زەی قاڕ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-22-13:16:00 - کۆدی بابەت: 7346
زەی قاڕ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگای زەی قاڕ (بە عەرەبی: ذي قار، بە ئینگلیزی: Dhi Qar) شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگاکەیە، لەدوای بەغداد و بەسڕە و مووسڵ لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری عێراقە، دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق لەسەر ڕۆخی ڕووباری فوڕات، ڕووبەرەکەی نزیکەی 12,900 کیلۆمەتر دووجایە، حەوتەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ڕووبەرەوە و ڕێژی 3%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، بە زستان ساردە و ڕێژەی باران بارینی مامناوەندە، لەڕووی کارگێڕییەوە زەی قاڕ بەسەر حەوت شارۆچکەدا دابەشکراوە.

مێژووی شاری زەی قاڕ 

ـ لە سەرەتای دروستبوونی لە ساڵی 1870 لەلایەن "ناسڕ ئەشقەڕ پاشا سەعدوون" شارەکە هەر بە ناوی لیوا ناسڕییە ناونراوە، بەڵام لە ساڵی 1969 لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس ناوی چەند شارێکی عێراقی گۆڕدران، شاری ناسڕییەش ناوەکەی گۆڕدرا بۆ زەی قاڕ.
ـ چەند بۆچوونێک هەیە لەسەر واتای ناوی زەی قاڕ، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی زەی قاڕی نێوان فارس و عەرەب لەو ناوچەیە، چاوگی هەڵقوڵاوی لێبووە و پێیان وتووە زەی قار بۆیە بە ناوی جەنگەکەوە ناونراوە، هەندێک لە پسپۆڕان واتایەکی ڕاستتر پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن وشەی زەی قاڕ کە لە زمانی عەرەبیدا بە واتای "قەتران" دێت، لە کۆندا خاکی ناوچەکە بە قەتران دەوڵەمەند بووە و ئەو ماددەیە لە دروستکردنی تەلار و بیناکان زۆر بەکارهێنراوە، بۆیە هەر بەو ناوەوە ناونراوە.
ـ شاری زەی قاڕ مێژوویەکی دێرینی هەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا، شاری زەی قاڕ شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە (سەلامی خودای لەسەر بێت).
ـ زۆرێک لە شارستانییەتە دێرینەکان نیشتەجێی ناوچەکە بوونە، نموونەی سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان و بابلییەکان.
ـ لە سەردەمی ئاشوورییەکان ناوچەکە بایەخێکی زۆری هەبووە، چوونکە سەرچاوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی بووە.
ـ لە ساڵی 1915 دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قورس، ئینگلیز توانی شارەکە داگیر بکات، زیاتر لە هەزار سەربازی عوسمانییەکانی تێدا کوژرا.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن شارەکە لە "ڕاپەڕینی شەعبانییە" دژی حکومەت بەشداری کرد.
ـ لە ساڵی 2003 شارەکە کەوتەژێر داگیرکاری ئەمریکا، بەهۆی بۆردمانەکانەوە چەندان شوێنی گرنگی خاپوور کراوە، نموونەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەباکەی کە لە بەشی باشووری ڕۆئاوای شارەکەیە، لە ساڵی حەفتاکان بنیاتنرابوو کارەبای زۆرێک لە ناوچەکانی عێراقی دابینکردووە، بەڵام بە بیانووی بوونی ماددەی کیمیایی بەر بۆردمانی هێزەکانی ئەمریکا کەوتووە، هەروەها شوێنەواری دێرینی زەقوڕەی ئۆر کە شوێنێکی مێژوویی دێرینە زیانی بەرکەوتووە. 

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئاینی ئیسلامن و لەسەر ڕێبازی شیعە مەزهەبن، هەروەها ژمارەیەک لە پەیڕەوانی ئاینی سابیئە و مەندائی لەو شارە بوونی هەیە، لە گرنگترین شارەکانی عێراقە کە چەند مەزار و حوسەینییەکی تایبەت بە ئاینی شیعەکانی تێدایە نموونەی حوسەینییەی ئیمام موسای کازم و حوسەینییەی ئیمام مەهدی و حوسەینییەی زەهرا، خەڵکی لە بۆنە و یادەکاندا سەردانی ئەو مەزارنە دەکەن، لەو شارە زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی کۆتا سەرژمێرییەکانی عێراق ژمارەی دانشتوانکەی نزیکەی 2,095,172 کەسن، هەروەها کۆمەڵێک هۆز و عەشیرەتی ناوداری عەرەبی دانشتووی شارەکەن. 

شوێنە گرنگەکانی زەی قاڕ

ـ زۆنگ و زەلکاوە ئاوییەکان: زۆنگ و زەلکاوە ئاوییەکانی عێراق شوێنی جوگرافییەکەی هاوشێوەی سێگۆشەیەک پێکهاتووە لەنێوان بەسڕە و میسان و زەی قاڕ و عەمماڕە، کۆی گشتی ڕووبەرەکەی لەنێوان 9,000 بۆ 20,000 كيلۆمەتر دووجایە، سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمی ماسییە، هەروەها ژینگەکەی یارمەتیدەر و لەبارە بۆ چەند بەروبوومێکی کشتوکاڵی نموونەی قامیشی شەکر و برنج
ـ زەقوڕەی ئور: زەقوڕەی ئور یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق، نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری ناسڕییەوە دوورە، لە ساڵی 2050ی پێش زایین لە سەردەمی سۆمەرییەکان لایەن دامەزرێنەری ئوری سێیەم دروستکراوە و وەکوو پەرستگا و شوێنی تایبەتی خواوەندەکان دانراوە، بەرزییەکەی 14 مەترە، لە سێ نهۆم پێکهاتووە، لە سەردەمی ئاشوورییەکان فراوان کراوەتەوە و کراوە بەحەوت نهۆم، لەدوای خاپوورکرنی لە سەردەمی بابلییەکان نوێ کراوەتەوە و دووبارە دروستکراوەتەوە.


سەرچاوەکان



641 بینین