی تازە لەدایکبوو بەگشتی زۆر دەخۆن و هەرکات مەمکی دایک بخرێتە دەمیان دەست دەکەن بە مژینی و دەیخۆن، بەمەش کاتێک بەردەوام لە خەودا شیر دەدەیت بە منداڵەکەت لەوانەیە تووشی زۆرخۆری و قەڵەوی ببێت.

کلۆربوونی ددانەکان

کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر شیرەکە لە دەمی منداڵە خەوتووەکەدا دەمێنێتەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر لە دەمی منداڵەکەدا بمێنێتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکانی.

مەترسی خنکان

کاتێک منداڵەکە لە خەودایە و دایکی شیری پێ دەدات بەهۆی بێ ئاگایی منداڵەکەوە ئەگەری خنکانی منداڵەکە زۆرە بەوەی کە شیرەکە بچێتە ڕێڕەوی هەناسەیەوە.

هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە

لێکۆڵینەوەکانی ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو منداڵانەی لە خەودا شیر دەخۆنەوە ئەگەری هەوکردنی سییەکانیان زیاترە.

واباشە دایکەکە تەواوی بیری خۆی کۆبکاتەوە کاتێک منداڵەکەی لە خەودا شیر دەخوات چونکە منداڵەکە ئاگای لەخۆی نییە و تەنها شیرەکە دەخوات.

چۆن دەتوانم منداڵەکەم هەستێنم لە خەو بۆ شیر خواردن؟

  1. کاتێک منداڵەکەت دەخەوێت بیخە باوەشتەوە و لە سنگی خۆتی نزیک بکەرەوە و ئینجا شیرەکەی پێ بدە بۆ ئەوەی زیاتر بخوات و هەستێت لە خەویش.
  2. هەوڵبدە مەمکت ڕووت بێت لەگەڵ سنگی منداڵەکەتدا و منداڵەکە بنووسێنە بە خۆتەوە تاکوو پێستتان بەر یەک بکەوێت، یاخود منداڵەکە دەست بدات لە ڕووخسار و مەمکت بەمەش زیاتر مەشغوڵ دەبێت کاتی شیر خواردن و خەوی لێ ناکەوێت.
  3. بەردەوام لە کاتی شیرداندا قسە بکە لەگەڵ منداڵەکەت بە بیستنی دەنگی تۆ خەوی لێ ناکەوێت.
  4. لە شوێنێکی ئارامدا شیری پێ بدە و هەوڵبدە دەنگە دەنگی تێدا نەبێت، چونکە منداڵ کاتێک بێزار دەبێت لە دەنگە دەنگی زۆر هەوڵ دەدات بخەوێت تاکوو ڕزگاری ببێت لەو دەنگانە.
  5. هەوڵبدە شوێنێکی زۆر گەرم و نەرمی نەبێت و ئەگەر پەتوی پێوەیە یاخود جلەکانی گەرمە لەبەریدا دایبکەنە تاکوو کەشێکی لەباری نەبێت بۆ خەوتن، منداڵ زوو پلەی گەرمی جەستەی لە دەست دەدات، هەر بۆیە ئەم کارە وادەکات خەبەری ببێتەوە و نەخەوێت.
  6. کاتێک خەوی لێکەوتووە دایبییەکەی بگۆڕە تاکوو هەستێت لە خەو و دواتر شیری پێ بدە.
  7. بە ئارامی ڕووخساری منداڵەکەت تەڕ بکە و شێداری بکەرەوە.
  8. ژوورەکە با ڕووناک بێت و تاریکی مەکە تاکوو منداڵەکەت خەوی لێ نەکەوێت.
  9. بەردەوام دەست بدە لە ڕوومەتی منداڵەکەت و بیلاوێنەوە تاکوو خەوی لێ نەکەوێت.
  10. بارودۆخی جیاواز تاقیبکەرەوە و هەڵبدە شێوازی جیاوازی شیردان بەکاربهێنیت بۆ منداڵەکەت بزانیت بە کام جۆرەیان کەمتر خەوی لێ دەکەوێت و ئەو جۆرەیان هەڵبژێریت لە کۆتایدا.
  11. مەمکەمژە بەکارمەهێنە بۆ منداڵەکەت چونکە وادەکات کە زیاتر برسی بێت.

چەند ڕێنوێنییەک بۆ مژینی مەمکی دایکەکە 

ئەگەر منداڵەکەت بە باشی نازانێت مەمکت بمژێت ئەوا ئەم چەند ڕێگایە بەکاربهێنە، سەرەتا ڕێگا بدە بە منداڵەکەت تاکوو ١٥ خولەک خۆی چۆن پێی خۆشە بەو شێوازە مەمکت بمژێت و ئەگەر بەم جۆرە نەیتوانی بە باشی بیمژێت و تێری نەخوارد ئەوا ئەم چەند ڕێگایە تاقیبکەرەوە:

  1. هەناسەی قووڵ هەڵبمژە، هەندێک کاتی هەڵمژینی هەناسەی قووڵ وادەکات کە جووڵەیەک بدات بە مەمکت و منداڵەکە دووبارە دەست بکاتەوە بە مژین. 
  2. بەردەوام مەساج بکە بۆ مەمکت و پەستان بخەرە سەریییەوە و هەر کە منداڵەکە دەستی کردەوە بە مژینی مەمکت واز لە مەساج کردنەکە بهێنە.
  3. لە ژێر چەناگەی منداڵەکەوە تاکوو گەرووی بەباشی مەساج بکە.
  4. ئەگەر هەموو ئەمانەت ئەنجامدا و منداڵەکە هەر کێشەی هەبوو لە مژینی مەمکتدا ئەوا سەردانی پزیشکی پێ بکە.
  5. منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا دەتوانن زۆر کەم شیر بخۆن و بەڵام زۆر زوو چونکە بەردەوام لە گەشەدان، بۆیە دایکەکە پێویستە زوو زوو شیر بدات بە منداڵەکەی بە تایبەت لە شەودا.


سەرچاوەکان



29515 بینین