گریانی دایک و باوک لەبەردەم منداڵدا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-19-23:50:00 - کۆدی بابەت: 7313
گریانی دایک و باوک لەبەردەم منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

ئایا گریانی دایک و باوک لەبەردەم منداڵدا شیاوە؟

دایکان و باوکان دەبێت بزانن له کاتێکدا کە خۆیان هەست بە خەم و بێتاقەتی دەکەن منداڵەکانیش ئەم هەستەیان هەیە هەروەها گریانی دایک و باوک لەبەردەم منداڵەکانیان هیچ کێشەیەک نییە، منداڵەکانتان پێویستە بزانن کە خەمباربوون شتێکی نائاسایی نییە، لەوانەیە هەندێک کات منداڵان بە قوڵی هەست بە بێتاقەتی بکەن و لای خۆیان وا بیربکەنەوە ئایا ئەوانی تریش ئەم هەستەیان لە ژیاندا هەیە یان نا، لەوانەیە هەندێ کات وابزانن گریان یان بێتاقەتی نیشانەی لاوازییە، بۆیە دەیانەوێت لەناو خۆیاندا هەستەکە بیکوژن، بەڵام ئەم کارە هەرگیز یارمەتی بەهێزبوونی ئەوان نادات، لە بەرانبەردا کاتێک گریانی دایک و باوکی خۆیان دەبینن دەزانن کە گریان نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو کاردانەوەیەکی ئاساییە کە مرۆڤەکان له ڕێگایەوە بێتاقەتییەکانیان دەردەبڕن.

هاودەردییەکی ڕووبەڕوو: کاتێک منداڵەکانتان دەگرین، باوەشی ئێوە هەمیشە ئامادەیە بۆ لە ئامێزکردنیان کێشە نابێت ئەگەر ئەوانیش ئەم کارە بۆ ئێوە ئەنجام بدەن بۆ نموونە کاتی تەماشاکردنی فیلمێکی خەمگین لەگەڵ منداڵەکانتان، ڕێگە بە هاتنەخوارەوەی فرمێسکەکانتان بدەن و منداڵەکانیشتان لەوێ بوون، هەوڵ مەدەن بچنە شوێنێکی تر و فرمێسکەکانتان بشارنەوه هەروا لایان بمێننەوە و پەیوەندییەکی قوڵ و هاودڵی لە نێوانتان دروست دەبێت و پێیان بڵێن کە زوو باش دەبن و پێویست بە نیگەرانبوون ناکات و کاتێک لەبەردەم منداڵەکانتان دەگرین هۆکاری گریانەکەتان ڕوون بکەنەوە بەڵام ڕەچاوی تەمەنی منداڵەکە بکەن لە لایەکی تریشەوە زۆر مەچنە ناو وردەکاری بابەتە ناخۆشەکە چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی ترسان و نیگەرانبوونیان. 

گریان شتێکی ئاساییە: گریان کارێکی ئاساییە بۆ هەر کەسێک زۆر گرنگە بۆ منداڵان کە بزانن دایک و باوکیان هەندێ کات پێدەکەنن و دڵخۆشن و هەندێک کاتیش بێتاقەت دەبن و دەگرین، کاتێک کە منداڵەکان گریانی ئێمە دەبینن ئێمە ئەم کاتە بۆ ئەوان دادەنێین تا له هەستە دژوارەکان تێبگەن، ئەوان تێدەگەن گەر بیانەوێت دەتوانن بگرین و هیچ هۆکارێک نییه بۆ شەرمکردنیان.

گریان بەمانای ئەوە نایەت کە ئێمه بۆ هەمیشە به خەمگینی دەمێنینەوە: دەتوانین بە منداڵ بڵێین و بیری بخەینەوه کە زۆر زوو دووباره دڵخۆش دەبینەوە گریان قوناغێکی کورتە و هەمیشەیی نابێت.

گریان مانای لاوازی نییه: زۆرێک لە ئێمە هەستەکانی خۆمان به تەواوی پشت گوێ دەخەین ئێمە له گریان دەترسین چونکە پێمان وایە نیشانەی لاوازییە و نیگەرانی بیرکردنەوەی خەڵک دەبین دەربارەی خۆمان بەڵام کەسە بەهێزەکان ئەو کەسانە نین کە هەستەکانیان دەرناخەن، بەهێزبوون بەمانای سەرسەختی نایەت بەڵکوو ڕازیبوونە بە ڕاستییەکان و قبوڵکردنیانە، ئێمە دەتوانین منداڵەکەمان فێری ئەوە بکەین، کەسی بەهێز کەسێکە کە لە کاتی پێویست داوای یارمەتی لەوانی تر بکات و کاتی بێتاقەتی بگری و کاتی خۆشحاڵی پێبکەنێت.

هەستەکان خراپ نین: هەستەکان خراپ نین، بەڵام کارەکانی ئێمه دابەش دەبن بۆ باش و خراپ، ئێمە دەبێت منداڵەکەمان فێربکەین بۆ نموونە کاتێک بانگهێشت ناکرێت بۆ جەژنی لەدایکبوونی هاوڕێکەی لەوانەیە هەست بە بێتاقەتی بکات بەڵام نابێت دواتر شەڕ لەگەڵ هاوڕێکەی بکات لەبەر ئەوەی بانگهێشتی نەکردووە.


سەرچاوەکان



662 بینین