هایدە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-15-22:56:00 - کۆدی بابەت: 7263
هایدە

ناوه‌ڕۆك

هایدە کێیە؟

هایدە (بە فارسی: هایده، بە ئینگلیزی: Hayedeh) یەکێکە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی وڵاتی ئێران و زمانی فارسی، یەکێکە لە کاریگەرترین هونەرمەندانی پێش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و دوای چوونەدەرەوەشی لە ئێران ناوبانگی وەک خۆی مایەوە.

هایدە خاوەن دەنگ و دەربڕینێکی ڕوون و ماوەدرێژ و سۆزدار بوو کە هەستی گوێگرانی دەجوڵێنێت، هایدە خاوەنی هەردوو دەنگی (مێزۆ-سۆپرانۆ) و (کۆنتراڵتۆ) بووە. لە دوو دەیەی تەمەنیدا لە گۆرانی وتن خاوەنی ٢٠٠ گۆرانی و ٣٠ ئەلبوومە.

مەهەستی گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی خوشکی گەورەی هایدەیە.

ژیان

هایدە ناوی تەواوی "مەعسوومە دەدەبالا"یە، لە ١٩٤٢/٤/١٠ لە وڵاتی ئێران لە شاری تاران لەدایکبووە، باوکی ناوی محەمەد دەدەبالا و دایکی زینەت بولغاری بووە، هەرزوو توانای وتنی گۆرانی لەلای هایدە و بەکارهێنانی تۆنی دەنگ و لەرەی قوڕگ و وتنی غەزەل دەرکەوت و بەوهۆیەشەوە بە گۆرانیبێژی ئێرانی (دلکەش) بەراورد دەکرا و خۆیشی لەبەر ئەو حەزی بۆ گۆرانی وتن هەبووە.

هایدە بە گۆرانی "ازادە" لەلای مامۆستاکەی "عەلی تەجویدی" لە ساڵی ١٩٦٨ دەستی بە گۆرانی وتن کرد. دوای دەستکردنی بە گۆرانی وتن هایدە بە خاتوونی ئاوازی سوننەتی و پۆپی ئێران ناوی دەرکرد، دواتر لەگەڵ ئۆرکێسترای گەورەی بەرنامەی گل ها بەردەوام بوو و لە ساڵانی حەفتا چەندین گۆرانی وت، لەوێ حەزی بۆ گۆرانی پۆپ دروست بوو کە زۆرینەیان لە دروستکراوی فەرەیدون خشنود، جەهانبەخش پازوکی، محەمەد حەیدەری، نوشیروان ڕۆحانی بوون.

عەلی ئەکبەر مەولایی دەڵێت کە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەفتانە لە ماڵەکەی هایدەدا لەگەڵ ئەو دانیشتنی روضەیان هەبووە و لەوێ هایدە مەدداحی کردووە.

هایدە لە مانگی ئەیلوولی ١٩٧٨ وڵاتی ئێران بەجێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە بەریتانیا و هەتاوەکوو کۆتایی تەمەنی ئەمە بە تاڵترین یادگاری ژیانی ناودەبات، ساڵی ١٩٨٢ لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا دەست بە گۆرانی وتن دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت، لە ئەمریکا لەگەڵ سادق نەوجوکیی ئاوازدانەر ئاشنا دەبێت و پێکەوە ئەلبوومەکانی "بزن تار" و "شب عشق" بەرهەم دەهێنن.

ئەلبوومی "شب عشق" بە پڕفرۆشترین ئەلبوومی دەیەی هەشتاکانی کۆمپانیای تەرانە دانرا و ئەلبوومی "بزن تار"ـیش بە ئەلبوومی ساڵی ١٩٩٠دانرا.

لەدوای مردنی بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی بڵاوکرانەوە کە هەندێکیان بە شێوەیەکی نایاسایی بڵاوکرانەوە، لەگەڵ هەریەک لە مەهەستی و موعین و ئەکبەر گوڵپایگانی و محەمەد ڕەزا شەجەریان و داریوش و ویگن و ستار و حومەیرا بەرهەم و ئەلبوومی هەیە.

هەریەک لە هایدە و مەهەستی و حومەیرا پێکەوە بە سێینەی زێڕینی مۆسیقای ئێران دادەنرێن.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی ٢٠/٦/١٩٩٠ لە بەیانیی پێشکەشکردنی کۆنسێرتی کازابلانکا لە سان فرانسیسکۆی کالیفۆڕنیا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. هایدە نەخۆشییەکانی فشاری خوێن و شەکرەی هەبوو.

لە گۆڕستانی وێست وود لە لۆس ئەنجلۆس لە ئامادەیی هەزاران کەسی ئێرانیی دانیشتووی ئەمریکا بەخاک سپێردرا.

دوای مەرگ

ساڵی ٢٠١٩ شارەوانی لۆس ئەنجلۆس ئەستێرەیەکی بەناوی هایدە لە شەقامی کەسە بەناوبانگەکانی ئەمریکا لە نزیک بەناوبانگترین هونەرمەندانی جیهان دانا و ناوی هایدە لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانی لۆس ئەنجلۆس وەک بەشێک لە میراتی ڕۆشنبیری وڵاتی ئێران و ناسنامەی ئێرانی دانراوە.

بەرهەمەکانی

هایدە لە ژیانیدا خاوەن چەندین بەرهەمی بەناوبانگە کە شوێنی خۆیان لەنێو مۆسیقای فارسیدا کردووەتەوە، کە ئەمانەن:

بەرهەمەکانی هایدە


سەرچاوەکان



4339 بینین