دارستانی بامبۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-20-12:50:00 - کۆدی بابەت: 7322
دارستانی بامبۆ

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دارستانی بامبۆ یان ساگانۆ بامبۆ

دارستانی بامبۆ بە ئینگلیزی (Bamboo Forest) یان دارستانی ساگانۆ بامبۆ (Sagano Bamboo Forest)، دارستانێکی سروشتی بامبۆیە "دار حەیزەرانە" لە پارێزگای کیۆتۆ لە وڵاتی یابان، دارستانەکە زیاتر لە مۆسۆ بامبۆ کە "جۆرە دار حەیزەرانێکە" پێکهاتووە.

شوێن

دارستانی ساگانۆ بامبۆ دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای کیۆتۆ لە یابان و نزیکی پەرستگای (Tenryū-ji)ـە، ڕووبەری ڕووەکەی 16 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە ناوچە مامناوەندەکانی جیهانە، هێڵی درێژی و پانی پۆوتانەکانی دارستانەکه بریتییە لە 35.009392 و 135.667007.

ئاووهەوا

هەرێمەکە کەشوهەوایەکی پێشبینی نەکراو و ئاووهەوایەکی زۆر سارد و تیشکی خۆری درەوشاوەی هەیە، وەرزی هاوین لەم هەرێمەدا کورت و گەرمە و زیاتر هەورە، وەرزی زستانیش زۆر ساردە و بای هەیە و تاڕادێک هەورە، هەروەها ناوچەکە بە درێژایی ساڵ تەڕه، پلەی گەرمی زۆر جار لە 32 بۆ 89 پلەی فەهرینهایت (0 بۆ 31.667 پلەی سیلیزی)دەبێت، وەرزی هاوین دوو مانگ دەخایەنێت، لە 23ی حوزەیرانەوە تا 17ی ئەیلول، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی ڕۆژانە لە سەرووی 80 پلەی فەهرەنهایتەوەیە (26.667 پلەی سیلیزی)، بەڵام وەرزی زستان نزیکەی 3 مانگ دەخایەنێت، لە 3ی کانوونی یەکەمەوە تا 18ی ئازار، تێکڕایی پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوارووی 53 پلەی فەهرەنهایتەوەیە (11.667 پلەی سیلیزی)، دارستانی ساگانۆ بامبۆ یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین ژینگەی سروشتی لە تەواوی وڵاتی ژاپۆندا، لەو کاتەوەی کە خانەدانەکان هاتن و چێژیان لە جوانی و ئارامی دارستانەکە وەرگرت بوو بە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگ، کاتێک با بە نێو زۆرێک لە دارەکانی دارستانی بامبۆدا هەڵدەکات، دەنگێکی مۆسیقایی خۆش دروست دەکات، ئەم دەنگە وەکو یەکێک لەو "100 دەنگەی کە دەبێت لە وڵاتی ژاپۆن بپارێزرێن" دەنگی پێدرا، باخی بامبۆ بۆ هەمووان کراوەیە و دەشێت هەر کەسێک بیەوێت بچێتەناوییەوە، ئەم درەختە بەرزانەی بامبۆ ژینگەیەکی نموونەیی پیاسەکردن دابین دەکات و خەڵکیش دەتوانن بێن و سەیری ئەو پەرستگایانە بکەن کە لە ناوەوەی دارستانەکەدا بنیات نراون، ڕێگاکانی دارستانی بامبۆ زۆربەی کات لە شەودا ڕوناککراونەتەوە و زۆرجار وەکو شوێنەکانی وێنەگرتنی زنجیرەی فیلم و تەلەڤزیۆنی بەکار دەهێنرێن، ڕێگاکە بە پەرژینێکی تایبەت دەورەدراوە، ئەم پەرژینە لە بەشە کۆن و وشک و کەوتووەکانی درەختی بامبۆ دروست کراوە، هەروەها ئەم بامبۆیانە بۆ دروستکردنی بەرهەمەکان وەک کوپ و سندوق و سەبەتە یان حەسیرەکان بەکاردێن.

سێ ڕاستی سەرنجڕاکێش دەربارەی دارستانی ساگانۆ بامبۆ

  1. دارستانەکە بە جۆرە بامبۆیەک چێنراوە بە ناوی "مۆسۆ"، ئەمانە ئەو دارانەن کە لە چینەوە سەرچاوەیان گرتووە و وا دانراون کە توانایەکی بێهاوتایان هەیە، تەنها یەک مانگ دەخایەنێت بۆ ئەوەی ڕووەکە بچووکەکە بگاتە بەرزایی ٢٠ مەتر، لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین قەدی بامبۆ دەتوانێت بگاتە بەرزایی ٤٠ مەتر.
  2. ژاپۆنییەکان باوەڕیان وایە کە داری بامبۆکان لە ڕۆحە خراپەکان دەیانپارێزێت، بۆیە وەک پاسەوانی چەندین پەرستگا بەکاریدەهێنن.
  3. دەتواندرێت لە ماوەی 20 خولەکدا بەناو تەواوی دارستانەکەدا گەشت بکرێت، دارستانەکە گەنجینەیەکی کەلتوورییە و پیاسەکردن بەناویدا کەسەکان ئارام دەکاتەوە و لە جوانی سروشت نزیکتری دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



842 بینین