کێشە باوەکانی هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-12-17-14:48:00 - کۆدی بابەت: 7282
کێشە باوەکانی هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

کێشە باوەکانی هاوسەرگیری چیین؟

کێشەی گفتوگۆ

باوترین جۆری ناکۆکی کە لە نێوان دوو هاوسەردا بوونی هەبێت نەبوونی پەیوەندی و کەمی گفتوگۆکردنە لەگەڵ یەکتر، زۆرینەی هاوسەرەکان خۆیان کێشەکان دروست دەکەن لە جیاتی ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن، لە سەرەتادا ئەوان بەوە ڕازی دەبن کە پیاوەکە کاری دەرەوە بکات و پارە پەیدا بکات هەروەها ژنەکەش کارەکانی ماڵەوە بکات و چاودێری منداڵەکان بکات، بەڵام کاتێک دواتر ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکی نوێ دەبنەوە، ئەوا دەبێت ئەوان گفتوگۆ لەسەر ڕێگاچارەیەکی دیکە بکەن، کێشەکە ئەوەیە کە دەبێت هاوسەرەکان بتوانن گوێ لە سکاڵاکانی یەکتر بگرن بەبێ ئەوەی یەکتری بپچڕێنن لەکاتی گفتوگۆ کردن یاخود بەرگری لە هەڵەکانیان بکەن و لە کۆتایدا بگەنە کۆدەنگی.

بەزاندنی سنوورەکان

ئەوە شتێکی نائاسایی نییە کە هاوسەرێک هەوڵبدات هاوکارەکەی بگۆڕێت، دەربارەی ئەوەی کە چی لەبەر دەکات یاخود بیروبڕوا سەرەتاییەکانی چییە، بەڵام هەوڵدان بۆ گۆڕینی هاوسەرەکەت وا دەکات کە هەست بە داگیرکاری تاکەکەسی بکات، هەربۆیە بەزاندنی سنوورەکان دەکرێت ببێتە هۆی لەناوبردنی متمانەی نێوان هاوسەران، هەروەها ئەنجامەکەی لەوانەیە تۆڵە سەندنەوە یان کشانەوە بێت لە پەیوەندیەکە.

کەمی ئارەزووی جووتبوون

هۆکارگەلێکی زۆر هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی هاوسەرەکان ئارەزووی جووتبوونیان کەمببێتەوە هەر لە کێشە پزیشکیەکانەوە تاکوو کێشە سۆزدارییەکان، بە گشتی، کێشەکانی جوتبوون وەک سوڕێکی بازنەیی وایە کە ئەوە کارێکی مەحاڵە کاتێک بتەوێت جووتبوون ئەنجامبدەیت لە کاتێکدا لەڕووی لایەنی سۆزدرییەوە لە هاوسەرەکەت دوور دەکەویتەوە، بەهەمان شێوە ئەوە کارێکی مەحاڵە بتەوێت خۆشەویستی هاوسەرەکەت بەدەست بێنیت بەبێ ئەنجامدانی کرداری جووتبوون، بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەم جیاوازییە، هاوسەرەکان دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن و کێشە سۆزدارییەکانیان بە گفتوگۆکردن چارەسەر بکەن.

ناپاکیکردن

یەکێکی دیکە لە کێشە باوەکانی هاوسەرگیری بریتییە لەوەی کە هاوسەرەکان لەیەکتر دووردەکەونەوە، هەروەها کە کاتێک ئەمە ڕوودەدات دەست دەکەن بە تەماشاکردنی کەسانی چواردەوریان، ناپاکی لایەنی سۆزداری دەکرێت ببێتە هۆی ئەنجامدانی زیناکردن و درۆکردن لە نێوان هاوسەران و پەیوەندیی هاوسەرگیرییەکە بەرەو لەناوچوون دەبات، گرنگە هاوسەران چارەسەری ئەو هۆکارانە بکەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی ناپاکی هاوسەری.

شەڕکردن لەسەر پارە

ناکۆکی دەربارەی پارە لە ژیانی هاوسەرێتیدا کێشەیەکە کە هەر دەبێت ڕووبدات، چونکە لەوانەیە هاوسەرێک بیەوێت پارە پاشەکەوت بکات لە کاتێکدا کە ئەوی تر دەیەوێت پارە خەرجبکات، ناکۆکی دەربارەی پارە هەندێک جار بەهۆی ڕەنگدانەوەی جیاوازی ئاستەوەیە، بۆ خۆ بەدوورگرتن لەم کێشەیە، گرنگترین هەنگاو بریتییە لەوەی کە بە شێوەی گفتوگۆ هاوڕابن لەسەر ئەوەی چۆن بە گوێرەی باری دارایی هاوسەرەکان پارە خەرجبکرێت.

جیاوازی ئاستەکان

کاتێک کە دوو هاوسەر لە چەند لایەنێکەوە جیاوازن وەک لایەنی ئایینی و بیروباوەڕ، کە ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی پەیدابوونی کێشەیەکی گەورە، چونکە لەوانەیە ناکۆکی گەورەیان هەبێت دەربارەی ئەوەی کە ئایین چی فێری منداڵەکانیان دەکات، جیاوازیەکانی تر بریتین لە چۆنییەتی فێرکردن، پێناسەکانی ڕاست و هەڵە، یان ناکۆکییە ڕەگەزییەکانی تر، هەموو کەسێک بە هەمان ئاست و ئامانج و ڕەوشت گەورە نابێت، ئەگەر دوو هاوسەر نەیانتوانی لە جیاوازی ئاست و چینایەتی تێبگەن ئەوا بە دڵنیاییەوە چەندین کێشەی گەورە لە هاوسەرگیرییەکەیاندا پەیدادەبێت.

بێزاری

یەکێکی دیکە لە کێشەکان بریتییە لە بێزاربوون لەسەر ئەنجامدانی شتی دووبارە چونکە، ئەنجامدانی هەمان شتی کۆن دەکرێت ماندووکەر بێت و ئەستەمە ببێتە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە پەیوەندییەکی ئاسوودەدا، جاروبار ئەنجامدانی شتێکی نوێ دەکرێت خۆشی و شادی بۆ پەیوەندییەکە زیاد بکات.

غیرەکردن

غیرەکردنی لە ڕادەبەدەر دەکرێت ژیانی هاوسەرێتی بەرەو کۆتایی بەرێت، بەتایبەتی ئەگەر هەستە ئیرەییەکان ناڕاست بن، کەسانی غیرەکەر دەکرێت ببنە کەسانی توڕە و ڕەتکەرەوە و نائارام، هەر بۆیە ئەگەر تۆ یەکێکیت لەو کەسانەی کە زۆر غیرە لە هاوسەرەکەت دەکەیت ئەوا لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ بکە تاکوو بزانیت لە چ کاتێکدا گونجاوە کە غیرە بکەیت، چونکە لەوانەیە کێشەیەکی هاوپێچت هەبێت کە پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکرێت لەگەڵ پزیشک و ڕاوێژکارێکی لێهاتوو.


سەرچاوەکان



765 بینین