شێوازی گرتنەوەی شیری وشک بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-20-21:49:00 - کۆدی بابەت: 7329
شێوازی گرتنەوەی شیری وشک بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو منداڵانەی کە لە پاڵ شیری دایکیان شیری وشکیش دەخۆن پێویستە ڕۆژانە شیرە وشکەکەیان بۆ ئامادە بکرێت، ئەم ئامادەکردنە هەر ئاوا سادە نییە و گرنگە دایکەکە چەند تێبینیەک لەبەرچاو بگرێت، چونکە ئامادەکردنی شیرەکە کاردەکاتە سەر گەشەی منداڵ و تووشبوونی بە نەخۆشی.

مەمەی شیر

دەبێت منداڵەکەت مەمەیەکی هەبێت کە بەرگەی سەرما و گەرما بگرێت و زوو خراپ نەبێت هەروەها لاستیکی سەر مەمەکە دەبێت سەرێکی هەبێت تاکوو ئەو لاستیکە داببپۆشێت و سەری مەمەکەش بە جۆرێک بێت کە بکرێتەوە و بتوانرێت ناوەکەی بەباشی بشۆدرێت، ئەو منداڵانەی کە تەنها شیری وشک دەخۆن دەبێت ٦ بۆ ٨ جۆری مەمەیان هەبێت و چونک لە حاڵەتێکدا ئەگەری پیسبوون و ونبوونی هەیە و هەروەها زۆرجار هەر لە ڕێگەی مەمەوە ئاو و ئاو میوەش دەدرێت بە منداڵ بۆیە واباشترە هەر مەمەیەک و تایبەت بکرێت بە شتێک.

سەرە لاستیکەکەی مەمەکە

سەرە لاستیکی مەمەکە سێ جۆری هەیە کە ئەمانەن:

جۆری سروشتی

ئەم جۆرەیان بەنزیکەیی هاوشێوەی گۆی مەمکی دایکە، وادەکات کە سەری دەم و لێوەکان بەشێوەیەکی سروشتی بن، کونی لاستیکەکە دەبێت لە بەشی سەرەوە بێت و لە لاکانییەوە بێت، بە جۆرێک کە لەکاتی مژینیدا شیرەکە بەرەو سەقفی دەمی منداڵەکە بڕوات.

جۆری ئاسایی

ئەم جۆرەیان کونێکی زۆر ئاسایی تێکراوە و کاتێک منداڵەکە دەیمژێت هاوشێوەی گۆی مەمکی دایک نییە، دەبێت کونی سەری ئەم  جۆرە مەمەیە هاوشێوەی جۆری سروشتی بێت و واتە لە چرکەیەکدا ٢ بۆ ٣ دڵۆپ شیر بێتە دەرەوە.

جۆری نائاسایی 

ئەم جۆرەیان هۆکارێکە تاکوو ببێتە هۆی باکردنی سکی منداڵ، ئەویش سەری لاستیکی مەمەکە زۆر گەورەیە و بە جۆرێک کە کاتێک دایکەکە دەیکاتە دەمی منداڵەکەوە لە چرکەیەکدا ٢ بۆ ٣ دڵۆپی لێ نایەت و ناچارە زوو زوو لایببات و پەستان بخاتە سەری کە لابردنی وادەکات هەوا بچێتە دەمی منداڵەکەوە و دواتریش بچێتە ناو ڕیخۆڵەکانی و ببێتە هۆی باکردنی سکی منداڵەکە، بەمشێوەیە منداڵەکەش بێزار دەبێت لە خواردنی شیرەکە، هەروەها ئەگەر سەری شیرەکە زۆر گەورە بێت منداڵەکە ناچارە خێرا بکات تاکوو هەموو ئەو شیرەی دێتە دەمییەوە قووتی بدات بەمەش هەر بڕێک هەوا دەچێتە ناو ڕیخۆڵەکانی منداڵەکەوە. 

ئامادەکاری بۆ گرتنەوەی شیری وشک بۆ منداڵ

  • شووشەی شیرەکەی دەبێت تەواو پاک بێت و پێش بەکارهێنانی بەجوانی بیشۆیت.
  • پێش ئەوەی قوتوی شیرە وشکەکە بکەیتەوە و بەکاری بهێنیت دەرەکەی بەباشی بشۆ بە ئاو و شامپۆ، چونکە پیسی زۆری لەسەرە و به کردنەوەی ئەو پیسییانە دەچنە ناو شیرەکەوە
  • دواتر دەستەکانت جوان بشۆ بە شامپۆ و ئاو نزیکەی ٢٠ چرکەیەک.
  • واباشترە پێش ئەوەی کە ئاوەکە بکەیتە ناو مەمەکەوە ئاوەکە بکەیتە ناو کوپێکەوە کە ڕێژەی ئاوەکەت بۆ دیاری بکات و هەمیشە ئەو کوپە بەکاربهێنیتەوە تاکوو قیاسەکە لە بەردەستدا بێت.
  • ئەو ئاوەی کە بۆ گرتنەوەی شیرەکە بەکاری دەهێنیت دەبێت پاک بێت و کوڵابێت و بهێڵە تەنها خولەکێک لە حاڵەتی کوڵانی زۆردا بمێنێتەوە هەروەها دواتر ئاوەکە دابنێ بۆ ماوەی ٣٠ خولەک تاکوو بە ئاسایی سارد دەبێتەوە بەومەرجەی لە شوێنێکی پاکدا هەڵگیرابێت.
  • دەبێت ڕێنوێنی سەر قتووی شیرەکە بەباشی بخوێنیتەوە بۆ گرتنەوەی شیرەکە، گرنگە زۆر وردبیت لە کاتی گرتنەوەیدا ئەگەر بێت و کەمێکیش خەست بێت و لە ئاستی پێویست زیاتر بێت خەستییەکەی ئەوە زیان دەگەیەنێت بە گورچیلەی منداڵەکە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی جەستەی منداڵەکە، ئەگەریش تەڕ بێت و ئاوەکەی زۆرتر بێت ئەوا سوودی ماددە خۆراکییەکانی ناوی کەم دەکاتەوە و سوودی تەوای پێ ناگات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراکی منداڵەکە و لاوازبوونی.
  • ئاگاداربە هەموو قوتویەک پێوانەیەکی تایبەتی لەگەڵدایه بەپێی ئەو پێوانەیە بیگرەوە و قیاسی بزانە، هەروەها ئەگەر شیرێکی گیراوە زیاتر لە ١ کاتژمێر لە ژووردا بوو واتە لەناو ساردکەرەوەدا نەبوو نابێت بەکاربهێنرێت و دەبێت فڕێ بدرێت، وە نابێت ئەو شیرەی لە منداڵەکە دەمێنێتەوە لەناو شووشەکەدا جارێکی دیکە هەڵبگیرێت و بەکاربهێنزێت، شیری ئامادەکراو دەکرێت ٢٤ کاتژمێر لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت بەڵام کە ویستت بەکاری بهێنیت دەبێت شووشەکە بکەیتە ئاوی گەرمەوە تاکوو دەگاتە پلەی گەرمی گونجاو، هەروەها بۆ دیاریکردنی پلەی گەرمییەکی واباشترە پێش پێدانی بە منداڵەکە دایکەکە چەند دڵۆپێکی بخاتە سەر دەستی بزانێت گونجاوە.


سەرچاوەکان



4476 بینین