تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-23-03:41:00 - کۆدی بابەت: 7354
تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا (بە ئینگلیزی: Obsessive-Compulsive PD) لە کۆمەڵەی سێیەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی پەرێشان دادەنرێت کە کەسانی زۆر جدی و کەللـەڕەقن و دەیانەوێت هەموو شتێک ڕێکوپێک و تەواو و لەژێر جڵەو بێت. دەکرێت ئەم کەسانە تووشی دڵەڕاوکێ یان خەمۆکی ببن.

نیشانەکان

کەسانی توشبوو بەم تێکچوونە کەسایەتییە حەز دەکەن هەمیشە بڵێن (ڕێگای من، یان ڕێگای خێرا) لە کار و ڕۆتینی ژیاندا. لەڕادەبەدەر سەرنج دەخەنە سەر پلانی کار و وردەکارییەکان، تەنانەت ئەوەندە گرنگی بە تەواوی و ڕێکوپێکی دەدەن لە کاردا کە زۆرجار وایان لێدەکات نەتوانن کارەکە تەواو بکەن و ڕاڕایییەکەیان دەبێتە هۆی ئەوەی بە کەسێکی ناکارامە دەربکەون. بەزەحمەت دەتوانن هەستەکانی خۆیان دەرببڕن و کەمترین کاتیان هەیە بۆ هاوڕێ و خێزان و بەسەربردنی کات بۆ خۆشی و لە پەیوەندیی نزیکدا لاوازن و زۆرجار دووچاری دابڕانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە. هەمیشە بڕیاری زۆر تووند دەدەن کە کەس نابێت لێی لابدات. زۆرجار ئەم کەسانە ڕەزاقورس دەردەکەون و دەکرێت چاوچنۆکیش بن لە هەمان کاتیشدا کەسانی دڵسۆزن.

تێکچوونی کەسایەتی ڕاڕا (بە ئینگلیزی: OCPD) لەگەڵ جۆرێکی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ بە ناوی نەخۆشی دەروونی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو (بە ئینگلیزی: OCD) جیاوازی هەیە، نەخۆشی دەروونیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو حاڵەتێکی جدیترە کە کەسەکە گیرۆدەی چەند بیروبۆچوونێکی جڵەونەکراو و ڕەفتاری دووبارەبووەوە دەبێت.

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو ستیڤ جۆبز، کە گرنگیپێدانی بۆ بچووکترین وردەکارییە بێ بایەخەکانیش بەشێک بوو لە هۆکاری سەرکەوتنەکەی.

هۆکار

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا بەدیاریکراوی نەزانراوە. هۆکارە بۆماوەیی و ئەزموونەکانی تەمەنی منداڵی دەکرێت هۆکاری بەرپرس بن لە دروست بوونی ئەم حاڵەتە. کاتێک کەسێک لە منداڵیدا زۆر فرمانی بەسەردا دەکرێت و وای لێ دەکرێت کەسێکی زیاد لە پێویست گوێڕایەڵ و تەواو بێت، ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر کەسەکە لە تەمەنی پێگەیشتندا و هەوڵ دەدات ئەویش بەهەمان شێوە کەسێکی تەواو بێت و کەمترین ناڕێکیی پێ قبوڵ ناکرێت.

بەربڵاوی

تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا بە بەربڵاوترین جۆری تێکچوونە کەسایەتییەکان دادەنرێت کە نزیکەی (٧٪)ـی دانیشتوان دەگرێتەوە. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو (بە ئینگلیزی: OCDF) مەترسیی تووشبوونی ڕەگەزی نێرینە بەم تێکچوونە کەسایەتییە نزیکەی دوو ئەوەندەی ڕەگەزی مێیینەیە.

چارەسەر

چارەسەرکاری دەروونی سێ جۆر لە چارەسەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەم حاڵەتە، ئەمانیش:

چارەسەری هزریی ڕەفتار

جۆرێکی باویی چارەسەری دەروونییە، لەماوەی دانیشتنەکانی ئەم چارەسەرەدا لەگەڵ ڕاوێژکارەکات کاردەکەن لەسەر باسکردنی هەر دڵەڕاوکێ، فشار و خەمۆکییەک کە هەتبێت. ڕاوێژکاری دەروونی هانت دەدات کە کەمتر جەخت لەسەر کار بکەیتەوە و زیاتر جەخت بکەیتە سەر ڕابواردن، خێزان و پەیوەندییە کەسییەکانی تر.

چارەسەر بە دەرمان

پزیشکەکەت لەوانەیە دەرمانی دژەخەمۆکی یان دژەدڵەڕاوکێت بۆ دابنێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بۆ ماوەیەکی درێژ پێشنیاز ناکرێت. چارەسەر بە دەرمان دەتوانرێت لەگەڵ جۆرەکانی تری چارەسەری دەروونی و چارەسەر بە گرووپ بەکار بهێنرێت.

ڕاهێنانی خاوبوونەوە

ڕاهێنانی خاوبوونەوە تەکنیکی هەناسەدان، خاوبوونەوە و پشوودان دەگرێتەوە، کە یارمەتیت دەدەن لە کەمکردنەوەی هەستی فشار، پێویستی و پەلەکردن. نموونەی ڕاهێنانە پێشنیازکراوەکانی خاوبوونەوە وەکوو یۆگا، تای چی (بە ئینگلیزی: Tai Chi) و پیلەیتز (بە ئینگلیزی: Pilates).


سەرچاوەکان



913 بینین