تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-20-15:01:00 - کۆدی بابەت: 7326
تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز یان نێرگزی (بە ئینگلیزی: Narcissistic PD) لە کۆمەڵەی دووەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی هەڵەشە دادەنرێت کە خۆیان بەلاوە گرنگە و دەیانەوێت کەسانی تر لەژێر دەستی ئەواندابن و هەمیشە پەسند بکرێن و ڕێزیان بگیرێت و ئەگەر ئەوە بەدەست نەهێنن تووشی دڵتەنگی دەبن. کەسانی تر ئەوان بە خۆبەزلزان و بەفیز دادەنێن و ئارەزوو ناکەن لەگەڵیاندابن و هەست بە ترس و نائارامی دەکەن لەگەڵیان، چونکە کەسانی خۆخواز هەموو شتێک و کەسێک دەکەنە قوربانی ویست و ئارەزووەکانی خۆیان و دەکرێت مەترسیدار بن بۆ دەوروبەریان. ئەم تێکچوونە کەسایەتییە کێشە بۆ زۆر شت دروست دەکات وەکوو، کار، خوێندن و پەیوەندییەکان. بەگشتی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە لە سەرەتاکانی تەمەنی پێگەیشتن دروست دەبێت.

نیشانە

کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز یان نێرگزی، هەستی خۆ بەلاوە گرنگبوونیان زۆرە و زیادەڕەوی دەکەن لە وەسف کردنی خۆیان، ئەمەش بۆ شاردنەوەی ئەو نائارامییەیە کە لە ناخیاندا هەیە. هەمیشە ئارەزوو دەکەن پەسەند بکرێن و ڕێزیان بگیرێت و پێیان وایە تایبەتن و لە خەڵکی تر گرنگترن، لە کاتێکدا خۆیان حساب بۆ کەسانی تر ناکەن. لە پەیوەندییە تایبەتییەکاندا، کەسی خۆخواز کەسانی تر خراپ بەکاردەهێنێت یاخوود دەیان چەوسێننەوە بەبێ هەستکردن بە پەشیمانی. ئەم جۆرە کەسانە زۆر هەستیارن بەرانبەر ڕەخنە و شکست، ئیرەیی بە کەسانی تر دەبەن و هەندێک جاریش وادەزانن خەڵک ئیرەییان پێ دەبات. ئەم کەسانە هەمیشە لە کێشەدان لەگەڵ کار، پەیوەندی، خوێندن، ماددەی هۆشبەر، کحول و پارە و دارایی، هەروەها زوو هەڵدەچن و تووڕە دەبن ئەگەر شتەکان بەپێی پلان و ویستی ئەوان بەڕێوە نەچن. کەسانی تووشبوو بەم تێکچوونە کەسایەتییە زۆر جار بەدەست ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنن و تووشی ئەو ئازارانە دەبن کە هیچ هۆکارێکی پزیشکییان نییە.

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو گۆڕانی کەسایەتی واڵتەر وایت لە زنجیرەی برێکینگ باد.

هۆکار 

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز بە دیاریکراوی نەزانراوە، بەڵام بۆماوە هۆکاری زۆرێک لە حاڵەتەکانە، بە هاوبەشی لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان، وەکوو:

- خراپ بەکارهێنان یان پشت گوێ خستن لە منداڵیدا.
- نازدانی لەڕادەبەدەر بە منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە.
- داخوازی ناواقیعییانە لەلایەن دایک و باوکەوە.
- هۆگربوونی سێکسی.
- هاندەرە کولتوورییەکان.

چارەسەر

چارەسەرکردنی تێکچوونی کەسایەتیی خۆخواز بەشێوەیەکی سەرەتایی بریتییە لە چارەسەر بە قسەکردن کە بە چارەسەری دەروونیش ناسراوە. هەرچەندە هیچ دەرمانێک بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە نییە، ئەگەر ئەم حاڵەتە لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکانی تری وەکوو خەمۆکیدا بوو، ئەوکات دەرمانی گونجاو بەکار دەهێنرێت. 

چارەسەر بە قسەکردن یارمەتیت دەدات چۆن بەشێوەیەکی باشتر لەگەڵ کەسانی تر لە پەیوەندیدابیت، بەمەش پەیوەندییەکانت پتەوتر و بەچێژتر دەبن. گەشەپێدانی بەریەککەوتنی ئەرێنی لەگەڵ کەسانی تر، کاریگەرییەکی زۆر باشی دەبێت لەسەر زۆربەی بوارەکانی ژیانت. هەروەها ئەم چارەسەرە یارمەتیت دەدات لە:

- بەرەوپێشبردنی گیانی هاوکاری لەگەڵ هاوکارەکانتدا. 
- پەیبردن بە هێز و توانای خۆت، بەمەش دەتوانیت ڕەخنە و شکست قبوڵ بکەیت. 
- هەڵکردن لەگەڵ کێشەی خودبەهایی. 
- دروستکردنی پەیوەندیی کەسی.
- تێگەیشتن و ڕێکخستنی هەستەکانت. 
- دانانی ئامانجی واقیعییانە بۆ خۆت.

لەبەرئەوەی گۆڕانی کەسایەتیی زەحمەتە، لەوانەیە چارەسەر چەند ساڵێک بخایەنێت بەرلەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدی بکرێت. لەو ماوەیەدا لەوانەیە چارەسەرکردن بەلاتەوە بەفیڕۆدانی کات بێت و بتەوێت وازی لێ بهێنیت. بەڵام پەیوەستبوون بە چارەسەر زۆر گرنگە.

پابەند ببە بە چوونت بۆ هەموو دانیشتنەکانی چارەسەر و بەکارهێانی دەرمانەکانت. بە تێپەڕبوونی کات بەرەوپێشچوون لە خۆت و پەیوەندییەکانت لەگەڵ دەوروبەرت بەدی دەکەیت.

بەم ڕێگەیانە دەتوانیت بەردەوام بیت لە چارەسەر وەرگرتن

- دوورببە لە کحول، ماددەی هۆشبەر و ئەو ماددانەی تر کە بیری نەرێنیت لەلا دروست دەکەن.
- بەلایەنی کەمەوە هەفتانە سێ جار وەرزش بکە بۆ جێگیرکردنی میزاجت. 
- بەشداری بکە لە تەکنیکە ئارامکەرەوەکانی وەکوو، یۆگا و خەڵوەت (بە ئینگلیزی: Meditation)، بۆ کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ.

ئەگەر بە شێوەیەکی چالاکانە بەردەوام بیت لە چارەسەر و کارکردن لەسەر خۆت، ئاوا بە تێپەڕبوونی کات دەتوانیت ژیانت ڕێکبخەیتەوە و پەیوەندییە تێکچووەکانت دروست بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



1970 بینین