تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-18-21:49:00 - کۆدی بابەت: 7307
تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید (بە ئینگلیزی: Paranoid PD) لە کۆمەڵەی یەکەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی نامۆ دادەنرێت. کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید زۆر بەگومانن لە کەسانی تر کە کاردەکاتە سەر چالاکی و ژیانی ڕۆژانەیان. 

نیشانەکان

بێ باوەڕن بە خەڵک و هەمیشە گومانیان لە ڕەفتارەکانی کەسانی دەوروبەریان هەیە و خراپ لێکدانەوەی بۆ دەکەن، تەنانەت لە کەسە نزیکەکانی خۆشیان، کە ڕاستییەکەی وا نییە. هەروەها خەڵکی تر بە قین لە دڵ و فریودەر دەبینن. پێیان وایە کەسانی تر زیانیان پێ دەگەیەنن و هەوڵ دەدەن زانیارییان لێ ببەن و دژی خۆیان بەکاری بهێننەوە و هەموو پێکداچوونێکی کەسی، بە هەڕەشە دەبینن، ئەم بیرکردنەوانەش وایان لێدەکات هەمیشە بە شێوازێکی هۆشیارانە و زۆر بەنهێنی مامەڵە بکەن، بۆیەش کەمترین پەیوەندی دادەنێن بەتایبەت پەیوەندییی نزیک. زۆرجار لەسەر بەڵگەی ناڕاست و لاواز بڕیار دەدەن، تەنانەت بەبێ بەڵگە و لەسەر خەیاڵیش بڕیار دەدەن. ئەم کەسانە زۆر بەئاسانی دەتوانن تووندوتیژی بنوێنن کاتێک هەست بکەن یەکێک هەڕەشەیان لێدەکات یاخود گاڵتەیان پێدەکات و زۆریش هەستیارن بەرانبەر ڕەخنە. 

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو سەدام حسێن، ئەدۆلف هیتلەر و جۆزێف ستالین.

هۆکار

هۆکاری تووشبوون بە تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید بەدیاریکراوی نەزانراوە. هەرچەندە توێژەرەوەکان پێیان وایە تێکەڵەی هەندێک هۆکاری بایۆلۆجی و ژینگەیی دەبنە هۆی دروستبوونی. ئەم تێکچوونە زۆرجار لەو خێزانانەدا ڕوودەدات کە مێژووی شیزۆفرینیا و وەهمیان هەیە. هەروەها بوونی زەبری دەروونی لەماوەی منداڵیدا دەکرێت هۆکارێک بێت.

لەگەڵ هەندێک هۆکاری تر وەکوو: ژیان لە خێزانێکی کەمدەرامەت، جیابوونەوە، بێوەژن بوون، هاوسەرگیری نەکردنی هەمیشەیی.

بەربڵاوی 

بە گوێرەی توێژینەوەکان نزیکەی (١,٢١٪ بۆ ٤.٤٪)ـی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا تووشی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە دەبن. هەروەها ئەمریکییە ئەفریقییەکان، ئەمریکییە ڕەسەنەکان و ئەمریکییە ئیسپانییەکان ئەگەریان زیاترە کە تووشی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە ببن. هەرچەندە توێژینەوەی زیاتر پێویستن لەسەر ئەوەی چۆن و بۆچی بەربڵاوی جیاوازدەبێت لەنێوان ڕەگەزەکاندا.

چارەسەر 

تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید دەتوانرێت بە سەرکەوتوویی چارەسەر بکرێت، هەرچەندە زۆربەی تووشبووان چارەسەر ڕەتدەکەنەوە. زۆرێکیشیان نیشانەکان بە مایەی نیگەرانی نازانن. 

چارەسەری قسەکردن و چارەسەری دەروونی یارمەتیدەرن بۆ ئەو کەسانەی کە قایل دەبن بە وەرگرتنی چارەسەر. ئامانجی ئەم دوو چارەسەرە بریتییە لە:
- یارمەتیت دەدەن لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ تێکچوونەکەت بکەیت.
- یارمەتیت دەدەن چۆن لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندیدابیت.
- یارمەتی کەمکردنەوەی هەستی پارانۆیا دەدەن.

چارەسەرکردن بە دەرمانیش سوودبەخشە، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ تێکچوونی کەسایەتی پارانۆید نەخۆشییەکانی وەکوو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ هەبن. ئەو دەرمانانە کە بەکاردێن بریتین لە: 

  • دژەخەمۆکییەکان.
  • بێنزۆدایەزیپاینەکان (گرووپێکی دەرمانن دەمارەکۆئەندام کپ دەکەن). 
  • جێگیرکەرە میزاجییەکان.

بەیەکەوە بەکارهێنانی دەرمان و چارەسەر بە قسەکردن یان چارەسەری دەروونی دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت.

لە چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کەسایەتییەدا زۆرجار دەکرێت تووشبووان دڵنیا نەبن لەوەی متمانە بە تیمی شارەزایانی چارەسەری دەروونی بکەن و گومان لە نیازی ئەوان بۆ یارمەتیدانیان بکەن.
ئەو کەسانەی چارەسەر ڕەتدەکەنەوە، ژیانێکی ڕێکوپێکیان نابێت و ئەم تێکچوونە کاردەکاتە سەر توانای کارکردنیان یاخوود بوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی ئەرێنی، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە چارەسەر وەردەگرن. 
دەبێت ئەوەش بزانین کە چاکبوونەوە لەم تێکچوونە کەسایەتییە نییە و تەنیا نیشانەکان باشتر دەبن و کەسەکە دەتوانێت لەگەڵیان هەڵبکات و دۆخی باشتر ببێت.


سەرچاوەکان



1673 بینین