شێوازی خەوتنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-17-22:04:00 - کۆدی بابەت: 7291
شێوازی خەوتنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵیش وەک گەورەکان شێوازی خەوتنی جیاوازی هەیە، بە پشت و لەسەر دەم و بە لادا دەخەوێت، گرنگە دایکان بزانن کە منداڵەکەیان دەبێت بە چ شێوازێکی خەوتن بخەوێت تاکوو تەندروست بێت.

مەترسییەکانی شێوازی خەوتن لە منداڵاندا

منداڵی خوار تەمەن ١ ساڵ واباشترە کە بەلا و لەسەر دەم نەخەوێت چونکە ئەگەری هەیە هەندێک مەترسی ڕووبەڕوو ببێتەوە وەک:

مردنی لەناکاو

خەوتن بە لادا توانای ئەوە بە منداڵەکە دەدات بتوانێت خۆی بجوڵێنێت و بکەوێت بەسەر دەمدا، کە خەوتن لەسەر دەم مەترسی خنکان زیاد دەکات، مردنی لەناکاوی منداڵ لە تەمەنی ١ مانگییەوە تاکوو تەمەنی ١ ساڵی حاڵەتێکی باوە و زیاتریش لە نێوان تەمەنی ٢ بۆ ٤ مانگی ڕوودەدات، ساڵانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٣٥٠٠ منداڵ لەکاتی خەودا دەمرن، هەڵبەتە تەنها خەوتن لەسەر سک هۆکار نەبووە بۆ مردنی لەناکاوی منداڵ بەڵکوو چەند هۆکارێکی دیکەش هەن وەک:

  • دایک لەماوەی دووگیانیدا جگەرەکێش بووە و یاخود منداڵەکە دوای لەدایکبوونی لە ژینگەیەکدا بووە کە دووکەڵی جگەرە زۆر بووە تێیدا.
  • منداڵەکە پێش کاتی خۆی لەدایک بووبێت.
  • لەسەر جێگا خەوی دایک و باوکی خەوێنرابێت.
  • لەسەر کورسی ئۆتۆمبێل خەوتبێت.
  • لەجێگای شیری دایک شیری وشک بخوات بە مەمە.
  • یاری یاخود پەتوو و بەتانی لە جێگە خەوەکەیدا هەبێت.

زۆرینەی ئەم نیشانانە لە دەسەڵاتی دایک و باوکدایە و دەکرێت ڕێگری لێ بکرێت بۆ نموونە منداڵ واباشە لەجێی خۆی بخەوێنرێت و شتی زیادە لەسەر جێگاکەی نەبێت.

خەوتنی منداڵ لەسەر پشت

سەلامەتترین جۆری خەوتن بۆ منداڵی خوار تەمەن ١ ساڵ خەوتنە لەسەر پشت، هەندێک جار دایکان لەوە نیگەرانن کە منداڵەکەیان پشتە سەری ساف دەبێت یاخود پان دەبێت بەوەی کە زۆر بە پشتدا بکەوێت دەتوانێت یاری هەڵبواسێت بە شوێنی منداڵەکەیدا تاکوو سەیریان بکات و جووڵە بە سەری بکات، هەروەها ئەم کێشەیە ئەوەندە گەورە نییە و وردە وردە بە تێپەڕبوونی تەمەنی منداڵەکە چارەسەر دەکرێت.

خەوتنی منداڵ لەسەرلا و مەترسی لاربوونی ملی

لاربوونی ملی منداڵ هەندێک جار پێش لەدایکبوونی منداڵ هەر لە سکی دایکەکەدا ڕوودەدات بەهۆی ئەوەی منداڵەکە بەباشی جێگای خۆی نەگرتووە لە منداڵدانی دایکەکەدا، بەڵام دەکرێت دوای لەدایکبوونی منداڵەکەش تاکوو تەمەنی ٣ مانگی تووشی لاربوونی ملی ببێت بەهۆی ئەوەی بەسەرلادا خەوتووە.

دیاریکردنی لاربوونی ملی منداڵ

بەم نیشانانەدا بزانە کە منداڵەکەت ملی لار بووە:

  • سەری تەنها بەلایەکدا دەخات.
  • پێی باشترە کە تەنها لە یەک لاوە شیر بخوات.
  • لەجێی ئەوەی سەری بجوڵێنێت بۆ سەیرکردنت تەنها چاوی دەجووڵێنێت.
  • ناتوانێت هەموو سەری بە تەواوی بجوڵێنێت.

گۆڕانی ڕەنگی ڕووخساری منداڵەکە

هەروەها کێشەیەکی دیکە لەکاتی خەواندنی منداڵ بەلادا بریتییە لە گۆڕانی ڕەنگی ڕووخساری منداڵەکە لەولایەدا، کە سوور دەبێتەوە و جێگا نوستن یاخود سەرینەکەی لەسەر دەردەچێت، ٪١٠ـی ئەو منداڵانەی کە بەلادا دەخەون تووشی ئەم حاڵەتە دەبن کە ئەویش هۆکاری ڕوودانەکەی ئەوەیە ئەو لایەی بەسەریدا خەوتووە خوێنی زیاتری تیا کۆبووەتە لە دەمارەکانیدا و ئەم کێشەیە دوای ٢ خولەک لە هەستانی منداڵەکە نامێنێت.

لە چ تەمەنێکدا خەوتنی منداڵ بەلادا ئاساییە؟

بەگشتی لەدوای تەمەنی ١ ساڵییەوە واباشترە کە منداڵ بخەوێت بەلادا بەڵام ئەگەر منداڵێک حەزی لێبوو لەدوای تەمەنی ٤ مانگییەوە تا ڕادەییەک ئاساییە چونکە جەستەی منداڵەکە بەهێز بووە و هەندێک توانای هەیە، بەڵام واباشترە تاکوو تەمەنی پێش ١ ساڵی کە بەلادا خەوت خۆت چاودێری بکەیت و ئاگاداری بیت.


سەرچاوەکان



8800 بینین