خەمۆکیی وەرزی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-21-14:30:00 - کۆدی بابەت: 7332
خەمۆکیی وەرزی

ناوه‌ڕۆك

خەمۆکیی وەرزی چییە؟

خەمۆکی وەرزی (بە ئینگلیزی:Seasonal Affective Disorder) کە بە کورتکراوەیی پێی دەڵێن (SAD)، جۆرێکە لە خەمۆکی کە لە وەرزێکی تایبەتی ساڵدا و زیاتر لە زستان و پاییزدا دروستدەبێت، ئەم ناڕێکییە هەموو ساڵێک لە کاتێکی دیاریکراودا ڕوودەدات و کۆتایی دێت، دەکرێت خەمۆکیی وەرزی کۆمەڵێ کاریگەری و ناڕەحەتی بۆ کەسەکە بهێنێت لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکەدا کە پەیوەستە بە بارودۆخی ڕۆحی کەسەکە و ئەو وەرزەی کە تێیداین، دەکرێت کەسێک دووچاری کەمی وزە، خەواڵویی، هەستکردن بە خەمۆکی، تەمبەڵی و تەنانەت لە حاڵەتە قورسەکاندا هەستی خۆکوژیشی لەلا دروستدەبێت.

خەمۆکی لە چ وەرزێکدا زیاترە؟

وەکوو باسکرا خەمۆکیی وەرزی لە هەندێک لە وەرزەکانی ساڵدا ڕوودەدات و دوای گۆڕانی وەرزەکە ئەو خەمۆکییانەی تووشی کەسەکە بووە نامێنێت.

وەرزی پاییز: خەمۆکیی وەرزی بەگشتی لە کۆتایی پاییز و سەرەتای زستان دەبێت و لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هاوین نامێنێت، تەنانەت زۆر بینراوە کە ئەم جۆرە خەمۆکییە له وەرزی هاوینیش ڕوویداوە، بەڵام ئەگەری ئەوە زۆر کەمترە له وەرزی پاییز و زستان، خەمۆکیی وەرزی کە زیاتر بە (SAD) ناسراوە، هەندێ گۆڕان و ناڕێکی لە کەسایەتی کەسەکەدا دروستدەکات، ئەگەر لە وەرزی پاییزدا تووشی خەمۆکیی وەرزی بوون و ویستتان ڕزگارتان بێت لێی، دەتوانن ئەم کارانە ئەنجام بدەن:

  • ئەگەر لە ماڵەوە ئەلبوومی وێنەی خێزانیتان هەیە یان لە مۆبایلە زیرەکەکانتاندا وێنەتان هەیە لەگەڵ هاوڕێکانتان دەتوانن سەیریان بکەن و یادرگارییەکان بۆخۆتان زیندوو بکەنەوە.
  • ئەگەر لە وەرزی پاییزدا هەستتان بە خەمۆکی کرد، دەتوانن چارەسەری ڕەنگی بەکاربهێنن، پسپۆڕان پێشنیاریان کردووە کە لە ڕۆژەکەدا سەیری ڕەنگی پرتەقاڵی بکەن.
  • لە ماڵەوە جلوبەرگی پرتەقاڵی لەبەربکەن، لەسەر سەرینی ڕەنگدار و جوان بخەون، سێوی سوور له چێشتخانە و پەردەی پرتەقاڵی بەکاربهێنن، دڵنیابن دەتوانن شێوازێکی نوێتان هەبێت لە ژیانتان و بەسەر خەمۆکی وەرزیدا سەربکەون.
  • هەوڵبدەن گوێ لە مۆسیقای شاد بگرن و سەیری فیلمی سەرنجڕاکێش و ئەرێنی بکەن تا هەست بە خەمباری نەکەن.
  • ئەگەر دەتانەوێت هۆرمۆنە ئەرێنییەکان لە لەشتاندا زیاد بکەن و ڕۆحیەتتان بەهێز بێت، بەکارهێنانی چۆکلێت لەبیرمەکەن گۆڕانی ڕۆحیەتتان دەبینن.
  • بوونی گوڵ و گیا لە شوێنی ژیان یان کارکردن دەتوانێت یارمەتیتان بدات تا بە ئاسانی خەمۆکی وەرزی تێبپەڕێنن و ڕۆحیەتێکی باشترتان هەبێت.

وەرزی زستان: خەمۆکی لە زستاندا جۆرێکی خەمۆکیی وەرزییە کە تێیدا کەسەکە بارودۆخی ڕۆحی باش نییە و تووشی جۆرێک لە خەمۆکی دەبێت، دەست پێکردنی ئەم خەمۆکییە لە گەنجیدا دەبێت و لە ژنانیشدا زیاترە، هەندێک کەسی تر بڕوایان وایە کە خەمۆکیی وەرزی لە ئەنجامی نەبوون یان کەمی تیشکی خۆرە لە وەرزی پاییز و زستاندا، کە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی دروست بکات لەسەر ڕۆحیەتی مرۆڤ و دەرئەنجام کەسەکە تووشی خەمۆکی بکات، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پاییز کە ڕۆژەکانی ساڵ دەست بە کورتبوونەوە دەکەن و تیشکی خۆر کەمتر دەبێتەوە و کات زوو تێدەپەڕێت، کەسەکان کاردانەوەی خەمگین و خەمۆکییان دەست پێدەکات و دوای تێپەڕینی کات حاڵیان باش دەبێت.

وەرزی بەهار: خەمۆکی لە بەهاردا یەکێکی ترە لە خەمۆکییە وەرزییەکان، بەگشتی کەسەکان حەزدەکەن شەوان زوو بخەون و درەنگ هەڵسنەوە، بەگشتی لەم وەرزەدا کەسەکان هەست بە ماندوویەتی و خەواڵوویی دەکەن، لەم ڕوەوە پسپۆڕان و دەروونناسان بۆ ڕێگریکردن له ڕوودانی خەمۆکی لە وەرزی پاییزدا، پێشنیاری ئەوە دەکەن کەسەکان بەیانیان زوو لەخەو هەڵسن و پیادەڕەوی بکەن و چالاکی وەرزشی ئەنجام بدەن کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە ڕۆژەکەدا چالاکتربن.

چارەسەرکردنی خەمۆکی وەرزی

  1. ئەگەر پێتان وایە تووشی خەمۆکی بوون یارمەتی وەربگرن، زۆر زوو و بەخێرایی سەردانی پزیشک بکەن.
  2. بە لەبەرچاو گرتنی خەمۆکی، پێویست ناکات کاری گەورە ئەنجام بدەن، کارە گەورەکان دابەشبکەن بۆ کاری بچووک، کارە سەرەکییەکان دیاری بکەن و تا پێتان دەکرێت ئەوانە ئەنجام بدەن.
  3. لەلای یەکتربن و هەوڵبدەن لەگەڵ ئەوانی تر بن و متمانە بە کەسەکان بکەن، باشترە لە بەتەنیا مانەوە و شت شاردنەوە دووربکەونەوە.
  4. ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە هەستێکی باشترتان پێدەدات، وەکوو ڕۆشتن بۆ سینەما، باخەوانی یان بەشداری کردنی کۆڕ و سیمینار، ئەنجامدانی کارێکی باش بۆ کەسی تر لەوانەیە هەستێکی باشترتان بداتێ.
  5. وەرزش ئەنجام بدەن.
  6. خواردنی تەندروست و هاوسەنگ بخۆن، دوور بن لە بەکارهێنانی کحول.
  7. بڕیارە گرنگ و گەورەکان دوابخەن تا خەمۆکییەکە تەواو دەبێت.
  8. هەوڵبدەن ئارامگربن و سەرنج بخەنە سەر خاڵە ئەرێنییەکان، دوور بکەونەوە لە بیرکردنەوەی نەرێنی، ڕێگەبدەن خێزان و هاوڕێکانتان یارمەتیتان بدەن.

لە چ کاتێکدا پێویستە بۆ خەمۆکی وەرزی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەوەی کە کەسەکە چەند ڕۆژێک هەست بە باشی نەکات زۆر ئاساییە بەڵام ئەگەر ئەم حاڵەتە بەردەوام بێت و بەهۆی ئەوەوە کەسەکە توانای تەواوی نەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە پێشتر چێژی لە کردنیان وەرگرتووە، دەبێت سەردانی پزیشک بکات، سەردانیکردنی پزیشک کاتێک زیاتر پێویست دەبێت کە سروشتی خەو و حەزی خواردنی کەسەکە بگۆڕێت، کەسەکە بۆ ئارامبوونەوە پەنا بباتە بەر ماددەی کحولی یان هەمیشە هەست بە نائومێدی بکات و بیر لە خۆکوژی بکاتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە لەکاتی سەردانیکردنی پزیشک ئەم پرسیارانەی خوارەوەت ئاڕاستە دەکات، بۆیە وەڵامیان بۆ ئامادەبکە:

  • نیشانەکانت چییە؟
  • لە چ کاتێکدا بۆ یەکەم جار بە نیشانەکانت زانی؟
  • ئایا نیشانەکان تاو تاون یان بەردەوام و هەمیشەیین؟
  • چ کارێک دەبێتە هۆی باشتربوون یان خراپتربوونی نیشانەکان؟
  • ئایا نەخۆشی ترت هەیە؟
  • ئایا دەرمان یان دەرمانی گیایی بەکاردەهێنیت؟
  • کحول یان دەرمانی دەروونی بەکاردەهێنیت؟
  • ئایا کەس لە خێزانەکەدا نەخۆشی دەروونی هەیە؟


سەرچاوەکان



2250 بینین