ترسان له ئاژەڵ لای منداڵان 

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-25-16:15:00 - کۆدی بابەت: 7387
ترسان له ئاژەڵ لای منداڵان 

ناوه‌ڕۆك

بۆچی منداڵان لە ئاژەڵ دەترسن؟

ترس له ئاژەڵان (بە ئینگلیزی: zoophobia) بە ترسانێکی زۆر و نائاسایی دەگوترێت له جۆرێکی تایبەتی ئاژەڵ یان له هەموو ئاژەڵان، ئەم ترسە کەمتر لە گەورەکاندا دەبینرێت، ترس له هەندێ ئاژەڵی وەکوو ورچ یان قرش ئاساییە و کاریگەری لەسەر ژیانی ئاسایی نابێت بەڵام بۆ منداڵێک کە ترسی له ئاژەڵ هەیە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەر ئاژەڵێک یان ڕاکردن لێی دەبێتە هۆی ترسێکی زیاتر و نائاسایی لای منداڵەکە، زۆرێک لە منداڵان ئاژەڵەکانیان خۆشدەوێت و پەیوەندی دروست دەکەن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکاندا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی تر لە منداڵان لە ئاژەڵ دەترسن، ئەم ترسە بە شێوەیەکی ئاسایی لە 3 ساڵیدا دروست دەبێت، لەگەڵ گەورەبوون و گەشەی منداڵ و نزیکی لە ئاژەڵەوە و ڕاهاتن لەگەڵیان ئەم ترسە بەپێی کات نامێنێت، پلەی ترسانی منداڵ لە ئاژەڵ جیاوازە، بۆ نموونە ترسانی منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ئاژەڵ سادە و ئاساییە و بەهۆی نامۆبوون و سەیری ئاژەڵەکەیە لای منداڵەکان، بۆیە ترسی ماوە کەم لە تەمەنی زۆر کەمدا لای منداڵان ئاساییە و جێگای نیگەرانی نییە، بەڵام ئەم ترسە بە نائاسایی لای هەندێک منداڵ زۆرتر دەبێت بەشێوەیەک کە دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی و کارەکانی لە قوتابخانە و بەرکەوتنی لەگەڵ کەسانی تر.

نیشانەکانی ترسانی منداڵ له ئاژەڵ

  • دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە ڕەنگە ئاژەڵی لێبێت.
  • شڵەژان یان سترێس لە لای ئاژەڵەوە یان بیرکردنەوە لێی.
  • تەنگە نەفەسی.
  • گریان
  • نووسان بە دایک و باوکەوە.
  • توڕەبوون لەکاتی بینینی ئاژەڵاندا.
  • خۆشاردنەوە.

هۆکارەکانی ترسانی منداڵ لە ئاژەڵەکان

  1. ئەزموونێکی ناخۆش لە ڕابروودا: ئەم ئەزموونەش دەکرێت هێرشێکی ئاژەڵەکە بێت بۆ سەر منداڵەکە یان بۆ سەر کەسێکی تر و منداڵەکە بینیبێتی، بۆ نموونە ئەگەر پشیلەیەک یان سەگێک هێرش بکاتە سەر منداڵێک رەنگە ببێتە هۆی ترسانی هەمیشەیی ئەو منداڵە له سەگ یان پشیلە.
  2. گەورەکردنی ترسەکە و گشتگیرکردنی: گەروەکردنی ترس جۆرێک لە خەیاڵکردنە کە وا لە کەسەکە دەکات بڕوا بە هەندێ شت بهێنێت تەنها لەڕێی بینینی شتێکەوە، بۆ نموونە منداڵێک دەبینیت سەگ هێرشی کردوەتەوە سەر کچی دراوسێکەیان، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ترسانی لەو ئاژەڵە و وا بیردەکاتەوە کە هەموو سەگەکانی تریش هێرش دەکەنە سەر کەسەکان.
  3. لەڕێگای فێربوونەوە: زۆرێک لە منداڵان لە دایک و باوکیانەوە فێری ترس دەبن لە ئاژەڵ، بۆ نموونە ئەگەر دایک له کاتی بینینی مشک بقیژێنێت و بترسێت منداڵەکەش فێردەبێت کاتێ مشکی بینی بترسێت و بقیژێنێت، ئەمەش بەپێی کات دەگۆڕێت بۆ فۆبیا.

چارەسەرکردنی ترسی منداڵ له ئاژەڵ

  •  قسەکردن دەربارەی ترسەکە بە شێوازێکی ئارام و بەبێ سترێس.
  • یارمەتیدانی منداڵ بۆ ئامادەکردنی لیستێک سەبارەت بەو کاتانەی له ئاژەڵ ترساوە.
  • ڕیزبەندیکردنی ئەو شتانەی دەبێتە هۆی ترسان و نیگەرانبوونی منداڵ لە ترسناکەوە بۆ ترسناکترین.
  • هێواش هێواش منداڵ ڕووبەڕووی ئەو شوێن و بارودۆخانە دەکرێتەوە کە کەمتر لێی دەترسێت، بە تێپەڕبوونی کات ڕووبەڕووی گەورەترین ترسی دەکرێتەوە.
  • فێرکردنی هەندێک تەکنیک بۆ ئارامبوونەوە وەکوو ڕاهێنانی هەناسەی قوڵ.
  • هاندانی منداڵ بۆ ئەوەی بیر لە شتی نەرێنی نەکاتەوە سەبارەت بە ئاژەڵ.

خۆشبەختانە ترسان لە ئاژەڵ لە منداڵاندا بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت و بەپێی کات دەکرێت چارەسەر بکرێت، تەنها ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە ڕێگا نەدەن ترس له ئاژەڵ کاریگەری بکاتە سەر ژیانی خۆتان و منداڵەکەتان، زۆر زوو بۆ چارەسەرکردنی یارمەتی لە دەروونناسی منداڵ وەربگرن و بارودۆخەکە چارەسەر بکەن.


سەرچاوەکان



526 بینین