دابەشبوونە کارگێڕییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-25-15:46:00 - کۆدی بابەت: 7384
دابەشبوونە کارگێڕییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دابەشکردنی کارگێڕی یاخود پێکهاتە کارگێڕییەکان یان بازنەی بەڕێوەبردن (بە عەرەبی: التقسيم الاداري) بریتییە لەو چەمکەی کە وڵات دابەش دەکاتە سەر چەند بەشێک یاخود چەند هەرێمێک، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە بەڕێوەبردنی وڵات، وەکوو دابەشکردنی وڵات بۆ چەند هەرێمێک، پاشان دابەشکردنی ئەو هەرێمانە بۆ چەند پارێزگایەک، ئەو چەند پارێزگایەش دابەش دەکرێنە سەر شار و شارۆچکەکان، ئەم دابەشبوونە لە سیستمی وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، دەوڵەت دەتوانێت دەسەڵاتێکی ناوخۆیی سنووردار بدات بە هەرێم و ناوچە دابەشکراوەکان و سەربەخۆیی ناوخۆیی بەدەستبهێنن، بەڵام سەربەخۆیی و دەسەڵاتیان دیاریکراوە، واتە دەسەڵاتی ناوەندی ناوخۆییان هەیە لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی چەند بوار و لایەنێکی دیاریکراوی ناوچەکانیان، بەڵام ئازادی ئەوەیان نییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وڵات پەیوەندی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی جیهاندا بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات و حکومەتی سەرەکی وڵاتەکەی خۆیان، مەبەست و ئامانجی ئەم دابەشبوونە کارگێڕییانە و دابەشکردنی وڵات بۆ یەکەی بچووک بریتییە لە ئاسانکردن و باشتر بەڕێوەبردنی وڵات و ڕاپەڕاندنی کاروباری دانیشتوان بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر و ئاسانتر، هەروەها بەپێی یاسا نابێت دابەشبوونەکان مۆڕکی نەتەوەیی و ئاینی پێوەبێت و لەسەر ئەو بنەمایانە وڵات دابەش ناکرێت.

پارێزگا

پارێزگا (بە عەرەبی: المحافظة) یەکەمین یەکەی دابەشبوونە کارگێڕییەکانە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی، نموونەی عێراق و میسڕ و سوریا و لوبنان و ئوردن و یەمەن و کوەیت و بەحڕەین و لیبیا، بە گشتی پارێزگا ڕووبەرێکی فراوانی وڵات داگیردەکات، هەروەها ناوەندی پارێزگا لەخۆدەگرێت کە زۆرجار یەکێک لە شارە سەرەکییەکانە، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە کە کاروباری دانشتوانی پارێزگاکە بەڕێوەدەبەن. 

شار

شار (بە عەرەبی: المدینة) بەشێکی دانەبڕاوی سەر بە پارێزگایە، سیستمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی پەیوەستە بە پارێزگاوە، چەند تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە و پێویستە ڕێژەی چڕی دانیشتوان تێیدا لە کیلۆمەترێکی دووجادا 2000 کەس بن، کەمتر لەو ڕێژەیە بە شار دانانرێت، ناوەندی پارێزگا گەورەکان و پایتەختەکان شارەکانە، هەر پاریزگایەک ناوەندی تایبەتی خۆی هەیە نموونەی پارێزگای ئەنبار ناوەندەکەی شاری ڕوومادییە، پارێزگای دیالە ناوەندەکەی شاری بەعقووبەیە، 

شارۆچکە

شارۆچکە (بە عەرەبی: قضاء) لە پاش پارێزگا ڕیزبەندی دووەمە لە دابەشبوونە کارگێڕییەکانە، ئەویش دابەش دەبێتە سەر ناحیە.

لادێ

گوند یاخود لادێ (بە عەرەبی: القریة، ریف)  ئەو شوێنەیە کە کۆمەڵێک خەڵکی لەخۆگرتووە کە کۆمەڵگایەکی تایبەت و سنوردار پێکدەهێنن، ژمارەی دانشتوانی گوندەکان لەنێوان 100 بۆ 10,000 کەس دەخەمڵێندرێت، دەکرێت دانیشتوانی گوندەکان لە یەک خێزان و عەشیرەت پێکهاتبن، دەکرێت لە خێزان و هۆزی جیاواز بن، پیشە و کارکردن دیاریکراوە کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کاری سەرەکی دانیشتوانی گوندەکانن.

جیاوازی نێوان شار و پارێزگا

پارێزگا و شار دوو زاراوەی جیاوازن و لێک جوودان، پارێزگا پانتاییەکی فراوانە و کۆمەڵێک شار و شارۆچکە لەخۆدەگرێت، هەر پارێزگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە لەوانە بوونی ئیمێڵ و کۆدی تایبەتی پەیوەندیکردن، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا بەرپرسن لە بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی کارووبارەکانی دانشتوان، بەڵام شار بەشێکە لە پارێزگا و ناوەندی پارێزگایە و لەڕووی کارگێڕی و بەڕێوەبردنیش هەر سەر بە پارێزگایە.

جیاوازی نێوان شار و لادێ

جیاوازی نێوان شار و لادێ لە ڕووی ڕێژە و چڕی  دانیشتوان و ڕووبەر و دەسەڵاتدایە، شار چڕی دانیشتوانی زیاترە و ڕووبەرەکەی بەرفراونترە، هەروەها دامودەزگا و خزمەتگوزاری تایبەت و گرنگ لە شاردا بوونی هەیە، بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵاتیش سەر بە پارێزگایە و پیشە و کارکردنی دانیشتوانی هەمەجۆر و زۆرن، بەڵام لادێ ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانی دیاریکراو و بچووکە، هەروەها دانیشتوان پیشەکانیان سنوردارە وەکوو ئاژەڵداری و جووتیاری و کاری دەستی.

دابەشبوونە کارگێڕییەکانی وڵاتی عێراق

عێراق بەسەر 19 پارێزگا دابەشکراوە، کە پێنجیان سەر بە هەرێمی کوردستانن، پارێزگاکان دابەشکراونەتە سەر شار و شارۆچکەکان، ژمارەی شارۆچکەکانی عێراق زیاتر لە 130 شارۆچکەن، پارێزگای بەغداد گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس نیشتەجێی شارەکەن، پارێزگای موسەننا بچووکترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە نزیکەی 775هەزار کەس دانشتوی شارەکەن، لەڕووی ڕووبەرەوە پارێزگای ئەنبار گەورەترین پارێزگای عێراقە و سێیەکی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، ڕووبەرەکەی 138,500 کیلۆمەتر دووجایە، بچووکترین پارێزگای عێراق لەڕووی ڕووبەرەوە پارێزگای بەغدادە، هەروەها گەورەترین شارۆچکەی عێراق لەڕووی ژمارەی دانیشتوان و ڕووبەرەوە شارۆچکەی فەلوجەیە کە سەر بەپارێزگای ئەنبارە، بچووکترین شارۆچکە لە عێراق شارۆچکەی قەسەبە یاخود شوورەیە کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای مووسڵەوە. 

پارێزگاکانی عێراق


سەرچاوەکان



974 بینین